میدیای تەقلیدی بەرەو کۆتایی دەچێت. میدیای مایکی بەردەم بەرپرسان، کە دیاردەی هەرە سەرەکی کوردستانە، سەردەمی بەسەر چوە.
یەکێک لەو شێوازە میدیایانەی لە دونیادا لە گەشەی خێرادایە پۆدکاستە. پۆدکاست کۆمەڵێک ئاماژە و مانای هەیە. بۆ پۆدکاست؟
یەکەم، خەڵکی بە گشتی باوەڕ بە میدیای تەقلیدی ناکەن. میدیای تەقلیدی میدیایەکی ئامادەکراوی ڕازاوەی بێ ناوەڕۆکە، کە بەشی هەرە زۆری درۆیە. درۆ لە جلوبەرگ، لە دەربڕین، لە پەیوەندیکردن و هەموو ناوەڕۆکەکەی.
دووەم، وەها دیارە سەردەمی کورت و پوخت و خێرا بە سەر چوو بۆ قسە کردن لە سەر هەموو شتێک. دیاردەی بە هەواڵکردنی هەموو شتێک مایەی هەژارییەکی مەعریفی زۆرە.
سێیەم، پۆدکاست بە سروشت درێژە، سروشتییە، لە گفتوگۆی ئاسایی دەچێت. زۆر جار بابەتێک هەیە مشتومڕی لە سەر دەکرێت، نەک تەنها بە خێرایی لە ڕێگای ڕوداوێکەوە پەیامێک یان ئایدەلۆژیایەک بگەیەنرێت. وەک میدیای تەقلیدی دەیکرد.
چوارهەم، پۆدکاست وابزانم لە دونیای کوردیدا بونی هەیە، بەڵام هێشتا لە پەراوێزدایە. دونیای کوردی ئامادەنیە بۆ پۆدکاست چونکە بە دەگمەن کەسێک هەیە کە بتوانێت بە قوڵی لە بوارێک بدوێت.
ئەمڕۆ لە ئەمریکا مشتومڕێکی زۆر چڕ لە ئارادایە لە سەر زۆربەی زۆری بوارەکانی ژیان و ژیار و ئایدیاکان. بواری ئەم مشتومڕە پۆدکاست و سەبستاکە.