هەڵات لاز
محمد فائق
کە لە دایک بوو، ناوچەکە بۆنی بارووتی جەنگەکان، برسێتی و نەهامەتیی لێ دەهات. تیۆرێکی کەسێتی هەیە دەڵێت: "ئەوانەی لە دۆخی جەنگدا گەورە دەبن، زۆرێکیان دەبنە ئاشتیخوازی گەورە،" ئەمیش بارووتی تەنێ وەک تێکدەری ژیانی منداڵیی خۆی و منداڵانی کورد نەبینی، بەڵکوو دواتریش کردیە کەرەستەی ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و دەریچەیەک تا منداڵانی داهاتوو بێبەش نەبن لە خەونەکانیان. هێشتا هەرزەکار بوو، دوژمن هاوڕێ لەگەڵ خانەوادەکەیدا، زێدبەدەر و زیندانی دەکات، کەچی ئەو لە دەرەوەی کوردستان و لە پشت شیشی زیندان و ڕێنماییەکانی باوکیەوە، ماناکانی ئاشتی و نیشتمان بە قووڵی دەدۆزێتەوە. کاتێکیش باوکی کۆچی دوایی دەکات، زۆرێک گرەو لەسەر کەوتن و شکستی کورد و بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکەی دەکەن؛ بەڵام خۆی و براکەی لە ڕووناکیی وەسیەتەکەی باب و ڕێبەرەکەیاندا: "بەردەوام هەردووکتان پێکەوەبن، ئاخر ئەگەر جیابن ئەوەیشی بەدەستهاتووە تێکی دەدەن،" شان لەژێر بەرپرسیارێتییە قورسەکان دەنێن و شۆڕشی کورد نەک هەر ناکەوێت، بگرە دەبێتە هەوێنی سەرجەم پرۆسەکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا تاکوو ئەمڕۆ: مرۆڤی مەزن بەوجۆرەیە، مەرامی دوژمن پێچەوانە دەکاتەوە.
ئاشتیخوازیی خەونە، خەونیش گشت ڕێگەکان دەگرێتەبەر تا بەدیبێت. لە ساڵی ١٩٧٠، هاوشانی باوک و براکەی؛ گەرچی دەیشزانن حکوومەت ڕاستگۆ نییە، هەموو هەوڵێک دەدەن ئاشتی و سەقامگیریی بۆ کورد دەستەبەر بکەن: ڕێککەوتنی ١١ی ئادار دێتە بوون. حکوومەت هەوڵی تیرۆرکردنی دەدات، بەڵام ئەم ڕۆحی خۆی دەخاتە گرەوی مافەکانی خەڵکی کوردستانەوە، بێ وەستان هەوڵ دەدات ئاشتی بەردەوام بێت و ڕەنجی میللـەت بەر بگرێت. پازدە ساڵێک دوای ئەوە، لە دۆخێکدا کە حزبە کوردییەکان هەموو چنگوڵیان لە یەک گرتووە و ماندوون، کەچی لەسەر خوانی (ئاشتی) کۆیان دەکاتەوە و بەرژەوەندیی باڵای گەل دەکاتە هەتوانی برینەکان. ئەوە بۆیە هەمووان لە باسەکانی ئاشتیدا، بە شکۆوە ناوی دەهێنن.
ئێوارانێک، دڵ بۆ دیداری خودا بانگی دەکات. دیدار بێ نووری ڕووخسار بەجێ نایەت، دەستنوێژ هەڵدەگرێت، هەر بەو دەستنوێژەشەوە جیهانی ئێمە بەرەو دنیای هەرمان جێدەهێڵێت. بەڵام لەدوای خۆی، ڕێگەی ئاشتی، تەبایی و پێکەوەژیان وەک میراتێکی بەنرخ بۆ منداڵ و نەوەکانی جێدەهێڵێت. ئەو بە جەستە بەجێی هێشتین، بەڵام بە بیر و باوەڕ لە دڵی هەموو مرۆڤێکی ئاشتیخوازدا دەمێنێتەوە، ئەوەتا ئەم ماڵئاواییە هێندە کار لە سەرۆک مەسعوود بارزانی دەکات کە بە دڵێکی پڕ لە خەمەوە بڵێت: "برا گیان، بریا من لە جێی تۆ دەبووم".
ئیدریس موستەفا بارزانی، سەرکردەی هەمیشە زیندووی پرۆسەی سیاسەت و خەباتی ڕزگارییخوازیی کوردستان، کە هاوشانی بارزانیی نەمر و سەرۆک بارزانی، جێ پەنجەی بە ڕەوتی سیاسەتی ئازادیخوازانە و ئاشتیخوازانەی کوردەوە دیارە. کاراکتەری کاک ئیدریس تێکەڵەیەک بوو لە سەرکەوتنی سیاسی و سەربازی. بارتەقای دەستکەوتە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی، خاڵی گەش لە ئەزموونە سەربازییەکانیدا هەن دژ بە دوژمنانی کوردستان، بەڵام لەبەر ئەوەی دەستپێشخەرییەکانی بۆ ئاشتی لە چرکەساتی هەستیار و گرنگی خەباتی گەلی کوردستاندا بوون؛ بۆ هەمیشە نازناوی ئەندازیاری ئاشتیی بەدەستهێنا!