دواین هەواڵ

سووريا لە ئەسەد و بەعسەوە بۆ جۆلانی و قاعيدە

‌رەنج نەوزاد

8 کاتژمێر پێش ئێستا

لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە، چوار جۆر لە حوکم و بەڕێوبردن و دۆخی سياسی هەیە: ستەمکاری و شەڕی ناوخۆ و تيرۆر و حکومەتی گەندەڵ (لاواز و شکستخواردوو). کودەتا و شۆرشەکان و ململانێ لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسيۆن لەسەر ئەم چوار ستايلەیە.

 

بۆ نموونە لە سووريا، ئەسەدی ستەمکار هەبوو، پاشان دۆخی شەڕی ناوخۆ، ئێستا حوکمی تيرۆريستەکان. لە ليبيا و یەمەن لە ستەمکارييەوە بۆ شەڕی ناوخۆ و فەوزا. لە تونس لە ستەمکارەوە بۆ ستەمکار. لە ميسر لە ستەمکارييەوە بۆ حوکمی تيرۆری ئيخوانی پاشان دووبارە بۆ ستەمکاری. لە عيراق لە ستەمکارييەوە بۆ شەڕی ناوخۆ و فەوزا پاشان بۆ دەسەڵاتێک کە تێکەڵەیەکە لە ستايلی حوکمی گەندەڵ (لاواز و شکستخواردوو) لەگەڵ حوکمی تيرۆری شيعی. لە ئێران لە شای ستەمکارەوە بۆ ئاخوندی تيرۆريست.ئەفغانستان ساڵانێکی زۆرە لە نێوان ستايلی دەسەڵاتی گەندەڵ (شکستخواردوو) و دەسەڵاتێکی تيرۆر تەراتێن دەکات. باشترين نموونە بە براورد بەوانی تر، دەسەڵاتە ستەمکارەکانی دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی کەنداوی عەرەبييە. هەر گۆڕانکارييەک لەو وڵاتانە ڕووبدات، بە ئەگەری زۆرەوە ئەنجامەکەی فەوزا یان تيرۆر یانی دەسەڵاتی گەندەڵ دەبێت. بێ گومان گەندەڵی یەکێکە لە خاسيەتەکانی سێ ستايلەکەی تريش. ئيسرائيل و تا ڕادەیەک تورکيا (بۆ هاووڵاتييان تورک نەک کورد) دوو نموونەی جياوازن لە ناوچەکەدا.

کولتور و جيهانبينی و سايکۆلۆژیا و سيستەمی ئەخلاقی کۆمەڵگەکان هۆکارێکی سەرەکييە بۆ ئەم دۆخە نالەبارەی سياسەت لە ناوچەکەدا. زۆربەی کات خەڵک پێی وایە کێشەکە بريتييە لە سەرۆک، یان پادشا، یان حکومەت و حيزب و گروپێکی دياريکراو، بەڵام کاتێک گروپێک هەر لەناو ئەو خەڵکەوە دەگاتە دەسەڵات، پاش ماوەیەک یەکێک لەو چوار سيناريۆیە دووبارە دەبێتەوە، دووبارە خەڵکەکە دەست دەکەنەوە بە گلەیی و ناڕەزایەتی. لە کاتێکدا هۆکاری ئەو دۆخەی دەسەڵات، ئەو خەڵکە خۆیەتی. هۆکارێکی سەرەکی تر بريتييە لە لاوازی و نەبوون، یان شێوەیەکی دياريکراو لە کولتور و کاری دەزگا. چەمکی دەزگا لە زانستە مرۆییەکانی ئەم سەردەمە ڕۆڵێکی گرنگی پێدراوە لە شێوەی ژیان و حوکم لە کۆمەڵگەکان.

لە سووريا، دوای ١٤ ساڵ لە کووشتار و قوربانيدان و کارەسات، سەرکەوتووبوون لەوەی لە بەعسی ستەمکارەوە بگەن بە قۆناغی حوکمی تيرۆر و قاعيدە. لە ئايندەیەکی نزيک هەر خەڵک دووبارە دەست دەکاتەوە بە ناڕەزایەتی، بۆیە دوور نييە سوريا دووبارە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ستەمکاری، یان شەڕی ناوخۆ، یان حکومەتێکی شکستخواردوو. چونکە زەمینە و فاکتەرە سەرەکييەکانی حوکمێکی تەندروست بوونی نييە، سەدان گروپ و کەس و حکومەتی تر تاقی بکرێنەوە، ئەنجامەکەی هەر ئەو چوار سيناريۆیە دەبێت. بۆ نموونە خێزانی ئەسەد، هاوشێوەی ئەحمەد شەرع، بێ دەنگدان و لە ڕێگەی کودەتا و خۆ سەپاندن و چەکەوە، خۆیان کردە سەرۆکی وڵات.

خولانەوە لەناو ئەم بازنەیە بەردەوام دەبێت تا هەندێک ريفۆرم و گۆڕانکاری ڕيشەیی لە ژێری ژێرەوە، لە کۆمەڵگا و سيستەمی ئەخلاقی و کولتور ڕوودەدات. دەکرێت حکومەتێک یان گروپیکی سياسی دەستپێشخەری بکەن لەو ريفۆڕمە، بەڵام قوورسە. چونکە پرۆسەیەکی درێژ و ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە، تەنيا پرۆسەیەکی حکومی و سياسی نييە.

سەبارەت ڕۆژئاوای کوردستان. وا ديارە لەو جۆرە کۆبوونەوە و مەراسيم و بڕيارانەی دەدرێن لەبارەی سەرۆک و حکومەت و سوپای سووريا، زۆربەی گروپە عەرەبييە سوونييەکان بەشدارن. تەنانەت سوپای ئازادی سووريا، کە هاوشێوەی هەسەدە نزيک و دۆستی ئەمريکایە، دوێنێ بەشداربوو. چەند پێکهاتەیەک بەشدار نين، یان خۆیان بەدوور دەگرن، لەوانەشە بانگهێشت نەکرێن. ئەوانيش کورد و دروز و عەلەوی و مەسيحييەکانن. ئاشکرایە کورد بەهیزترينە (هەسەدە بەهێزترين گروپە لەناو سووريا)، دروزەکان لە هەمووان زیاتر پارێزراوترن بە هۆی ئيسرائيلەوە. عەلەویيەکان بێ کەس کەوتوون، مەسيحييەکان گروپی سياسی و چەکداریی ئەوتۆیان نييە، زیاتر پشت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەستن بۆ خۆ پاراستن. ئەمە ئاماژەیەکە سوریای نوێ تەنيا هی ئەوانە دەبێت کە لە جۆلانييەوە نزيکن و لەژێر فەرمانی دەبن. هەر وەها عەلەوييەکان لەوانی تر زیاتر ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دەبن.

ئەگەر کورد چەک دانێت و ئەمريکاش بکشێتەوە، وەک عەلەوييەکانی بەسەر دێت. بۆیە پێويستە هەوڵبدرێت کورد و دروز و ئيسرائيل ڕێککەوتنێکی فەرمی و جدی بکەن، بەو مەرجەی ئيسرائيل هاوشێوەی دروزەکان، پابەند بێت بە بەرگری کردن لە ناوچە کوردييەکان. بێ گومان بە پێی عەقيدەی سەربازیی ئيسرائيل، سوپای بەرگری ئيسرائيل بۆ کەسی تر ناچێتە شەڕەوە، بەڵام ئيسرائيل دەتوانێت ئەو ئەرکە بە ئەمريکا بسپێرێت. چونکە تاکە دەوڵەتی جيهانە توانای هەیە ئەمريکا بەکاربهێنێت و ئاڕاستەی بکات بۆ هەندێک پرس.

لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی مەزڵوم کۆبانێ، ئاماژەی بەوە کرد کە هەسەدە بانگێشت نەکراوە بۆ کۆبوونەوەی گروپە چەکدارييەکانی سووريا کە ماوەی پێشوو لە ديمەشق کرا. لەوانەیە بۆ مەراسيمەکانی تريش بانگهێشت نەکرێت. جۆلانی خۆی یەک لاکردووەتەوە کورد بەم شێوەیە قبوڵ ناکات، ئەو کوردێکی لاواز و ملکەچی دەوێت، نەک کوردێک خاوەن هێزێک بێت زۆر لە تەحريری شام بەهێزتر.

لە ناو سووريا وێنەیەک درووستکراوە، بە تايبەت لە لایەن لایەنگرانی جۆلان و چەتەکانی تورکياوە، گوایە کورد و دروزەکان سەر بە ئيسرائيلن. ئەمە لە کاتێکدایە جۆلانی خۆی بە هۆی ئيسرائيلەوە بووە سەرۆکی سووريا. ئێستاش سوورييەکانی بەرەی مقاوەمە پێی دەڵێن سەگەکەی نەتانياهۆ. تورکيا و هەموو ئۆپۆزسيۆنی سووريا ١٤ ساڵ نەیانتوانی ئەسەد لاببەن. ئەردۆگان دوو ساڵە دەپاڕایەوە کە لەگەڵ بەشار دانيشێت. ئەوەی ئەردۆگان و جۆلانی بۆ ئيسرائيليان کرد و ئيسرائيل بۆ ئەوانی کرد، کورد نيوەی ئەوە بکات، هەر توتکە ئيسلامييە کوردەکان خۆیان دەيکەن بە حەپە حەپ و هەرا. پێويستە کورد لە ميدياکان و لە سۆشيال ميديا بەو شێوەیە وەڵامی سوورييەکان بدەنەوە کە سەگەکانی مۆساد وەک ئەردۆگان و جۆلانی ئيتر بۆیان نييە پەيوەندی لەگەڵ ئيسرائيل بکەن بە ئامرازی تەخوين و تۆمەت و پڕوپاگەندە.

بە گشتی هەبوونی حکومەت و سەرۆکێکی لەم شێوەیە لە سووريا بۆ کورد دەکرێت سوودی هەبێت. حکومەت و سەرۆکێکی کۆنە قاعيدە و داعش، ئاسان نييە لە ماوەیەکی کورت ئيعترافی پێ بکرێت و سزاکانی سەر سووريا لاببەن. ئەمە ئەگەری مانەوەی ئەمريکا و پشتگيریيەکەی بۆ هەسەدە زیاتر دەکات. مانەوەی سزاکانی سەر سووريا، ڕێگری دەبێت لەبەردەم بەهێزبوونی سووريا وەک حکومەت و سوپا. جگە لەوەی ئەم جۆرە حکومەتە هەميشە لەبەردەم ئەگەری شەڕی ناوخۆ و شەڕی گروپەکانی ناو تيرۆری سووننييە لەگەڵ یەکتر. هەسەدە پاساوێکی لۆژيکی دەبێت کە چۆن چەک دابنێت لە کاتێکدا کۆنە قاعيدە و کۆنە داعش سوپا و حکومەتی سووريا بەڕێوە دەبەن.

لەگەڵ ئەوەی باسکرا، پێويستە هەسەدە بەردەوامی بدات بە گفتوگۆ و دانوستانەکانی لەگەڵ جۆلانی، بێ هيچ سازشکردنێک. تا ئێستا جۆلانی نايەوێت شەڕی کورد بکات، ئەوە خاڵێکی گرنگە. بێ گومان چاوەڕێ دەکات ئەمريکا بکشێتەوە و پاشان لەگەڵ تورکيا هێرشێکی فراوان دەکەنە سەر رۆژئاوای کوردستان. بەڵام تا ئەو کاتە، درووستکردنی پەيوەندييەکی ئاشتيانە و دوور لە ململانێ لەگەڵ جۆلانی کارێکی پێويست و گرنگە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP