دواین هەواڵ

تێگەیشتن لە ئێران و ئیسرائیل

‌د.سەردار عەزیز

5 رۆژ پێش ئێستا

هەست دەکەم بۆ زۆرێک لە کورد ئاسان نیە لە ڕەفتاری ئێران و ئیسرائیل تێبگەن. لێرەدا هەوڵدەدەم کرۆکی ئەم خراپ تێگەیشتنە لە ڕێگای چەمکی نیشتمان و دەوڵەتەوە ڕاڤە بکەم.

لای و کورد و عەرەب چەمکی دەوڵەت بونی نیە. کاتێک عێراقییەکان لە تشریندا خۆپێشاندانیان کرد دروشمی سەرەکییان داواکاری نیشتمان بوو (نرید الوطن)

لای کورد ئەمە زیاتر بڵاوە. بۆ نمونە کاتێک بەختیار عەلی گلەیی لە سیستەمی سیاسی و ڕەفتاری سیاسی و دەزگاکان دەکات، گلەییەکانی ئاراستەی نیشتمان دەکات وەک لە قەسیدەی نیشتماندا دەنوسێت:

ئەی وڵاتم.. ئەگەر فێر ببومایە مار چۆن دەروات، وا دەڕۆیشتم/دەمەوێت بەلەشە شێدارەکەت بگەم و لە ناو برینەکانتدا پەپکە بخۆم.

ئەمە لە دونیای عەرەبیشدا باوە شاعیری سوریی ناسراو محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا.

نەبونی چەمکی دەوڵەت لە ئاگایی خەڵکی وەک کورد و عەرەبدا، نەبونی دەوڵەت خۆیەتی. دیدی دەوڵەتی زۆر زۆر جودایە لە دیدی نیشتمانی. دیدی دەوڵەتی دیدی کارگێڕییە، بریتیە لە پرۆسەی پێکەوەگرێدانی ناوەندە زۆرەکانی هێز لە پێناو مانەوە و بەهێزکردنی دەوڵەت. دەوڵەت بە تەعبیری بۆردۆییانە، کێڵگەی کارگێڕییە. کەواتە پرۆسەی چالاکبونی مرۆڤەکانە لە میانەی هێز و ململانێ و بەرژەوەندیی و ئامانجەکاندا.

بەڵام نیشتمان بە پێچەوانەی دەوڵەتەوە یەکەیەکی پەسیڤە. نیشتمان خاکە، سامانە، سروشتی ئەو خاکەیە. لە هەمانکاتدا پەیوەستبوون یان پەیوەستنەبوونە، بەڵام ئەمەیان بون و نەبونی لە میانەی کایەی دەوڵەتەوە دەبێت. ئەوە دەوڵەتە چۆنێتی پەیوەستبونی مرۆڤەکان بە نیشتمانەوە بەرجەستە دەکات.

عێراقییەکان دەوڵەتیان دەوێت هەتا هەست بکەن کە نیشتمانیان هەیە. ماخوت ماڵێکی دەوێت هەتا پەیوەست بێت بە نیشتمانەوە. نیشتمان خۆی ناتوانێت ئەم ماڵە دابین بکات، بەڵکو ئەوە سیستەمی کارگێریی وڵاتە ئەوە فەراهەم دەکات.
ئەم بۆشاییە فیکرییە بە قوڵی لە قەسیدەی نیشتمانی بەختیار عەلیشدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەمە تەنها پیشەی نوخبە نیە، بەڵکو عەوامیش بە هەمانجۆرە.

چەندین جار بە چاوەکانی خۆم دیومە کە خەڵکی پیسایی فڕێ دەدەنە سەر خاک، وەک جۆرێک لە سزا بۆ یەکێتی و پارتی یان سیستەمی حکومەت. ئەم سزادانی نیشتمان بۆ سزادانی حکومەت یان دەوڵەت دیسانەوە ڕەگی لەو خراپ ئاگاییەدا هەیە کە نازانێت دەوڵەت چیە.

ئێران و ئیسرائیل دەوڵەتن و دەوڵەتیانە ڕەفتار دەکەن. ڕەفتاری دەوڵەتی خوازیاری مانەوە و بەهێزکردنی دەوڵەتە. خوازیاری نیشتمانی توانای وێناکردنی ڕەهەندە ئاڵۆزەکانی پرسەکانی نیە، بەڵکو لە پەرچەکردارێکی پریمەتیڤدا دەژیی.

بۆیە کاتێک ئەم دوو دەوڵەتە وەک یەک ڕەفتار دەکەن، دەزانن چۆن ئامرازەکانیان بەکاربەرن و خەڵکانی نادەوڵەتی بەکاربەرن بۆ فەراهەمکردنی ئامانجە دەوڵەتییەکانی خۆیان خەڵکی وەها دەزانن وەک یەکن یان نزیکن. چونکە هەردوکیان ڕەفتاری دەوڵەتییان هەیە. ڕەفتاری کارگێریی و بەڕێوەبردن و سودبینین و خۆ پاراستن لە تێکەڵاوکردنی دۆ و دۆشاو.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP