تورکیا و کورد چی گۆڕا؟
هەتا ماوەیەکی کەم لەمەوپێش ئەو تێزەی کە پێشەنگی دونیابینی جیوپۆلەتیکی نوخبەی دەسەڵاتی دەکرد لە ئەنکەرە، ئەوەبوو کە ئەمریکا لاواز دەبێت، لە ناوچەکە دەکشێتەوە و ڕۆڵی کەم دەبێتەوە، ئەمە دەرفەتێک بۆ ئەوان دەڕەخسێنێت هەتا ببن بە هێزێکی ئیقلیمی. ئەم دونیابینییە پاڵنەری ئەو سیاسەتەی تورکیا بوو کە وەک وڵاتێکی خاوەن بڕیاری خۆی ڕەفتار بکات، هەرچەندە ئەندامی ناتۆیە، بەڵام خۆی بە تەواوی پەیوەست نەکات بەو هاوپەیمانییەوە، چونکە ئەگەر لە ڕابوردودا تورکیا پێویستی بە ناتۆ بوو، ئێستا ناتۆ پێویستی بە تورکیایە.
وەک دەمانبینی تورکیا لەم ڕەفتارەیەدا هەوڵی دەدا لە ڕوسیا و چین و ئێران و وڵاتاتی بریکس نزیک بێتەوە. سڵ نەکاتەوە لە دژایەتی ئەو پرۆژانەی کە لە لایەن ڕۆژئاواوە کاریان بۆ دەکرا، بۆ نمونە پرۆژەی هیند-ئەوروپا، کە تورکیای کەنارگیر دەکرد.
لە هەمانکاتدا تورکیا لە ناوچەکەدا وەها مامەڵەی دەکرد کە هێزەکانی ناوچەکە لاواز دەبن و ئەم وەک هێزێکی مامناوەندی ئیقلیمی دەتوانێت بە سەر ناوچەکەدا زاڵ بێت. دەستوەردان لە سوریا، پرۆژەی گەشە، هەوڵی بۆ چارەسەری پرسی کورد بە سەربازیی، هەروەها گەیشتن بە وڵاتانی کەنداو، هەموو بەشێک بوون لەم ستراتیژە.
بەڵام کاتێک بزوتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، دۆخەکە گۆڕا. وەک چۆن پێشتر بەهاری عەرەبی پرۆژەی داودئۆغلۆی تێکشکاند، هێرشەکەی حەماس، گۆڕانکاریی بە سەر ڕەفتاری ئیسرائیلدا هێناو ئەمریکای ناچارکرد بە گۆڕانی ڕەفتاریی.
ئیسرائیل بە پەشۆکانی لە ئەنجامی هێرشەکەی حەماس دەستیکرد بە جەنگێکی دڕ دژ بە هەموان. جەنگەکە بە چەند قۆناغێکدا ڕۆشت: یەکەم، تێکشکانی ڕەدعی ئیسرائیلی، وەک شارەزایەکی ئیسرائیلی گووتی، ساڵانێک بوو خۆمان وەک بەشێک لە مانهاتن دەبینی، لە پڕ خراینەوە ئەو دۆخەی کە جولەکەین. جولەکەبوون یانی بونی مەترسی و پلان بۆ لە ناوبردن.
پاشان مەترسی جەنگی ئەقلیمی، دوای ئەوە هەوڵدان بۆ درێژەدان بە جەنگەکە لە پێناو ئەوەی گوایە ئیسرائیل ئەگەر بە خێرایی سەرنەکەوێت توانای جەنگی درێژخایەنی نیە.
بەڵام لە یەک دوو مانگی ڕابوردودا سروشتی ململانێکان گۆڕان. دەستوپێوەندەکانی ئێران بە ئاسانی داڕوخان. مەترسی جەنگی ئیقلیمی لە ئارادا نیە وەک ئەوەی هێرش بێت بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵکو ئێستا بژاردەیەکی ئیسرائیلیە. لە هەمانکاتدا واشنتۆن هەڵوێستی گۆڕا بەوەی دۆخەکە لەوە خراپتر نابێت، بۆیە دەرفەتە بۆ لاوازکردنی ئێران.
بونی ئیسرائیل بە هێزی سەربازی باڵا و بونی پلانی هاوبەش بۆ لاوازکردنی نەیارەکانی، و ئامادەیی زۆربەی عەرەب بۆ قبوڵکردن و مامەڵەکردن لە گەڵیدا، تێزی تورکی کە لە سەر لاوازبونی ئەمریکا لە ناوچەکە بونیاندنرابوو ناچار بە پیاداچونەوە کرد.
کرانەوە بەرامبەر کورد لە میانەی ئەم گۆڕانکارییەدایە لە ناوچەکە. چونکە کورد و بە تایبەتی پانتاییە جوگرافیەکەی دەکرێت ڕۆڵی گەورە ببینێت لە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا.
بە هاتنەوەی ترەمپ ئەم پرۆژەیە خێراتر بەڕێوەدەچێت. بەڵام ئەگەر لە کەمالا هاریس بنواڕین بە تایبەتی لە دیدی ڕاوێژکارە نزیکەکانی وەک گۆردۆن فیلیپ بۆ نمونە خوازیاری ئەوەی کە ئەمریکا ڕۆڵێکی کەمتر لە دونیادا بگێڕێت. بەڵام ئەوەی بڕیاردەرە، ڕوداوەکانە.