دواین هەواڵ

دوای هەڵبژاردن پارتی چی بكات؟

‌كارزان گلی

1 رۆژ پێش ئێستا

دەركەوت پارتی، هێزی یەكەمە، وەكوو ئەوەی لە شڕۆڤەكانی پێشووترم پێشبینیم كردبوو، لە خراپترین بواردا ٤١ كورسی دەهێنێت و هەرواش دەرچوو، بەڵام هەڵبژاردن كۆتایی هات، ئەی دەبێت پارتی چی بكات و هەنگاوەكانی داهاتووی چی بێت؟ لەم چەند خاڵە روونی دەكەمەوە.

١. ئەم گوتەیە لە هەموو ئۆرگانێكی پارتی هەڵواسرێت ”ئەوەی لە رۆژە ناخۆشەكان لەگەڵت نەبوو، هەرگیز لەرۆژە خۆشەكاندا پلە و پایەی نەدرێتێ“. لەم هەڵبژاردنە كێ پشتی پارتی گرت، كێ رۆڵی هەبوو لە سەركەوتنی پارتی، كێ لە رۆژە ناخۆشەكان پشتی بەرنەدا و رێگەی سەركەوتنی نیشاندا، دەبێت ئەوانە پاداشت بكرێن و بهێنرێنە پێشەوە.

٢. ئەم سەركەوتنە، ئەگەرچی زۆر گرنگە، بەڵام نابێت پارتی بەم سەركەوتنە غروور بیگرێت، ئاساییە پێی سەربەرز بێت، بەڵام غرووری بەرەو دووڕیانێكی خراپی دەبات.

بۆ نموونە، ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٣، سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد، بەهۆی ئەوەی غرووری سیاسی گرتی، لە ٢٠٢٤، گەل سزایدا و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان شكستی هێنا، بۆیە پێویستە بەم سەركەوتنەی پارتی سەربەرز بین، نەك غروور بمانگرێت. بیرمان نەچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق یەك ساڵی ماوە، دەبێت لەم ماوەیەدا بیسەلمێنین كە سەركەوتنمان خستووەتە خزمەتی گەل و نیشتیمان.

٣. كابینەم دەیەم، دەبێت گۆڕانكاری زۆر گەورەی تێدا بكرێت، كەسانی شارەزا و لێهاتوو بهێنرێتە پێشەوە، پێویستە ئەو دەموچاوانەی ١٥ ساڵە لە پۆستە باڵاكانی حكوومەتن بگۆڕدرێن و كەسانی تر بهێنرێنە پێشەوە.

لە كابینەی پێشووتر، هەندێك كەس پۆستی باڵایان لە حكوومەتدا هەبوو، بەڕاستی شایەنی ئەو شوێنە نەبوون، پێویستە كەسانێك پۆستیان پێبدرێت شایەنی پۆستەكە بن، نەك شایەنی ئەو بەرپرسە بن كە دەیباتە پێشەوە.
جەنابی سەرۆك، گوتی ”رەخنەكانتان بخەنە دوای هەڵبژاردن“، بۆیە دوای هەڵبژاردن رەخنەكان دێنەوە بەرباس و دەبێت بەهەند وەربگیرێن.

٤. لەم هەڵبژاردنەدا میللەت رووی لە پارتی كرد، نابێت پارتی دوای هەڵبژاردن پشتیان تێ بكات. لە كاتی بانگەشەدا بەرپرسان زۆر بەباشی هاتنە ناو خەڵك و ببوون بەبەشێك لە خەڵك، ئەمە كاریگەریی زۆری لەسەر سندوقی دەنگدان هەبوو، بۆیە ئەو ریتمە دەبێت بەردەوامی هەبێت، چونكە مانەوەی پارتی لە لوتكەدا، هاتنە خوارەوەیەتی بۆ ئاستی خەڵك و دەبێت ئەو هەستە لای خەڵك دروست بكات، ئەوان بەشێكن لەپارتی.

٥. كابینەی داهاتوو، دروستكردنی متمانە بێت لە نێوان خەڵك و حكوومەت، چونكە لە هەموو حكوومەتەكانی دونیادا، ئەوكات كۆمەڵگەیەكی سەركەوتوو بەرهەم دێت، كاتێك متمانە لەنێوان خەڵك و حكوومەتدا دروست ببێت. نموونە كاتێك كۆڕۆنا بەرۆكی دونیای گرت، گەلی ئەورووپا دەیانگوت ئێمە ناترسین، چونكە متمانەمان بە حكوومەتەكەمان هەیە، باس لەو متمانەیە دەكەم كە گرنگە لەم كابینەیەدا دروست ببێت.

٦. دیارە ئەو خزمەتەی رێزدار كاك مەسروور كردی لە كابینەی پێشوو، كاری خۆی كرد و گەلیش وەڵامی دایەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە و نەوەكانی داهاتووشمان بەفەخرەوە باسی دەكەن گەر بكرێت، بیمەی تەندروستیی و پەروەردەیە.

زۆر زۆر گرنگە، ئیدی كەسێك نەخۆش بێت، ترسی نەبێت پارەی نەخۆشخانەی نەبێت، ترسی نەبێت لەبەر بێپارەیی نەتوانێت تیماری نەخۆشییەكەی خۆی بكات، دەبێت گرنگیدان بەكەرتی تەندروستیی ئەولەوییەتی كابینەی داهاتوو بێت. پەروەردەش بەهەمان شێوە، ناكرێت ئەوەی پارەی هەبێت منداڵەكەی لەقوتابخانەیەكی نموونەیی بێت و ئەوانەشی بێپارەن، نەتوانن منداڵەكانیان ببەنە قوتابخانەیەكی باش، دەبێت گرنگییەكی تەواو بەكەرتی پەروەردە بدرێت لەپاڵ تەندروستیدا.

٧. هەولێر سەلماندی كە قەڵای پارتییە، ئەوانەی دەیانگوت فەتحی هەولێر دەكەین، نەیانزانی بەر لەوان، خەڵكی هەولێر فەتحی دڵی پارتییان كردبوو، بۆیە پارتیش پەیمانیی خۆشەویستیی لەگەڵ هەولێر نوێ كردەوە، كەواتە دەبێت لە كابینەی داهاتوو، بیر لەوە بكرێتەوە ژینگەی هەولێر پاك بكرێتەوە، ئیدی لە هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەركی پارتییە هیچ مەجالێك بۆ لایەنی بەرامبەر نەهێڵێتەوە كە باس لە پیسی ژینگەی هەولێر بكەن، بەبۆچوونی من گرنگترین خزمەت كە پارتی بە هەولێری بكات، پاككردنی ژینگەكەیەتی، كە پێموایە ئەم ئەركە بە كاك مەسروور دەكرێت، چونكە هەمیشە لە ئەركە قورسەكاندا پێشەنگ و سەركەوتوو بووە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP