دواین هەواڵ

بۆچوونی خۆم لەبارەی كورسییەكانی پارتی

‌كارزان گلی

7 رۆژ پێش ئێستا

گوتەیەكی توركی هەیە دەڵێت: ”كێ ئیستانبۆڵی بردەوە، توركیای بردووەتەوە“، ئەم گوتەیە بۆ هەرێمی كوردستانیش دەگونجێت، بەوەی ”كێ هەولێر بباتەوە، هەرێمی كوردستانی بردووەتەوە“.

پارتی خزمەتێكی گەورەی هەولێری كردووە، هەر لە دروستكردنی شەقام و رێگەبان و پارك و زۆری تر، بەڵام ئەوەی خەونی گەورەی هەولێرییەكان بوو، دوو پڕۆژە بوو، هەر لایەنێك یان سەرۆك وەزیرانێك ئەو دوو پرۆژەیە جێبەجێ بكات، دەنگدەر لەبیری ناچێت و لەسەر سندوقی پاداشتی دەداتەوە:

یەكەم: چارەسەركردنی ئاوی پاكی هەولێرە، كە دەیان ساڵە ئەو كێشەیە هەیە و لە هاویناندا خەڵك بێئاوە و دەنگیان دژی حكوومەت بەرز كردووەتەوە.

رێزدار مەسروور بارزانی، توانی ئەو كێشە گەورە و بنەڕەتییەی هەولێر چارەسەر بكات، ئەویش بەراكێشانی ئاو لە زێی گەورە و چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ. پڕۆژەكە ساڵی داهاتوو كۆتایی پێدێت و ئیدی هەولێر، لەبێئاوای رزگاری دەبێت.

دووەم: رێگەی هەولێر _كۆیە، ئەو پڕۆژەیە خەونی هەموو هەولێری و كۆییەكە، بەیەكێ بە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكان دادەنرێت، كە نەوە دوای نەوە سوودی لێدەبینن.

كاك مەسروور، ئەو خەونەشی كردە راست و بەردی بناغەی دانا و بەستانداردی جیهانی دروست دەكرێت و هەولێر و كۆیە دەباتە قۆناغێكی تر.

بێگومان ئەم دوو پڕۆژە گەورە و ستراتیژە و دەیان پڕۆژەی تر بۆ هەولێر، كاریگەریی لەسەر سندوقی دەنگدان دەبێت، بۆیە پێم وایە، لەو ٣٢ كورسییەی هەولێر، جیا لە ٢ی كۆتا، دەنگەكانی پارتی بەو شێوەیەیە:

لەباشترین بواردا، ٢١ كورسی
لەخراپترین بواردا ١٨ كورسی
دهۆك

لەم كابینەیەدا، دهۆك لەڕووی خزمەتگوزارییەوە هەنگاوی زۆر گەورەی بڕیوە، دەكرێت بڵێین ئێستا خۆشترین و گونجاوترین و دڵڕفێنترین شاری عێڕاقە بۆ گەشتوگوزار، هەروەها لەڕووی پیشەسازی و كشتوكاڵ و رێگاوباندا، هەنگاوەكان جێگەی دڵخۆشی و مایەی شانازییە.

جیا لە دهۆك، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بووەتە ئەو شوێنەی بینینی لە تەلەڤزیۆنەوە سەرنجت رادەكێشێت و حەز دەكەیت سەردانی بكەیت و شوێنە دڵڕفێن و گەشتیارەكانی بەسەر بكەیتەوە، واتە ئەوەی لەم چوار ساڵە بۆ زاخۆ كراوە، بۆ خەڵكەكەی مایەی خەون بوو، هەرگیز بیریان لەوە نەدەكردەوە كە زاخۆ لەڕووی حزمەتگوزاری و گەشتیارییەوە بگاتە ئەو ئاستە بەرزە.

بۆیە پێموایە لە كۆی ٢٤ كورسی دهۆك، كە یەكیان كۆتایە، دەنگەكانی پارتی بەو شێوەیەیە:

لەباشترین بواردا ٢٠ كورسی
لەخراپترین بواردا ١٨ كورسی
سلێمانی

دەنگدەری پارتی لە سلێمانی، فشارێكی دەروونی زۆری لەسەرە، ئەمە جگە لەوەی لەڕووی ئیرهابی فیكرییەوە، بەردەوام گەمارۆ دراون و ناتوانن بەئارەزووی خۆیان بانگەشە بكەن و هەروەها لەڕووی رێكخستنیشەوە فشارەكان لەڕادەبەدەر گەورەن.

لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١، پارتی لە سلێمانی زیاتر لە ٥٤ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام دەنگی پارتی لە سلێمانی نزیك دەبێتەوە لە زیاتر لە ٩٠ هەزار دەنگ.

رەنگە بەشێكی دەنگدەرانی پارتی نەچووبنە سەر سندوق، یان هەر هۆكارێكی تر زانیاریم لەسەری نییە.

وەكوو ئەوەی دەزانم و هەستی پێدەكەم، دەنگی پارتی بەرز دەبێتەوە، بەدڵنیاییەوە وەكوو ٢٠٢١ نابێت و دەنگدەری پارتی دەچێتە سەر سندوق، چونكە هەستیان بەوە كردووە ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە و بۆ مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان گرنگە.

بۆیە لە كۆی ٣٦ كورسی سلێمانی، دەنگی پارتی بەو شێوەیەیە:
لەباشترین بواردا ٦ كورسی
لە خراپترین بواردا ٤ كورسی +١ی هەڵەبجە

بەڵام پارێزگاری هەڵەبجەش بۆ پارتی گرنگە و لەوێ قورسایی زۆرە، هەر بۆ نموونە لە ٢٠٢١دا، پارتی زیاتر لە ٥ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، كێبڕكێی ئەوەی كردووە كە هێزی دووەم بێت.
بەڵام لەم كابینەیەدا، دەستی ئاوەدانی بۆ هەڵەبجە درێژكراوە، هەر لە دروستكردنی سایلۆوە بگرە تا دروستكردنی شەقام و پرد و زۆری تر، ئەمانە كاریگەریی لەسەر دەنگدەر دەبێت، بۆیە لە كۆی ٣ كورسی هەڵەبجە، ئەگەر زۆرە پارتی یەك كورسی ببات، واتە ئەو كورسییەش لەچوارچێوەی شەشەكەی سلێمانیدا.

كەواتە دەنگی پارتی بەكۆی گشتی بەم شێوەیەیە:
لەباشترین بواردا ٤٧ كورسی
لە خراپترین بواردا ٤١ كورسی

رەنگە كورسییەك یان دوو كورسی كەم و زیاد هەبێت، بەڵام بۆچوونی من بەو شێوەیەیە، گرنگە ئەوەیە بیزانین، سەركەوتن تەنیا ژمارەی كورسی نییە، بەبۆچوونی من سەركەوتنی گەورە بۆ هەر پارتێكی سیاسی دوای هەڵبژاردنە، ئەویش گۆڕینی كۆمەڵگایە بەرەو باشتر لەڕووی فیكر و رۆشنبیری و ئازادی و مافی مرۆڤەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP