دواین هەواڵ

سیاسەت گۆڵكردنە نەك راكردنی خێرا

‌كارزان گلی

09/10/2024

لە یاری تۆپی پێدا، گرنگ نییە كام تیپ یارییەكی جوان دەكات، ئەوەی گرنگە ئەنجامی یارییەكەیە، واتە ئەو گۆڵانەیە كە تیپەكەی پێ سەردەكەوێت، ئەمە بۆ سیاسەتیش راستە، گۆڵكردن گرنگە نەك یارییەكی جوان، یان راكردنێكی خێرا.

بۆ نموونە، هەدەپە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٥ یارییەكی جوانی كرد، توانی ٨٠ كورسی پەرلەمان بباتەوە، ئەندازیاری ئەو بردنەوەیەش سەلاحەدین دەمیرتاش بوو، بەڵام دواجار و لە كۆتا خولەكدا دۆڕاندی و گۆڵی نەكرد، چونكە ئاكەپە، نەیتوانی زۆرینەی پەرلەمان بێت و هانای بۆ هەدەپە هێنا بەیەكەوە بەشداری حكوومەت بكەن، بەڵام هەدەپە و خودی دەمیرتاش رەتیان كردەوە، ئەگەرچی پەكەكە رۆڵی سەرەكی هەبوو لەو رەتكردنەوەیەدا.
لەیارییەكی تردا، هەدەپە لەناو یاریگەدا باش رایكرد و زۆریش خێرا بوو، بەڵام نەیتوانی گۆڵ بكات و دۆڕاندی، ئەویش گۆڕینی سیستەمی سیاسی توركیا بوو، لە پەرلەمانییەوە بۆ كۆماری، ئەوكات ئاكەپە، داوای لە هەدەپە كرد، كە پاڵپشتی بێت بۆ گۆڕینی سیستەم، ئەوانیش مافی كورد دەدەن، وەكوو ناساندنی زمانی كورد و داننان بە نەتەوەی كورد، كەچی هەدەپە ئەویشی رەتكردەوە.

بەڕێز ئۆجەلان، لە ئیمیڕاڵی چاوی بەدەمیرتاش كەوتبوو، پێی گوتبوو، تۆ لەناو یارگەدا یاریكەرێكی زۆر باشی و خێراش رادەكەیت، بەڵام خێرا راكردن گرنگ نییە، گرنگە ئەوەیە بتوانیت گۆڵ بكەیت، گرنگ ئەوەیە درۆگبا بیت. (درۆگبا) یاریكەرێكی باشی گالاتاسارای بوو.

پارتی دیموكراتی كوردستان، هەمیشە لە یارگەدا گۆڵی كردووە، گۆڵەكانیشی بووەتە هۆی سەركەوتنی ئەو پارتە.

ریفڕاندۆم گۆڵێك بوو، جیهانی تاساند، ئیرادەی كوردی بەهێز كرد، عیزەت نەفسی بۆ هەموو كورد گێڕایەوە. بەڕاستی شەرمە، كەسانێك و لایەنی سیاسی هەبن، بڵێن دژی ریفڕاندۆم بوین، واتە دژی ئەوەیت لە كۆیلایەتی رزگارت بێت.

ئاخر وڵاتانی باڵكان، نەیانویست لەژێر چەتری عوسمانیدا بژین و سەربەخۆیان راگەیاند، وڵاتانی عەرەبیش بەهەمان شێوە، ئێمەی كورد بۆ رازی بین ببین بەكۆیلەی عەرەب و تورك و فارس؟

سیاسەت عەقڵە، بەغیابی عەقڵ، سیاسەت ناكرێت و شكست دەهێنیت. سیاسەت گرێبەستێكی كۆمەڵایەتییە لە نێوان كۆمەڵگە و سیاسییەكان، ئەو لایەنە دەیباتەوە، كە پابەندی ئەو گرێبەستە بێت، لەڕووی خزمەت و پارێزگاریكردن لە خاك و ئاڵا و سەروەرییەكاندا.

ئیبن خەلدوون پێیوایە، سیاسەت وەكوو ئەو مرۆڤە وایە كە لەدایك دەبێت، پاشان گەورە دەبێت و پیر دەبێت و ماندوو دەبێت و دەمرێت.

بەڵام گوتەكەی فارابی بۆ ئەم سەردەمە ناگونجێت، چونكە ئەگەر پارتی سیاسی لەگەڵ بەها جیهانییەكاندا خۆی رێك بخات، پیر نابێت و هەر بەزیندوویی دەمێنێتەوە، نموونە ٢٠٠ ساڵە كۆمارییەكان و دیموكراتەكانی ئەمریكا پیر نەبوون و پێشەنگن، هەروەها پارتی كار و موحافیزكارەكانی بەریتانیا و زۆری تر.

هەندێك لایەن هەن، بەجۆرێك بانگەشە دەكەن، بۆ خۆیان پێ لەپێی كەسێكی تردا دەنێن و بۆ خۆشیان دەڵێن ”ئاخ“.

هیتلەر دەڵێت: ”ئەگەر درۆیەك درێژ بوو، ئەگەر درۆیەكە فەوزای نایەوە و بەردەوام بیت لە وتنی، مرۆڤەكان بڕوای پێ دەكەن، چونكە نهێنی بڕوابوونی درۆ ئەوەیە، بەردەوام بیت لەسەر درۆكردنەكە و بەردەوام بیت و بەردەوام بیت“

هەندێك لایەن بەو شێوەیە پروپاگندە دەكەن، كە بەردەوامن لە درۆكردن و هیتلەرانە دەیانەوێت خەڵك بڕوایان پێ بكات، ئەمە رەنگە یاریكردنێكی باش بێت، بەڵام هەرگیز گۆڵی سەركەوتن نییە و یارییەكە لەبەرژەوەندی تۆ كۆتایی نایەت.

پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە بڕوای بە خزمەتكردنی خەڵكە، چونكە پەیوەستە بە پارێزگاریكردن لە خاك و ئاڵای كوردستان، بۆیە لە هەموو یارییەكی سیاسیدا گۆڵی خۆی دەكات و بەسەركەوتووی لێی دێتە دەرەوە، دڵنیام لە ٢٠ی ئۆكتۆبەر، گۆڵی سەركەوتن دەكات و زەماوەندی سەركەوتن بۆ لایەنگرانی دەبەستێت.

بە گوتەیەكی رێیاگان رۆناڵد كۆتایی بەم وتارە دەهێنم ”چۆن كۆمەنیست پێناسە دەكەیت؟ كۆمەنیست ئەو كەسەیە كە ماركس و لینین دەخوێنێتەوە. باشە چۆن ئانتی كۆمەنیستەكان پێناسە دەكەیت؟ ئانتی كۆمەنیستەكان، ئەوانەن كە لە ماركس و لینین گەیشتوون“

تۆش ئەگەر دەتەوێت پێناسەی یەكێتی نوێ بزانیت، پێویستە سەرۆكەكەی بخوێنیتەوە، ئەگەر دەتەوێت بزانیت ئانتی یەكێتییەكان چۆن پێناسە دەكرێن، ئانتی یەكێتییەكان ئەوانەن كە لە یەكێتی نوێ تێگەیشتوون.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP