دواین هەواڵ

ئەرێ سەرۆک لەکوێیە؟

‌سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

5 رۆژ پێش ئێستا

لەم وتارەمدا پزیشکیان و سیناریۆ چاوەڕواننەکراوەکە، وێڕای ئەوەی باسی ئەوەم کردوە کە حوکمڕانی ئێران پێویستی بە ڕوخسارێکی دیەکەیە لە دەرەوەی باڵی توندڕەو، بەم پێیەش دەکرێ پزیشکیان سەرۆکی داهاتووی ئێران بێت، بەڵام لە هەندێک وردەکاریدا نەمپێکاوە و پێشبینیی هەڵەم کردوە، بۆ نموونە:

کە دەڵێم "ئەگەر پزیشکیان لە خولی یەکەمدا هەڵبژاردن نەباتەوە، ئەو بێگومان قالیباف شانسی زۆرتر دەبێت". ئەگەرچی هەر لەو وتارەدا دابەشکردنی سیاسەتی ئێرانم بەسەر موحافیزکار و ریفۆرمیست و لایەنداریی خامنەئییم لە موحافیزکارەکان بە ساویلکەیی ناو بردوە، بەڵام هەرگیز چاوەڕێم نەدەکرد، مومکین نیە کەسیش ئەو کاتە پێشبینیی کردبێت کە وێڕای دۆڕاندنی هەڵبژاردن لەلایەن قالیبافەوە، کەچی دواتر ببێتە سەرۆکی فیعلیی ئێران. بەڵێ، قالیباف ئێستا وەکو سەرۆکی فیعلی ئێران مامەڵە دەکات. ئەسڵەن کەس بیری ماوە ئێران سەرۆکێکی هەڵبژێردراوی هەیە ناوی مەسعود پزیشکیانە؟ ئەرێ بەڕاست ئەوە لەکوێیە؟
قالیباف لە جووڵەیەکی پەهلەوانیی پێشتر دیزاینکراو و بڕیارلێدراودا، قارەمانێتیی بەسەر هەمواندا دەفرۆشێت و خۆی فڕۆکەکەی لێدەخوڕێت و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (رەفیق ئەلحەریری) لە بەیرووت دەنیشێتەوە. لەوەش زیاتر سەردانی شوێنی یەکێک لەهەرە توندترین بومبارانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیروت کرد. لەوێشەوە کە دوو پەرلەمانتاری حیزبوڵڵا یاوەری بوون بە زمانی فارسی لێدوانی توندی نەک هەر دژ بە ئیسرائیل، بگرە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دا.

قالیباف لە بەیروت جگە لەو جووڵە ئیستعرازییانە و دیداری لەگەڵ ڕابەرایەتی حیزبوڵڵادا، لەگەڵ نەبیە بەری سەرۆکی پەرلەمان و نەجیب میقاتیی سەرۆکوەزیرانی لوبناندا کۆبونەوەی ڕەسمی کرد. ئەمجۆرە دیدارانە لە ئەسڵدا کاری سەرۆکی وڵاتن نەک سەرۆکی پەرلەمان. بۆیە هەر کاتێک بینیتان سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتەکانی سەرۆکی دەسەڵاتی تەنفیزی پیادە دەکات، ئەوا بزانن یەکێکە لە دوان:

یان دەیەوێت دەسەڵاتەکانی سەرۆکی دەسەڵاتی تەنفیزی پێشێل بکات و وەکو کاراکتەری بەهێزی ناو دەوڵەت خۆی نمایش بکات، یان لە کارەکەی خۆی نازانێت، ئەمەش زۆر جار بە هۆی کەمئەزموونییەوە دەبێت. ئەم سەردانەی قالیباف جۆری یەکەمە، چونکە کاراکتەرێکی بەهێزە و دەیەوێت وەکو سەرۆککۆمار مامەڵە بکات. جۆری دوەمیش نموونەی هەیە، بەڵام ئەم وتارە جێە ئەو باسە نیە. قالیباف ئەو ساتەی لەناو کابینەی لەخوڕینی فڕۆکەکەوە وێنە و ڤیدیۆی بڵاو کردەوە، تەنها پەیامی ئەوە نەبوو کە جۆرێک لە ڕەفتارێکی ئازایانەی چاوەڕواننەکراو پیشان بدات، بەڵکو بەمە قالیباف ویستی پیشانی بدات کە ئەو ستێرنی حکومەتی ئێرانی لەدەستە و ئەوە تەنها ئەوە کە دەسەڵاتی هەیە لەڕێگەی ناڕاستەوخۆوە تەنیسق لەگەڵ ئیسرائیلدا بکات تاکو ڕێگەی بدەن بە فڕۆکەکەی بنیشێتەوە و سەردانی شوێنی بومبارانی قورسی باشووری بەیروت بکات، نەک پزیشکیان. ئەوە، ئەوە کە بۆی هەیە بڕوات دیداری ڕەسمی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و حکومەتی لوبنان بکات نەک پزیشکیان. ئەوە، ئەوە کە لەوێوە لێدوانی توند دەدات و ورەی لایەنگرەکانی ویلایەتی فەقیە بەرز دەکاتەوە.

قالیباف تەنها بەو دیدارەوە نەوەستا، کە دەکرێ هەندێک کەس پاساوی ئەوەی بۆ بهێننەوە کە کابرا سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانە و لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و لەڕێگەیدا بەرەو کۆبونەوەی لوتکەی پەرلەمانەکانی جیهان لە جنێڤ لە بەیروت لایداوە و ئاساییە ئەو دیدارانە بکات کە لەدەسەڵاتی ئەویشدان. ئەم بۆچوونە ساویلکەیە هەر خودی قالیباف بەدرۆی دەخاتەوە، ئەو کاتەی دێت و لەجیاتی کابینە و سەرۆککۆمار ڕایدەگەیەنێت کە ئێران ئامادەیە سەبارەت بە ئاگربەست لە لوبنان و جێبەجێکردنی بڕیاری ١٧٠١ی ئەنجومەنی ئاسایش دانوستاندن لەگەڵ فەرەنسادا بکات.

قالیباف بیری چۆتەوە یان بیر خۆی دەباتەوە کە هەڵبژاردنی بە سەختیی دۆڕاندوە، ئەگینا دەیەوێت بەم رەفتارانەی پیشانی ڕژێم و دەنگدەری ئێرانی بدات، کە چ غەدرێکیان لێ کردوە و ئەوە تەنها ئەوە کە توانای سەرۆکایەتیی و ڕابەرایەتیی وڵاتی هەیە. سیناریۆی دیکەی پشتی پەردەش دەکرێ ئەوە بێت کە خامنەئی یاری دابەشکردنی ڕۆڵ لە نێوان یاریکەرەکانیدا بەڕێوە دەبات. هەموو ئەو ئەگەر سیناریۆیانە واریدن، بەتایبەتیش لەو دۆخە شپرزەیەی ئێرانی پێدا تێدەپەڕێت.

قالیباف دەتوانێت دڵی بەوە خۆش بێت کە بە خەڵکی ئێران و لایەنگرە ناوچەییەکانی ئێران بڵێت:

ئەوە منم کوڕە ئازاکەتان.

بەڵام ناتوانێت ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە ئەو بەبێ ئۆکەی ئیسرائیل تەنانەت نەیدەتوانی لەسنوورەکانی لوبنانیش نزیک ببێتەوە.

قالیباف دەتوانێت وەکو سەرۆکی فیعلی مامەڵە بکات، بەڵام کێشەکەی لەوەدایە کە خوێندنەوەی بۆ دۆخە گشتییەکە دروست نیە و شکستی مسۆگەر چاوەڕێیەتی، چونکە:

ڕاستە فەرەنسا بایەخی تایبەت بە کەیسی لوبنان دەدات و کاریگەریشیی هەیە، بەڵام کارتی کاریگەری لەدەست نیە. ئێستا هەر هەمووو کارەتەکان لە دەست ئیسرائیل و ئەمریکادان. ئەمریکاش زەحمەتە لە سایەی هاوکێشە تازەکەی هێزدا، ئامادە بێت ئێران بکات شەریکی دانوستاندنی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە.

قالیباف بیری چوە کە ئێستا باڵانسی هێز لەناوچەکەدا بەجۆرێک هاوکێشەکانیان گۆڕیوە، ئیدی باس لەوە دەکرێت کە بڕیاری ١٧٠١ بۆتە بەشێک لە ڕابردوو.

قالیباف لەوە تێناگات کە ئێستا باڵانسی هێز لە ناوخۆی لوبناندا بەجۆرێک هاوکێشەکانیان گۆڕیوە کە ئیدی حیزبوڵڵا ڤیتۆی جەنگ و ئاشتی لەدەست داوە، ئیدی ئێستا ئەگەر فریای خۆی نەکەوێت ئەوا ئەویش دەبێتە بەشێک لە ڕابردووی ناوچەکە و مێژووە خوێناوییەکەی. ئاماژەی هەرە ترسناک بۆ ئێران لێدوانە توندەکەی نەجبی میقاتییە، کە کەڵێگایەتیی ئێران ڕەت دەکاتەوە، دواتر دێمە سەر کاریگەریی ترسناکی ئەم هەڵوێستەی میقاتیی.

هەموو ئەمەی قالیباف دەیکات، لەسایەی ئەو ستراتیژە هەنووکەیەی ئێراندا ڕوو دەدەن کە ستراتیژی بادانەوە و خاوکردنەوەی گرژییەکانە، کە خامنەئی لە دوایین خوتبەی جومعەیدا ڕایگەیاند و بەپێچەوانەی پێشبینیی هەموو شیکەرەوە و پسپۆڕەکانەوە، ئێمە بە تۆپبارانی پاش هێرشمان ناو برد، ئەمەش باسێکی دیەکە، دواتر دێمەوە سەری.

پێویستە ئەوەش بڵێین، کە ئەگەر ئەم سیناریۆیە چانسی سەرکەوتنی هەبێت، ئەوا پێویستی بە دەرکەوتنەوەی پزیشکیان خۆی دەبێت.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP