دواین هەواڵ

نەتەنیاهۆ، بەڵای تێگەیشتنە باوەکان

‌سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

پێش 2 هەفتە

تێگەیشتنی باو بەڵایەکی زۆر گەورەیە و دەبێتە هۆی کارەساتی جۆراوجۆر.

گۆستاڤ لۆپۆن لە کتێبی سایکۆلۆژیای جەماردا وەکو کلیلی هەموو تێزەکەی و بەر لە دەستپێک تەنها ئەم دێڕە لە یەکەمین لاپەڕەدا دادەنێت کە دەڵێت:

"ئەوەی خەڵک چەواشە بکات دەبێتە ڕابەریان، ئەوەشی ڕاستییان پێ بڵێت دەبێتە قوربانیی".

مرۆڤ بەپێی تێگەیشتنی لەهەر پرسیار و کێشە و دۆخێک مامەڵە دەکات. بەم پێیەش ئەگەر تێگەیشتنەکەی دروست بێت، وەڵام و بەرخوردەکەی دروست دەبێت، پێچەوانەکەشی ڕاستە لە حاڵەتی تێگەیشتنی ناڕاست و نادروستدا وەڵامی هەڵە و بەرخوردی نادروستی دەبێت. ئەمە لە (ئیمتیحانەکان)دا بەڕوونی دەردەکەوێت، کە (ساقیتبوون)ی لێدەکەوێتەوە. کێشە لەوەدایە کە هەموو تەحەدا و کێشەکانی ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە، پێوەری ڕوونیان وەکو (ئیمتیحان)کان نیە، تاکوو تێگەیشتنی ڕاست و ناڕاست دیار بن.

خراپترین دۆخی تێگەیشتن ئەو حاڵەتەیە کە دەکرێ بە (تێگەیشتنی باو) ناوی بەرین. ئەم تێگەیشتنانە، کە مەرج نیە سەرچاوەکانیان دیار بن. بەپێی حەزی خەڵک دادڕێژرێن و زۆر بەپەلە بڵاو دەبنەوە و لەئەنجامی زۆر وتنەوە و دوبارەکردنەوەیاندا، وەکو بەڵگەنەویست مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. لەمەش خراپتر ئەوەیە، کە ئەوەی بوێرێت بیر بکاتەوە، لەدەرەوەی ئەم قوفڵبوونی عەقڵە بگاتە تێگەیشتنێکی جیاواز، لافاوی بوختان و تۆمەتە جۆراوجۆرەکان دایدەپۆشن. ئاخر لەناو شاری کوێراندا ئەگەر دەست نەگریت بەچاوتەوە، چاوت دەردێنن. بەپێی زانست و تێزە جیاجیاکانی دەروونناسی و بەتایبەتیش ئەریک فرۆم و گۆستاڤ لۆپۆن، مرۆڤ بەگەشتی مەیلی بۆ تەمەڵیی فیکریی و عەقڵی هەیە و مل دەدات بۆ ئارامیی ناو حەشامەت. هەڵبەتە دیوی هەرەشارەوەی خەسڵەتەکانی حەشامەتیش، کوێرانە و مێگەلانە شوێنکەوتنی تێگەیشتنە باوەکانە.

ئەمە لە کایەی سیاسەتدا زیانەکانی هەر بەتەنها، بۆ کەسێک و گرووپێک نیە، بەڵکو زۆر جار دەبێتە مایەی وێرانبوونی وڵات، دۆڕاندنی جەنگ، لەدەستدانی دەرفەتی گەورەی پێشکەوتن و زۆر ئەنجامی دیکەی خراپتر. یەکێک لە تێگەیشتنە باوەکان کە ساڵانێکە کوێرانە دەوترێتەوە ئەوەیە کە بنیامین نەتەنیاهۆ، بۆیە کێشە و بەزمی زۆر دەنێتەوە چونکە دڵنیایە کە ئەگەر لە پۆستی سەرۆکوەزیران نەمێنێت، ئەوا دادگایی و زیندانییش دەکرێت. ئەم تێگەیشتنە باوە کە وەک بەڵگەنەویستێکی لێهاتوە، لە حەوتی ئوکتۆبەری پارەوە ڕۆژانە سەدان جار لە میدیاکانەوە دوبارە دەکرێتەوە. میدیای ئێمە و ڕۆشنبیر و سیاسییەکانیشمان کوێرانە وەکو بەڵگەنەویستێک دەیڵێنەوە.

داخۆ با بپرسین:

ئایا لە ئیسرائیل، کەسێک گەیشتبێتە ئاستی سەرۆکوەزیران دادگایی و زیندانی دەکرێت، ئایا ئەمە خاڵی لاوازییە بۆ ئەو دەوڵەتە؟

ئایا ئەو تێگەیشتنە باوەی سەرەوە، لە ڕاستیدا هیچ بنەمایەکی هەیە، یان درۆیەکی بێبنەمایە و لەبەر حەزی خۆمان وەکو بەڵگەنەویستێکی پیرۆز هەر کەسێک بوێرێت گومانی بخاتە سەر حوکمی لە دنیا و لەقیامەتیشدا دیاری دەکەین؟

بۆ وەڵامی پرسیاری یەکەم: زۆر بەکورتی: بەڵێ پێشتر ئێهوود ئۆڵمەرت کە لە پۆستەکەدا نەما، بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لەو سەردەمەی نا کە سەرۆکایەتی حکومەتی کردوە، بەڵکو ساڵانێکی زۆر پێشتر کە سەرۆکی شارەوانی قودس بوە، درایە دادگا و بە شەش ساڵ زیندانیی و غەرامەی یەک ملیۆن شێکل حوکم درا. هەڵبەتە پێویست بەوەش ناکات بڵێم ئەمە خاڵێکی هێزی دەوڵەتە کە دەزگاکانی لە کەسەکان بەهێزترن و کەس لەسەروو دادگاوە نیە.

بۆ وەڵامی پرسیاری دووەم: ئەسڵەن پێویستمان بە بلیمەتیی و عەقڵێکی زۆر گەورە نیە تا تێبگەین ئەمە درۆیەکی بێبنەمایە، بەڵکوو تەنها پێویستمان بەوەیە کە بوێرین شتەکان وەکو خۆیان ببینین. بوێرین لەدەرەوەی مێگەلە عەقڵقوفڵدراوەکەوە یەک تۆز عەقڵی خۆمان بخەینە کار، تا بتوانین دیققەت لە ڕاستی و ناڕاستیی ئەم تێگەیشتنە باوە بدەین. تەنها هێندە بەسە کەمێک خۆمان ماندوو بکەین و لە زانیارییەکان ورد ببینەوە. هەڵبەتە هەر کەسێک ئازادە چۆن تەفسیر و تەحلیل دەکات، بەڵام ئەوەمان بیر نەچێت کە تەفسیر و تەحلیلی دروست پشت دەبەستێ بە زانیاری و داتای ڕاست و دروست. هەربۆیە هیچ کەسێک ئازاد نیە بۆ خۆی و بەبێ بینین و ناسینی زانیارییە ڕاستەکان، تێگەیشتنی ناڕاستمان بەسەردا بسەپێنێت، یان زانیارییەکان بشارێتەوە، یان وەکو خۆی نەیانخاتەڕوو.

لەم کەیسەی نەتەنیاهۆدا ڕاستییەکان و زانیارییە دروستەکان. تێگەیشتنە باوەکە بەدرۆ دەخەنەوە. تکایە دیقەت لەمەی خوارەوە بدەن:

لەساڵی ٢٠١٩ دوو جار لەساڵی ٢٠٢٠ جارێک لە ئیسرائیل هەڵبژاردن کرا، بەڵام هەر جارێک قەیرانەکە قووڵتر دەبوو و هەڵبژاردنی دیکەی دەسەپاند، هەڵبژاردنی ٢٠٢١ چوارەمین هەڵبژاردن بوو، کە بوو بە هۆی دامەزراندنی حکومەتی یەکبوونی نیشتمانی کە دوو ساڵ بە دوو ساڵ سەرۆکایەتی لە نێوان نەفتالی بینیت یائیر لابید دابەش بکرێت. لە سێ هەڵبژاردنەکەی پێشوودا کێشەی هەرە سەرەکیی ئەوە بوو کە نەتەنیاهۆ نەیدەهێشت کەسی دیکە حکومەت پێک بهێنێت، لە جاری چوارەمدا شکستی هێنا و نەفتالی بینیت کە پێشتر خۆی بەرپرسی ئۆفیسەکەی نەتەنیاهۆ بوو، دواتر حیزبی ڕاستڕەوی نوێی دامەزراند و ئەو حکومەتە هاوبەشەی پێکهێنا کە لەسەرەوە باسمان کرد. سەیر لەوەدایە ئەم کابینەیە بە دەنگی پەرلەمانتارە عەرەب و ئیخوانەکان زۆرینەی ٦١ دەنگی پێویستی مسۆگەر کرد. هەڵبەتە ئەم حکومەتە پاش ساڵێک لە قەیران و کێشەی جۆراوجۆر، بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت کرد و نەفتالی بینیت وازی لە سیاسەت هێنا و خانمێکی گەنج بەناوی ئیلیت شاکید سەرۆکایەتی حزبەکەی و لابیدیش سەرۆکایەتی حکومەتی تا پایزی ئەو ساڵە وەرگرت.

بە درێژایی ئەو سێ هەڵبژاردنە بەبەردەوامیی میدیا و سیاسییەکانی ئیسرائیل باسی ئەوەیان دەکرد کە نەتەنیاهۆ تۆقیوە و ئەم هەموو قەیران و هەڵبژاردنانە دەسەپێنێت، چونکە دڵنیایە ئەگەر لە سەرۆکایەتی حکومەت نەمێنێت ئەوا دادگایی و زیندانیی دەکرێت. بەڵام وەک بینیمان لە دواییدا توانرا بەبێ نەتەنیاهۆ حکومەت پێکبهێنرێت و ئەویش فڕێ بدرێتە دەرەوەی حکومەت. یەک ساڵ و نیو تێپەڕی و ناچار بوون هەڵبژاردنی پێشوەخت بکەن. واقیع و زانیارییە ڕاستەکان، دوور لە حەز و ڕقی هەر کەسێک، نەتەنیاهۆ نەک هەر دادگایی و زیندانیی نەکرا، بەڵکو گەڕایەوە و حکومەتیشی پێک هێنایەوە. کەواتە ئەم تێگەیشتنە باوە لە ئەسڵدا لە ئیسرائیلەوە هاتوە، وەکو دەریشکەوت، درۆیەکی بێبنەمایە، چونکە خرایە دەرەوەی حکومەت و هیچیشی لێ نەکرا.

بۆ ئیسرائیلییەکان دەکرێ ئەمە بەشێک بێت لە ململانێی سیاسیی و پەلاماری هەڵمەتی هەڵبژاردن، بەڵام بۆ عەرەب و فەلەستینییەکان، تێگەیشتنی ناڕاستی لەمجۆرە دەبێتە مایەی بەرخورد و بڕیاری ناڕاستی کارەساتبار. کەواتە ئێستا ئیدی دوور لە حەز و ڕەقی خۆمان دەبێت لەوە تێبگەین کە نەتەنیاهۆ کەسێکی تۆقیوو نیە کە درێژە بە جەنگ دەدات تاکو بەتۆمەتی گەندەڵی زیندانی نەکرێت. دەرکەوت ئەم تێگەیشتنە باوەی هەموان باوەڕیان پێکردوە درۆیە. هەربۆیە پێویستە بەپێی بینینی دروستی زانیاری و واقیعەکە، تەنها بە عەقڵی خۆمان و دوور لەو مێگەلەی تێگەیشتنە باوەکان وەک بەڵگەنەویستی پیرۆز بەسەر هەمواندا دەسەپێنن، بیر بکەینەوە.

ئەم تێگەیشتن و پێورە دەکرێ بۆ مامەڵە لەگەڵ زۆر کەیسی دیکەشدا بەکار بهێنین، لەوانەش کێشە و گرفت و تەحەداکانی کۆمەڵگەی کوردستان.

هەوڵ دەدەم لە داهاتوودا هەم لەسەر خۆمان و هەمیش لەسەر پاڵنەرەکانی دیکەی نەتەنیاهۆ لەم جەنگەدا قسەی دیکە بکەمەوە، چونکە گونجاو نیە بێم تێگەیشتنێکی ناڕاستی باو بەدرۆ بخەمەوە و دیوەکانی دیکەی نەخەمە ڕوو.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP