دواین هەواڵ

کەتیبەکانی قەسسام و تۆڵەکردنەوەکەی نەتەنیاهۆ

‌سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

پێش 2 هەفتە

سیاسییەکان مرۆڤن، واتا هەرچی بکەین، زۆر جار دۆخ و ئەزموونە شەخسیی و تایبەتەکانی خۆمان، کاریگەرییان لەسەر سیستەمی بڕیاردانمان دەبێت. لە وتاری پێشوومدا (نەتەنیاهۆ، بەڵای تێگەیشتنە باوەکان) هەوڵم دا دیوێکی تری گوتارە باوەکە بخەمە ڕوو کە پێی وایە نەتەنیاهۆ تەنها لە ترسی زیندان درێژە بەم جەنگە دەدات. ڕەنگە هەندێک کەس پێیانوابێت دەستپێکی ئەم وتارەم ناکۆکە لەگەڵ ناوەرۆکی ئەوەی پێشوو. لێرەدا دەمەوێ بڵێم بڕیاری سەخت و گەورەی وەک جەنگ تەنها هۆ و پاڵنەرە کەسییەکانمان حوکمی ناکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە مرۆڤین، هەربۆیە تەنانەت بڕیاری لەمجۆرەش بەدەر نابن لە کاریگەریی ئەزموون و بەها و برین و تمووحە کەسییەکانمان. بۆیە مەسەلەی درێژەکێشانی ئەم جەنگە کە لەسەرەتایەوە پێشبینییم کردبوو، باسێکی جیاوازە، بۆیە ئەم وتارە تەرخان دەکەم بۆ باسی تەنها هەندێک هۆ و پاڵنەری شەخسی بنیامین نەتەنیاهۆ، بەو هیوایەی بتوانم دواتر بێمەوە سەر لایەنەکانی تری.

ئەم وتارە تەرخانی باسی کاراکتەری نەتەنیاهۆ نیە، بەڵام بەکورتی:

بنیامین نەتەنیاهۆ لەتەلئەبیبی ئیسرائیل لە دایک بووە، دواتریش لە ئەمریکا خوێندویەتی و کاری تایبەت و سیاسیشی کردوە، تا ئاستی باڵیۆز. بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی تەلارسازیی و ماستەری لە کارگێڕی هەیە. ساڵانێکی زۆر سەربازیی کردوە و ماوەیەکیش ئەفسەری سوپا بوە. چەندین کتێبی سەبارەت بە تیرۆری جیهانی و ڕۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا هەیە. کتێبە گرنگەکەشی (جێگەیەک لەناو گەلاندا) کراوەتە عەرەبی، کە دەرفەتم هەبوو، کۆتاییەکانی سەدەی پێشوو بیخوێنمەوە. بەم دواییەش بیرەوەرییەکانی نوسیوە. درێژترین ماوەی حوکمڕانیی لە مێژووی ئیسرائیلدا هەیە. یەکەمین کەسە کە بە دەنگی خەڵک، نەک بەدەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەڵبژاردنی بردبێتەوە و بووبێتە سەرۆک وەزیران، ئەو کاتەی توانی ساڵی ١٩٩٦، لە شیمۆن پێریزی بردەوە کە یەکێکە لە هەرە دیارترین سەرکردەکانی مێژووی ئیسرائیل، بەباوکی بۆمبی ئەتۆمی وڵاتەکەی ناسراوە، لە دواییەکانی تەمەنیدا گەیشتە پۆستی سەرۆکی وڵات.

یەکێک لە ئاماژە هەرە دیارەکانی درێژەکێشانی جەنگ کە لەیەکەم ڕۆژەوە دەرکەوت، ئەوە بوو کە حەماس و جیهادی فەلەستینیی، دەیان ئیسرائیلییان بە بارمتە گرت و بردیانن. دیار بوو کە ئەمە کارتێکی گرنگی دانوستاندن و درێژپێدانی جەنگ دەبێت، بەتایبەتیش کە دیار بوو ئامانجی سەرەکی ئێران درێژەپێدانی جەنگە تا ئەوسەری درێژەکێشان. ماوەیەک دواتر و پاش ئەوەی نەتەنیاهۆ و حکومەتەکەی ملیان نەدا بۆ فشارەکانی حەماس و ئێران سەبارەت بە کەیسی بارمتەکان، فەرماندەیی کەتیبەکانی قەسسام، پەیامێکیان ئاراستەی کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان کرد، تێیدا باسیان لەوە کرد کە، نەتنیاهۆ خۆی ئازاری لەدەستدانی برایەکی چەشتوە، هەربۆیە ئێستا دەیەوێ ئەو ئازارە دەرخواردی هەموو ئیسرائیلیەک بدات.

دیارە کەتیبەکانی قەسسام ویستیان بەبڵاوکردنەوەی ئەم پەیامە کەسوکاری بارمتەکان لە نەتەنیاهۆ هان بدەن و خۆپیشاندان و جۆرەکانی دیکەی فشار بخەنە کار تاکو نەتەنیاهۆ دوچاری شکست و سازش بکەن. نەیانزانی بەم کارە پێچەوانەکەی دەکەن. ئێمە پێشتر وتمان تێگەیشتنی باو بەڵایە، کوردیش دەڵێت: “یاخوا دوژمنەکەشت نەزان نەبێت”، چونکە وا دیارە کە وەک لەسەرەوە وتمان گرتن و بردنی ئیسرائیلیی بەبارمتە بە ئامانجی ناچارکردنی نەتەنیاهۆ و حکومەتەکەی بە سازش بوە، بەڵام هەر ئەمە خۆی بەدحاڵیبوونێکی گەورە و تێنەگەیشتنە لە کاراکتەری نەتەنیاهۆ. هەربۆیە پێچەوانەکەی ڕاست دەرچوو، ئەمەش قەسسام و حەماسی ناچار کرد ڕایبگەیەنن کە نەتنیاهۆ ژیانی بارمتەکانی بەلاوە گرنگ نیە. لە کاتێکدا کە نەتەنیاهۆ و کاراکتەرەکەی مومکین نەبوو هیچ جۆرە سازشێک لەو کەیسەدا بکات. لەم باسەدا ئەزموونێکی ژیانی شەخسی نەتەنیاهۆ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بڕیاردانی هەیە. هەر دیققەتدانیشم لەم لایەنە شەخسییەی نەتەنیاهۆ وای لێکردم هەر لەسەرەتاوە دڵنیابم کە سازش ناکات، بەڵکو ئەمەش خۆی دەبێتە یەکێکی دیکە لە هۆیەکانی درێژەکێشانی جەنگەکە.

ڕۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ١٩٧٦، جەماعەتی جەبهەی شەعبی رزگارکردنی فەلەستین و گرووپی شانە شۆڕشگێڕەکانی ناسراو (RZ) کە گرووپێکی چەپی تیرۆریستی ئەڵمانیی بوون، فڕۆکەیەکی مەدەنیی فەرەنسایان ڕفاند و سەرەتا لە لیبیا و دواتریش بردیان بۆ فڕۆکەخانەی ئەنتیبی لە وڵاتی ئۆگەندا، کە ئەو دەمە عیدی ئەمین سەرۆکی بوو، پشتگیری کارەکەی کردن و ئاسانکاریی تەواوی بۆ کردن. ئەم کابرایە بە کودەتایەکی سەربازی حوکمی وڵاتی گرتە دەست و خراپترین ناوبانگی لەناو سەرۆک و دیکتاتۆرەکانی جیهاندا هەبوو. باس لە سەدان هەزار قوربانی دەکرێ کە لەناوی بردون. قسەی زۆر سەیری لەسەر دەکرا، کە هەندێک بە پڕووپاگەندەیان دەزانی، لەوانەش، کە گۆشتی مرۆڤ دەخوات، یان دەگوترا خۆی بەوەوە هەڵکێشاوە کە سەری نەیارەکانی لەناو سەلاجەدا هەڵگرتوە. چەندین نازناوی جۆراوجۆری بەخۆوە دیوە، لەوانەش (باوکە گەورە، قسابەکەی ئۆگەندا، قەسابەکەی ئەفریقیا، بلاک هیتلەر، دادا و دکتۆر یافا)، بەڵام پاش ئەوەی بەریتانیا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ڕاگرت، لای خۆیەوە ڕایگەیاند کە بەریتانیای بەزاندوە و مەدالیای بە خۆی بەخشی. لەو کاتەوە نازناوێکی دوورودرێژی لەخۆی نا:
فەخامەتی سەرۆک موشیر حاجی دکتۆر عیدی ئەمین دادا، گەروەی هەموو بوونەوەرەکانی سەر ئەرز و ماسییەکانی دەریا، فاتیحی ئیمپراتۆریای بەریتانی.

کە فڕۆکە ڕفێندراوەکە لای عیدی ئەمین نیشتەوە، ڕفینەرەکان کەوتنە خستنەڕووی مەرجەکانیان. ئەمەش شۆک و قەیرانێکی گەورەی لەناو ئیسرائیلدا نایەوە. حکومەت و بەتایبەتیش کابینەی ئەمنیی بچووک، دابەش بوون، بەشێک دەیانویست بەهەر نرخێک بوە دانوستاندن لەگەڵ ڕفێنەرەکاندا بکەن بۆ ڕزگارکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان، بەتایبەتیش کە بەهەوڵی عیدی ئەمین بارمتە غیرە ئیسرائیلییەکان ئازاد کران. بەشەکەی تری حکومەت و سوپا و مۆساد ئەمەیان بە تاوان دەزانی و دەیانگوت “بەهیچ جۆرێک نابێت دانوستاندن لەگەڵ تیرۆریستاندا بکەین، ئەگینا دوو ڕۆژ جارێک چەند کەسێکمان دەڕفێنن و مەرجەکانیان دەسەپێنن”.

لە دواییدا بڕیاریان دا عیدی ئەمین کە دەیانزانی حەزی لە درێژەکێشانی قەیرانەکەیە چونکە دەرفەتی دەرکەوتنی گەورەی لە میدیاکانی جیهاندا پێ دەبەخشێت، بەڕەچاوکردنی تێگەیشتن لەم لایەنەی دادا درێژەیان بە کاتکوشتن دا. هاوکات پلانێکی تۆکمەی چاوەڕواننەکراویان دانا، کە دواتر شۆکێکی گەورەی لێ کەوتەوە. فیرقەیەکی کۆماندۆیان ئامادە کرد و چوار هەزار کیلۆمەتر فڕین و رۆژی چواری تەمووز، واتا پاش هەفتەیەک، لە فڕۆکەخانەی ئەنتیبی نیشتنەوە. ئۆتۆبیلێکی مارسیدسی ڕەش کە هاوشیوەی مارسیدسەکەی دادا بوو و کۆمەڵە ئۆتۆمبیلێکی سەربازییان سەرخست. دەیانزانی عیدی ئەمین چۆتە دەرەوە بۆ کۆبونەوەی ڕێکخراوی یەکێتی ئەفریقیا. کە نیشتنەوە پارێزەرە ئۆگەندییەکانی فڕۆکەخانەی ئەنتیبی وایان زانی سەرۆکی وڵاتە گەڕاوەتەوە.

بە کورتیی لەم ئۆپەراسیۆنەدا جگە لە کوشتنی دەیان سەربازی ئۆگەندی و تێکشکاندنی چەندین فڕۆکەی مێگی ڕووسی کە هی هێزی ئاسمانیی ئۆگەندا بوون، هەموو ڕەفێنەرەکانیان کوشت و بارمتەکانیان ڕزگار کرد کە ژمارەیان نزیکەی ١٠٠ دەبوو. لەو ئۆپەراسیۆنە تایبەت و دەگمەنەدا، تەنها فەرماندەی هێزە کۆماندۆکەی ئیسرائیل کوژرا. کە کۆڵۆنێل یۆناتان نەتەنیاهۆ بوو.

یۆناتان نەتەنیاهۆ. برا گەورەی بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئێستای ئیسرائیلە، کە وەکو خۆی لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت یەکێکە لەو سێ کەسەی زۆرترین کاریگەریی لەسەر کاراکتەری هەبوە، کە دوانەکەی تر، باوکی و سارای هاوسەریەتی. یۆناتان بەشداری جەنگەکانی ١٩٦٧ و ١٩٧٣ کردوە، ئەفسەرێکی پلەبەرزی سوپای ئیسرائیلە، کە دوا پلەی کۆڵۆنێل بوو.

بنیامین نەتەنیاهۆ بیەوێت و نەیەوێت، مەحکوومە بەو ڕووداوە و مانا و دەلالەتە ڕەمزییەکانی. بەتایبەتیش کە بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە یۆناتان نەتەنیاهۆی برا گەورەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەک یەکێک لە قارەمانەکانی ئیسرائیل باس دەکرێت. کەسێکی وەکو نەتەنیاهۆ ناتوانێت بەهیچ جۆرێک لەوە کەمتر بکات کە برا گەورەکەی کردویەتی، ناتوانێت لە میراتە رزگاری ببێت. ناتوانێت لە ئیسحاق ڕابینی کەمتر بێت کە لەکاتی قەیرانی ئەنتیبی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بوو. ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێبدەم کاراکتەری باوکی بنیامینە، کە توێژەری مێژوو و مامۆستای زانکۆ بووە. زایۆنییەکی باوەڕداری توندە. ئەمەش لایەنی کاریگەریی حوکمەکانی مێژوو دەردەخات کە کاریگەریی گەورەی لەسەر بنیامین نەتەنیاهۆ هەیە. ئەوەی گیرۆدەی ئەو حوکمە سەختانەدا بێت، ناتوانێت سازش بکات، بەڵکو ئەگەر نەیەوێت بیسەلمێنێت لەوانەی پێش خۆی لێهاتووترە، ئەوا ناچارە لانیکەم بیسەلمێنێت کە لەوان کەمتری نەکردوە، ئەگینا بەر لەعنەتی ناوخۆیی و دەروونیی دەکەوێت.

ئا لەم ئاستەدایە کە سیاسییەکان زۆر جار ئەزموون و ڕووداوە گەورەکانی ژیانی خۆیان، بەتایەتیش ئەوانەی پەیوەستن بە کایەی سیاسییەوە، کاریگەریی دەبێت لە سیستەمی بڕیاردانیان.

کە حەماس و کەتیبەکانی قەسام ئەم وردەکارییانەیان ڕەچاو نەکرد، یان وەکو خۆیان تێیان نەگەیشتن، ڕێک لە خزمەتی دوژمنەکەیاندا خستیانە کار.

لە دواییدا دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە ئەم ئۆپەراسیۆنە چەندین فیلمی سینەمایی لەسەر کراوە، من تەنها پێشنیاری یەک دانەیان دەکەم، چونکە لایەنداریی ئیسرائیل ناکات بە ناوی (7 days in Entebbe)، ساڵی ٢٠١٨ بەرهەم هێنراوە و کۆمەڵە ئەکتەرێکی ناسراوی جیهانی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن.

لایەنیکی جوانی ئەم بەسەرهاتانە ئەوە بوو کە فڕۆکەوانەکان کە فەرەنسی بوون و جوولەکەش نەبوون، لە کاتی ئازادکردنی بارمتە غەیرە ئیسرائیلییەکاندا، ئامادە نەبوون بەبێ هەموو سەرنشینەکانی فڕۆکەکەیان، ئازاد بکرێن، خۆیان بە بەرپرسی هەموو سەرنشینەکانی فڕۆکەکەیان دەزانی، ئەمەش پەندێکی زۆر باڵای ئەخلاقییە لە پرسی هەستکردن بە مەسئوولیەت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP