دواین هەواڵ

سكهەڵگووشینی ناچاری!

‌سەركۆ یونس

02/09/2024

فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە دە ساڵە، مەمرەو مەژی، ژیان دەکەن. سەرەڕای بڕیاری دادگای فیدراڵی و یەککلایکردنەوەی دۆسیەی مووچەخۆران، تاڕادەیەک مسۆگەرکردنی مووچە و دوورخستنەوەی بابەتی مووچە لەکێشمەکێشی سیاسی هەردوولا، هێشتا کێشەدارایییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، چارەسەری کۆتایی بۆ نەکراوە. لەنێوەندی هەردوو حکومەتدا، مووچەخۆران و فەرمانبەران، باجەکەی دەدەن.

بەناچاری مووچەخۆران و فەرمانبەران، لەدەرەوەی دەستەڵاتی خۆیان، بەهۆی نەبوونی مووچە و نەمانی نەختینە، پەیڕەوی سیاسەتی سکهەڵگوشین دەکەن. سکهەڵگوشین، شێوازێکی ئابورییە،

هەندێ لەحکومەتانی وڵاتان، کەتووشی قەیرانی دارایی دەبنەوە، پەیڕەوی دەکەن، بەوەی خەرجییەکانیان تا نزمترین ئاست کەمدەکەنەوە، هەر ئەم سیاسەتە تاک و خێزانیش بەبچوکراوی پەیڕەوی دەکەن. سکهەڵگوشینی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم، بەگشتی و ئەو کەسانەی کە بەڕێژەی 100% پشت بە مووچەکانیان دەبەستن، کارێکی ناچارییە، بەناچاری زۆربەی خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە و تەنانەت هەندێ خێزان، بەیەکجاری وازیان لەهەندێ شمەک و کاڵا هێناوە، هەرچەندە پێویستی رۆژانەن،

تێبینی دەکرێت، خواست لەسەر گۆشت وماسی و جلوبەرگ و کەلوپەلی ناوماڵ بەڕێژەیەکی گەورە کەمی کردووە، ڕەو بڕەکەمەی کە مووچەخۆران، ڕۆژانە دابینی دەکەن، خۆی دەبینێتەوە لە نان و خۆراک بەڕێژەی کەم.

ئەم بارودۆخە قورس وگرانە و ئارامگرتنی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی تەواو نەهێشتووە و نزیکبووەتەوە لە خاڵی سفر، هەر بۆیە زۆر پێویستە و کاتییەتی حکومەتی ھەرێم و لایەنەکان و نوێنەرانی خەڵکب کوردستان لەبەغدا، هەموو هەوڵێکیان بەئاراستەی دابینکردن و مسۆگەرکردنی مووچە بێت، چونکە بەڕاستی بەبێ مووچە، ژیانکردن گران و ئەستەمە، جموجوڵی بازاڕ و ئابوری لەلایەکی ترەوە، سست و بێ بازاڕییە. ئەم سکهەڵگووشینە ناچارییەی مووچەخۆران، بەدڵنییایەوە کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر ڕەوشی بازاڕ بووە و دەبێت، لەئێستادا قۆناغی بێ بازاڕی بەروخساری بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕەنگیداوەتەوە،

قەبارەی فرۆشراوەکان، لەنزمترین ئاستدایە. لەم قۆناغەدا، پێویستە هەموو لایەنەکان و کەسایەتییەکان، دوور لەبیری تەسکی حزبایەتی، خەمی نان و قووتی هاوڵاتیانی هەرێمیان بێت. *ئابووریناس

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP