دواین هەواڵ

خەمی جوتیاران و زیانی گەورەی ئابووری

‌سەركۆ یونس

08/06/2024

هەرێمی كوردستان، هەرێمێكی كشتوكاڵی تەواوە و مێژوو و ئێستایش ئەوەی سەلماندووە، كە كوردستان خاك و ئاو و هەوا و دەستی كاری كشتوكاڵی تایبەتی هەیە. كشتوكاڵ و دانیشتوانەكەی دووانەكی لەیەك دانەبڕاون، هەر ئەم كەرتە ستراتیژییەش بنەما و ڕەگەزی مانەوەی نەتەوەی كورد بووە لە زۆربەی قۆناغەکانی مێژووی ژیاریی کوردەواریدا.

لەپاڵ كێشە و قەیرانەكانی ئەم كەرتە گرنگ و ستراتیژییەدا، كە خۆی دەبینێتەوە لە ساغ نەبوونەوەی بەرهەمی كشتوكاڵی ناوخۆ لەناو بازاڕەكانی ناوخۆدا، هەروەها بابەتی وەرگرتن و وەرنەگرتنی گەنمی كوردستان لەلایەن حكومەتی ناوەند و دیاریكردنی كەمترین ڕێژەی گەنم بەراورد بە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق، شایانی باسە بۆ ئەمساڵ هێشتا گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەرنەگیراوە، بەڵام بڕیارە 700 هەزار تۆن گەنم وەربگیرێت، ئەمە لە كاتێكدایە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی هەرێم، نزیكەی یەك ملیۆن و 500 هەزار تۆن دەبێت.

تا ئێستاش چارەسەری نییە

بابەتی سووتان و ئاگرتێبەردانی دەغڵودانی جوتیارانی كورد، خەمێكی گەورەی خاوەن بەرهەمە و هەروەها زیانێكی بەرچاو بە ئابووری هەرێم بە گشتی و كەرتی كشتوكاڵ بە تایبەتی دەگەیەنێت.
لە ماوەی وەرزی دروێنەدا، بە دەیان پەڵەگەنم و جۆ و سەدان دۆنم لە دەغڵودانی هاونیشتمانیان لە سنووری هەرچوار پارێزگاكەی هەرێم و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێم، سووتان، یان سووتێنراون.
سووتانی خەلە و دەغڵودانی جوتیارانی كوردستان هەر هەبووە و مێژوویەکی دێرینی هەیە، تا ئێستاش هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە، لەبەر ئەوە بەردەوامیش دەبێت، ئاگرکەوتنەوەکان هەندێک جار بە دەستی ئەنقەستە و ناحەزان ئەو کارە دەکەن، هەندێک جاریش بە رووداوی سروشتی روو دەدەن.

نەبوونی بودجەی تایبەت

ئەوەی جێگەی داخە، زۆربەی كات، لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم، قەرەبووی دارایی جوتیاران ناكەنەوە، بە بیانووی نەبوونی بودجەی تایبەت بۆ بارودۆخ و قەیرانە لەناكاوەكان.
لە هەموو بارێكدا، سووتانی تەنها دۆنمێك لە دەغڵودانی جوتیاران، زیانی دارایی و ئابووری هەموو كوردستانە و لە هەمانكاتدا زیانی ژینگەیی دەبێت، چونکە زیان دەگەیەنێت بە چینی سەرەوەی خاكی سووتاو و کاریگەریی لەسەر بەرهەمی کاشتوکاڵیی ساڵی داهاتووش دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP