بەگشتی سروشتی سیاسەت لە ھەموو دونیادا وایە؛ کار و کاردانەوەیە، ھەندێک ڕووداوی سیاسیی ھەن، سیاسەتوان لە دۆخە ھەستیارەکان، کاتێک بژارەکان دەخاتە پێش چاو و لێکدانەوەی بۆ دەکات، پێویستە بڕیار بدات، بڕیارێک کە زامنی مانەوەی خۆی و فەراھەمی وڵات و داھاتووەکەی بکات.
لەڕاستیدا لەدوای ساڵی ١٩٩٦ و ڕووداوەکانی ٣١ی ئاب، زۆر قسەوباس لەو بابەتە دەکرێت، کە بەشێکیان گۆڕینی ڕاستیی مێژووەکەیە بە لایەکی دیکەدا، لەکاتێکدا ئەو ڕووداوە مێژوویەکی زۆر دوور نییە، بەشێکی زۆرمان خۆمان و کەسوکارمان لێی ئاگادارین.
٣١ی ئاب کاردانەوەی خۆسەپێنی و ڕەتکردنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە مەیدانی سیاسیی کوردستان، لەکاتێکدا ئەو پارتە ٪٥١ی دەنگەکانی یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بردبووەوە.
ھەرس نەکردنی پێگەی پارتی لە ڕوانگەی ئیقلیمییەوە، وای کرد کە پیلانی ژێربەژێری چەندین لایەن پێکەوە لەگەڵ دەوڵەتانی ئیقیلیمی، بە ئامانجی نەھێشتن و سڕینەوەی پارتی ھەنگاو بنێن. فێڵکردن لە حزبێکی وەک پارتی، کە خاوەنی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و دۆزی ڕەوا و ڕاستەقینەی میللەتێکە، ئاسان نەبوو. حزبە تازە پیاکەوتووەکان ئەوەیان نەدەزانی، کە پارتی دەیان قۆناغی وەھای تێپەڕاندووە، ھەر واشە، حزبێک بە چوار ڕژێمی عێراق نەشکێت، ئایا بە پیلان و فێڵ دەشکێت.
لەڕاستیدا ڕووداوەکانی ٣١ی ئاب بەتەواوی ڕوون و ئاشکران، بە دروستی ڕێ لەوە گیرا، دەوڵەتێکی دیکە حوکمی ھەولێر بکات، ھەژموونی خەڵکانی دیکەی لەسەر ھەولێر لابرد و بووە ھۆکار تا ئەوەی کورد لە ھەولێر خاوەنی بڕیار بێت، نەک لە پایتەختی وڵاتانی دیکەوە بکرێتە میلیشیا و بڕیاری پێ بدرێت. توانا و ھێز و قودسیەتی بڕیاری بۆ ھەولێر گەڕاندەوە، لە ڕووی سیاسییەوە پێگەی ھەرێمی کوردستانی بەھێز کرد.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، ئایا لەدوای ٣١ی ئاب دامودەزگا حکوومییەکان کێ حوکمیان دەکات؟
ئەگەر لەدوای ٣١ی ئاب ھەر ھێزێکی ناوچەیی لە ھەولێر حوکمی بکردبا ھەتا ئێستاش، بۆ ئێمە و بۆ پارتییش مێژووییەکی دیکە بوو، بەڵام ئەوەتا ھەولێر شارێکی ڕەسەنی کوردستانی قاڵبووەوە لە ھەستی کوردانە و ڕووحیەتی نەتەوەییە. لەڕاستیدا ٣١ی ئاب گەورەترین دەستکەوتی پێشکەشی بە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش کرد، بەو پێیەی پارێزگاریی لە (خاک، زمان، ئاڵا، فەرھەنگ و کولتوور)ی مێژووی کرد، ئەگەر ٣١ی ئاب نەبوایە، ھەموو ئەمانە لەناو چووبوون.
٣١ی ئاب ھەولێری کردە ناوەندی بڕیار و شوێنی ئارامی و کۆبوونەوەی دیپلۆمات و نوێنەرە نێودەوڵەتییە جیھانییەکان، بووە ژمارەیەکی گەورەی سیاسیی و ئابووری و بازرگانی لە تەواوی ناوچەکە، سەرکردەی دەیان دەوڵەتی زلھێز لە ھەولێرەوە سوپاسی سەرکەوتنی پێشمەرگەیان بەسەر داعشدا کرد.
گرنگە ئەوە بۆ مێژوو لە یاد بێت؛ ئێستا ھەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، ناوەندی ھیچ دەزگایەکی موخابەراتی نییە و بڕیار و دەسەڵاتەکانی لە دەست خۆیدایە، نەک دەوڵەتانی دیکە.
٣١ی ئاب باشترین ئارامی، ئاسایش، سەقامگیریی لە ناوچەكە فەراھەم و دابین کرد.
٣١ی ئاب شۆڕشێکی نەتەوەیی بوو لەپێناو ھێشتنەوەی حاکمیەتی کورد و نوێنەرایەتیی پرسی كورد و كوردستانیان لە سەرانسەری دونیا.
لە ڕاستیدا ڕووداوەکانی ٣١ی ئاب، هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەبێتە داردەست و دەستکێشی هیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە، بە پێچەوانەوە گەر ٣١ی ئاب نەبووایە، ئێستا هاوشێوەی هەندێک وڵات و شاری ناوخۆش دەبوو جێگەی تەراتێنی هێزە داگیرکەرەکان کە پیلان و کردەوەکانیان لە خاکی کوردستان ساغ دەکردەوە.
٣١ی ئاب (دفع الافسد بالفساد) بوو، کە ئەوەش ڕۆژێکی پڕشنگدارە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان.