دواین هەواڵ

دروشم كۆڵەكەی سەركەوتنی هەڵبژاردن ئەسپ لەناوەڕاستی دۆڵ ناگۆڕدرێت

‌كارزان گلی

پێش 3 هەفتە

رۆژنامەنووسی بەناوبانگی جیهانی (ویلیام سافیرە)، پێیوایە گرنگترین و تایبەتمەندترین سەركەوتنی دروشم لە هەڵبژاردنەكاندا (قافییە، رێتم، دەنگ و دروشمێك بێت یەكسەر بەدڵەوە بنووسێت). لەمێژووی هەڵبژاردندا لە زۆرێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا، دروشم رۆڵی زۆر گەورەی هەبووە بۆ سەركەوتنی بەربژێر، جا بەربژێری سەرۆكایەتیی بێت یان پەرلەمان، بۆیە ئەوانەی دەچنە ناو كێبڕكێی هەڵبژاردنەوە، زۆر گرنگی بە دروشم دەدەن، چونكە یەكێك لە رێگەكانی سەركەوتنی بەربژێر، دروشمی پڕمانا و كورت و بڕواپێهێنەرە. هەوڵدەدەم لەم وراپۆرتەدا، باس لە بەكارهێنانی دروشم بكەم، لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و چەند وڵاتێكی تر.

لە هەڵبژاردنی ١٩٢٨ لە ئەمریكا، بەربژێری كۆمارییەكان هێربێرت هۆڤەر، دروشمی هەڵبژاردنی (لە هۆڤەر زیاتر دەبێت كێی تر هەبێت؟)ی بەكارهێنا، كە دەنگدەر زۆر كاریگەر بوو پێی و توانی هەڵبژاردن بباتەوە.

لەمێژووی هەڵبژاردنی ئەمریكادا، سەركەوتوترین دروشم لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە ١٨٦٤ بوو، كە ئەبراهام لینكۆڵن، بەكاری هێنا و ئێستاش چەند بەربژێرێكی ئەمریكا بەكاری دەهێننەوە. ئەبراهام دروشمەكەی (لە ناوەڕاستی دۆڵدا ئەسپەكەت مەگۆڕە)، ئەم دروشمە بووە دروشمێكی نێودەوڵەتی و تەنانەت وەكوو پەندێكی پێشینان ناوی دەهێنرێت.

ئەبراهام، لە ١٨٦٠ هەڵبژاردنی بردەوە، بۆ ئەوەی بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردن ببێتەوە بە سەرۆك، ئەم دروشمەی بەكارهێنا و ویستی بە گەلی ئەمریكا بڵێت، ئەو كاروباری دەوڵەتی تا نیوە هێناوە و پێوستە رێگەی بدەن خولی دووەم ببێتەوە بە سەرۆك و گۆڕانی ئەسپ لە ناوەڕاستی دۆڵدا هیچ سوودێكی نییە.

ئەم دروشمە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٠٤، ركابەرەكانی جۆرج دەبلیوبۆش، بەشێوەیەكی تر بەكارهێنا و گوتیان ”لە ناوەڕاستی قیامەتدا ئەسپ ناگۆڕدرێت“.

لە ١٩٢٨دا، هێربێرت هۆڤێر، دروشمی هەڵبژاردنی كاریگەر بوو، توانی لەو رێگەیەوە هەڵبژاردن بباتەوە، ئەو دروشمەكەی بەم شێوەیە بوو ”بۆ هەر مەنجەڵێك برنج و بۆ هەر گەراجێك سەیارەیەك“، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەو ماوەیەی سەرۆكی ئەمریكا بوو، دەسەڵاتەكەی زۆر بەخراپی بەكارهێنا، هەروەها وڵاتیشی زۆر بە خراپی بەڕێوە برد، بۆیە لە هەڵبژاردنی ١٩٣٢، بەربژێری دیموكراتەكان (فڕانكلین رۆزفێلت)، توانی هەڵبژاردن بباتەوە، ئەو سوودی لە گۆرانییەكی (Lou Lavin)، وەرگرت و كردییە دروشمی بانگەشەكەی بەم شێوەیە ”رۆژە خۆشەكان سەرلەنوێ لەبەر دەرگامانە“.

دروشمی نێگەتیڤ و سووكایەتیش بوونی هەبووە

جیا لەوەی لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا، دروشمی جوان و پڕمانا بوونی هەیە، كە بەربژێرەكان دژی یەكتری بەكارهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا، دروشمی بێزراو و سووكایەتیش بوونی هەبووە، دەكرێت وەكوو نموونە بیهێنینەوە.
لە هەڵبژاردنی ١٨٨٤دا، بەربژێری دیموكراتەكان (Grover Cleveland)، دروشمی دژی بەربژێری كۆمارییەكان بەناوی (Jemes Blain) بەكارهێنا، كە وەكوو كەسێكی درۆزن ناوی هێنا و گوتی ناتوانێت وڵات بەڕێوە ببات.
لەبەرامبەردا (Jemes Blain) وەكوو بەرپەرچدانەوەیەك بۆ بەربژێری دیموكراتەكان دروشمێكی زۆر حەیابەرە و سووكایەتیی بەكارهێنا ”دایە، دایە، باوكم لە كوێیە“، دیارە (Grover Cleveland) باوكی نادیار بووە، بۆیە بەو دروشمە لێیانداوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ( Cleveland) هەڵبژاردنی بردەوە و پاشان لایەنگرانی وەكوو وەڵامێك بۆ بەربژێری كۆمارییەكان دروشمی ”دایە، دایە، باوكم لە كۆشكی سپییە“ گوتەوە.

دروشمەكان لە هەڵبژاردنی توركیا

رەنگە هیچ دروشمێك، ئەوەندەی ئەو دروشمە گرنگی نەوبوبێت كە بووە هۆی ئەوەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩ سەركەوتن بەدەست بهێنێت، چیرۆكی روشمەكەتان بۆ باس دەكەم.
ئەكرەم هەڵبژاردنی بردەوە و بە هەشت هەزار دەنگ لەپێش بیناڵی یڵدرم بەربژێری ئاكەپە بوو، بەڵام ئاكەپە داوای یاسایی تۆمار كرد و هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ كەوتە گەڕی دووەم. ئیمامئۆغڵو، زۆر نیگەران بوو، لە وێستگەی میترۆ منداڵێك ئیمامئۆغڵوی بینی و پێی گوت ”كاكە ئەكرەم خەم مەخۆ هەموو شتێك زۆر جوان دەبێت“

ئەكرەم، گوتەی ئەو منداڵەی كردە دروشمی هەڵبژاردنی گەڕی دووەم و زۆرترین قسەی لەسەر كرا و وەكوو ئەوەی سیاسییەكان باسیان كرد، یەكێك لەو هۆكارانەی بووە هۆی سەركەوتنی ئیمامئۆغڵو لە گەڕی دووەمدا، ئەو دروشمە بوو.

لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٢، رەجەب تەییب ئەردۆغان، بە چەند دروشمێك هاتە ناو هەڵبژاردن و دروشمەكان كاریگەریی زۆریان لەسەر دەنگدەر هەبوو. زۆرجار باس لەوە دەكەن، كە دروشمەكانی ئاكەپە، هۆكار بوون كە لە ماوەی ٢٢ ساڵی رابردوودا ١١ هەڵبژاردن ببنەوە، هەندێك لە دروشمەكانی ئاكەپە بۆ ٢٠٠٢ بەبیری خوێنەر دەهێنینەوە.

”هەموو شتێك لە پێناوی توركیا“، ”كاری ئێمە خزمەتە و هێزیشمان لەلایەن میللەتەوەیە“. هەروەها لە هەڵبژاردنی ٢٠١١، ئاكەپە بەدروشمی (خەیاڵەكانمان كردە راستیی) هاتە ناو هەڵبژاردن و توانی سەركەوێت، چونكە چەند پڕۆژەیەكی گەورەی ستراتیژی ئەنجام دابوو و هەروەها سفری سەر دراوی توركی لادرابوو و رەوشی ئابووریی لەوپەڕی باشیدابوو.

بەڵام چەند دروشمێك هەیە لە توركیا، زۆر بێمانا و بێكاریگەر بووە، كە ئەو دروشمانە لە مێژووی توركیادا وەكوو عەیبەیەك ناوی دەهێنرێت.

لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠١٤، ئەكمەلەدین ئیحسانئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە و مەهەپە بوو، دروشمەكەی زۆر ناكاریگەر بوو ”لەپێناو نان ئەكمەلەدین“بوو، ئەو دروشمە هیچ كاریگەری لەسەر دەنگدەر نەبوو، چونكە كەس برسی نەبوو و لەپێناو نان كەس ئامادە نەبوو دەنگی پێبدات.

دەكرێت باس لە دروشمی هەدەپەش بكەین لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٥، كە دروشمێكی زۆر كاریگەر بوو، چونكە بۆ یەكەمجار بوو پارتێكی كوردی، وەكوو پارت بێتە ناو كێبڕكێوە و ویستی هەبوو وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە.

دروشمی هەدەپە ”ئێمەین هەدەپە، ئێمەین لە پەرلەمان “بوو، كە زۆر گاریگەر بوو و توانی بچێتە ناو دڵی دەنگدەر و ١٣٪ی دەنگەكانی هێنا و وەكوو پارت چووە پەرلەمانەوە.

هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، كەمی ماوە، دەكرێت پارتە سیاسییەكان و بەربژێرەكان، دروشمی گونجاو و كاریگەر بەكاربهێنن، كە نەبێتە مایەی سووكایەتیی و ناوزڕاندنی یەكتری، دەكرێت سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگیرێت لەڕووی بەكارهێنانی دروشمی هەڵبژاردن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP