دواین هەواڵ

جەهەپە چۆن دەڕوانێتە پرسی چارەسەری؟

‌كارزان گلی

پێش 4 هەفتە

ئەگەر هاتنە دەسەڵات چی بۆ كورد دەكەن؟

كاتێك باس لە جەهەپە دەكرێت، دەبێت بەسەر سێ قۆناغدا دابەشی بكەین، قوناغی یەكەم، سەردەمی موستەفا كەمال ئەتاتوركە، قۆناغی دووەم، دوای ئەتاتورك، قۆناغی سێیەم، جەهەپە لەسەردەمی كەمال كلیچدارئۆغڵو و ئەكرەم ئیمامئۆغڵو. لە قۆناغی یەكەم و دووەمدا، كورد بەهیچ شێوەیەك لەلایان گرنگ نەبووە، بەڵكوو هەموو هەوڵ و هەنگاوێكیان بۆ لەناوبردنی كورد بووە، بەڵام جەهەپەی ئێستا، تا ئاستێكی مامناوەند، بڕوای بە پرسی كورد هەیە.

بەگوێرەی ئەو راپرسییانەی بڵاودەكرێنەوە، هەروەها شڕۆڤەی سیاسییە گەورەكانی توركیا و جیهانی، لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٨، جەهەپە، دەبێتە براوەی هەڵبژاردن و ئیدی پۆستی سەركۆماری توركیا بۆ ئەوان دەبێت، ئایە ئەگەر جەهەپە، بێتە دەسەڵات، چۆن دەڕوانێتە پرسی چارەسەری و چۆن رێگەچارەیان بۆ دەدۆزێتەوە؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی جەهەپە، لەناو پەرلەمانی توركیا لە وتارێكدا گوتی: ”پرسی چارەسەری لای ئاكەپە، بۆ ئەوە بوو كە پرسەكە چارەسەر نەكرێت، بەڵام لای جەهەپە شتێكی ترە، ئێمە ئەو پرسە دەهێنینە پەرلەمان و لەناو پەرلەمان بەیاسایی دەكەین“

سەركردایەتی جەهەپە، پێیوایە پرسی كورد دەبێت لەناو پەرلەمانی توركیا چارەسەر بكرێت، پاشان یاسای بۆ دەربچێت، تا هیچ دەسەڵاتێك نەتوانێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن یان بۆ مەرامێكی تری سیاسی بەكاریبهێنێت.
جەهەپە كوردی هەڵخەڵەتاندووە

پێشتر جەهەپە، چەندینجار كوردی هەڵخەڵەتاندووە، بەوەی داوای دەنگی لێكردووە و بەڵێنی داوە پرسی كورد چارەسەر بكات، پاشان لێی پاشگەز بووەتەوە، بۆ نموونە لە ١٩٩١، كوڕی عیسمەت ئینۆنوو، ئەرداڵ ئینۆنوو، بڕوای بە كورد هێنا، كە بێنە ناو هاوپەیمانیی پارتەكەی، بەڵام پاشان پشتی لە كورد كرد و پرسی كورد بەهیچ شێوەیەك باسی لێنەكرا، تەنانەت كاتێك پەرلەمانتارانی پارتی هەپ، خرانە زیندانەوە، وەكوو (لەیلا زانا و خەتیب دیجلە)، ئەرداڵ ئینۆنوو، بەیەك وشەش پشتگیری لێیان نەكرد.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتیی ٢٠٢٣، كلیچدارئۆغڵو، بەڵێنیدا پرسی كورد چارەسەر بكات، بۆیە هەدەپە، پشتگیری لە كلیچدارئۆغڵو كرد و پێنج ملیۆن دەنگی لە باكووری كوردستان هێنا، بەڵام كاتێك هەڵبژاردن كەوتە گەڕی دووەم، كلیچدارئۆغڵو، بەنهێنی لەگەڵ ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی فەزیڵەت رێككەوتنی كرد، ئەگەر ببێتە سەركۆماری توركیا، پۆستی وەزیری ناوەخۆ و هەواڵگری دەداتە پارتەكەی ئەوان.

ئۆزداغ، ئەوەندە دوژمنی كوردە، ئەوەندە رقی لە كوردە، ئەگەر ببایەتە وەزیری ناوەخۆی توركیا، وەكوو ئەوەی بەرپرسانی هەدەپە باسیان دەكرد، وەكوو سەردەمی نەوەدەكان، كوشتنی نهێنی دەستی پێ دەكردەوە، واتە كورد كوشتن بەنهێنی دەستی پێ دەكردەوە. بۆیە ئەمەش كلیچدارئۆغڵو، هەڵخەڵەتاندنی كورد بوو و ئەو رێككەوتنە، بە پەڵەیەكی رەشی مێژووی سیاسی ئەو دادەنرێت.

ئۆگوور ئۆزەل و ئیمامئۆغڵوش بەڵێنی چارەسەری پرسی كورد دەدون

ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، هەروەها ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، خۆیان زۆر لە كورد نزیك كردووەتەوە، ئەوان بڕوانیان بە زمانی كوردی و پرسەكەی هەیە، نەشیان شاردووەتەوە، ئەگەر بێنە دەسەڵات، پرسی كورد لەناو پەرلەمان دەهێننە بەرباس.

بەڵام هیچ پڕۆژەیاسا، یان تێزێكی تازەیان لەبارەی پرسی كورد پێشكەش نەكردووە، بۆیە چەند شڕۆڤەكارێكی سیاسی كورد، گومانیان هەیە، كە ئەوانیش بەدەنگی كورد لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی دادەنیشن و پاشان پشت لە كورد دەكەن.

كورد كارئەكتەرێكی گرنگی هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا دەبێت، بەبێ هیچ گومانێك، كورد پشتگیری لەكام بەربژێر بكات، ئەو بەربژێرە دەبێتە براوەی هەڵبژاردن. بۆ نموونە، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، كاتێك كوردەكان زانییان كلیچدارئۆغڵو، بەنهێنی لەگەڵ ئۆزداغدا رێككەوتنی كردووە، پشتیان لێی كرد و یەك ملیۆن و نیو دەنگدەری كورد، دەنگیان بە كلیچدارئۆغڵو نەدا، ئەردۆغانیش هەر بەو جیاوازی دەنگە توانی ببێتە سەركۆماری توركیا و سەركەوتن بەدەستبهێنێت.

بەگوێرەی چەند زانیارییەكی ئەو رۆژنامەنووسانەی لە ئاكەپە نزیكن، ئەردۆغان و سەركردایەتی پارتەكەی، دوور نییە لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا، لەدەم پارتی نزیك ببنەوە، بەوەی رێككەوتنێكی سیاسیان لەگەڵدا بكەن و پرسی چارەسەری بهێنرێتەوە بەرباس، بەتایبەت رێگەدان بە خوێندن بەزمانی دایك، بەڵام ئایە دەم پارتی، تا چەند لە ئەردۆغان نزیك دەبێتەوە؟ چونكە وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، تاوەكوو ئێستا دەم پارتی نەیتوانیوە لەژێر داواكاری و رێنماییەكانی پەكەكە رزگاری ببێت. دەكرێت بڵێین، رێككەوتنی ئاكەپە یان جەهەپە، دەبێت لەگەڵ پەكەكە بێت نەك دەم پارتی، كە ئەمەش سیاسەتێكی هەڵەی پەكەكە و دەم پارتییە.

كورد لە توركیا، جەهەپەی تاقی كردووەتەوە، نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێك، ئاكەپەی تاقی كردەوە، راستە ئەنجامێكی ئەوتۆی بەدەستنەهێنا، بەڵام پرسی كورد كەمێك چووە پێشەوە.

ئەوەی گرنگە باس بكرێت لە پرسی چارەسەری، ئەگەر بێتەوە بەرباس، دەم پارتیش دەبێت بەهەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكات، پرسی كورد، پەیوەست نییە بە پرسی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە، چونكە بەرپرسێكی ئاكەپە گوتی: ”كاتێك لەگەڵ پەكەكە دانیشتین بۆ پرسی چارەسەری، ئێمە وامانزانی باس لە مافی كورد دەكەن، كەچی باسیان لە چۆنییەتی ئازادكردنی ئۆجەلان دەكرد و بە یەك وشەش باسیان لە مافی كورد نەكرد“


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP