دواین هەواڵ

فشار لە بەغداو ڕاوکردنی دەنگ لە کوردستان

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

پێش 4 هەفتە

پێش هەموان لایەنەکانی سیاسی  هەرێمی کوردستان دەزانن فشارەکانی بەغدا تەنیا گرفتی ئیداری نین و لە پشت سیاسەت و دامەزراوەکانی بەغدا شەڕێکی توندی ئامانجدار  دژی ستراکچەری هەرێمی کوردستان هەیە. 

فشارەکانی بەغدا زۆر سەختن، بەتایبەتی لە پێش کاتی دیاریکراوی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا مایەیی تێڕامانی زیاترن. 

فشارەکانی ئابوری دەکرێ  وەک جۆرێک لە زۆرەملێی ئابووریش وەسف بکرێن، ستراتیژێک کە گوایە بەغدا بۆ لاوازکردنی پێگەی سیاسی پارتی و حکومەتی هەرێم و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە بەکاری دەهێنێت.

گرنگە ئەوە بزانرێت کە ئەو لایەن و ئەندام پەرلەمان و سکرتێرو ئەمیندارو ناونیشانانەی دیکەیش کە  هەرێم و بەغداد وەک یەک تۆمەتبار دەکەن، دەکەونە خزمەت قوڵایی مەبەستەکانی ئەو کاربەدەست و دامەزراوانەی کە لەبەغداوە ئاڕاستە دەکرێن، لە کاتێکدا ئەبوایە لە پشت سەنگەری گەلەکەیانەوە  بوەستن، نەک لە پشت سەنگەری هەڵبژاردن بەتەنیا سێرە لەدەنگ بگرن. 

هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەیارییە ناشیرنەکە، بەڵکو قوربانی یارییە ناشیرنەکەیە، کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا  بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکان لە پارتە جیاوازەکان خۆیان چاوساخ و دەستکێشی ناحەزان بوون و جورئەتی ئەم مانۆڕانەیان پێیانداوە.

ئۆپۆزسێۆنێک کە تەنانەت ئەرکی ئەندامەکانی  لە بەغداد هەرگێز دروستکردنی فشار لەسەر ناوەند نەبوە، هێندەی لەسەر هەرێم بوە، بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردران، ڕاتبیان بێ کێشە لە بەغدا بوەو موزایەداتیان لە هەرێم. 

ئەم زمانەی لەم دواییەدا هەندێک لە لایەنەکان بەکاری دێنن، هێندەی نادیدەگرتنی قوڵایی دژایەتییە سیاسییەکەو کۆنتێکستی ململانییەکانی نێوان هەولێرو بەغداو پایتەختی دیکەیە،  هێندەی ڕاوی دەنگی خەڵکە توڕەکەمانە لە دۆخی  سەختی مووچەدا، هەرگیز هێندە هەڵویستی پشتیوانی و پەرۆشی لە خەڵک نییە،  هێندەی چاوپۆشییە لە زوڵم و کۆنترۆڵی تایفی بەسەر بەغداوە هێندە خەمی ژیانی هەژارانیان  نییە. 

لە کاتێکدا ڕەنگە حکومەتی هەرێم ئاستەنگی ئیداری هەبێت، بەڵام ڕەگی هۆکارەکە لە ڕاگرتنی پارەی بە ئەنقەست لەلایەن بەغداوەیە. 

ناکرێت لە کۆنتێکستی پەروەردەی ئاینی حزبێکدا شێعە لەژێر پرسیاردا بێت ولە ململانێ لەگەڵ هەرێم  شتێکی جیاوازبێت.

 ئەمە شکستی نوخبەی حزبێکە  لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەغدا، ڕەنگدانەوەی نادیدەگرتنێکی مەترسیدارە، لەبیرکردنی هەستیاری تایفی، مەزهەبی و ئەجێندە فراوانەکانە.
 
 ئەم پرسە لە سیاسەتی هەڵبژاردن تێدەپەڕێت؛  شەڕی ئیرادەیە، کە بەغدا هەوڵدەدات بە توندکردنەوەی ناڕەزایی ناوخۆیی جێگیری هەرێمی کوردستان تێکبدات.  ئەوەی بە تایبەتی جێگەی نیگەرانییە، ئامادەیی ڕواڵەتی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو هەرێمی کوردستانە بۆ ئیستغلالکردنی ئەم فشارە دەرەکییە بۆ دەستکەوتی سیاسی و هەڵبژاردنی خۆیان و تەنانەت بەشێوەیەکی بابەتی کەمپەینێکی هاوبەشە دژی پارتی دێموکراتی کوردستان.

کردەوەکانی ئۆپۆزسیۆن کورتبینییەکی مەترسیدار پیشان دەدەن، بە تەرکیزکردن لەسەر دەستکەوتە سیاسییە دەستبەجێکانیان، سازش لەسەر هێزی بەکۆمەڵی هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئەم ڕەفتارە ڕەنگدانەوەی شکستهێنانە لە تێگەیشتن لە قورسایی دۆخەکە. دوودڵی ئۆپۆزسیۆن لە ڕووبەڕووبوونەوەی تاکتیکی زۆرەملێی ئابوری بەغدا و تامەزرۆیی ئەوان بۆ ئیستغلالکردنی ئەم قەیرانە بۆ قازانجی حزبی، ئاماژەیە بۆ ناتەبایی جددی لەگەڵ بەرژەوەندی نیشتمانیدا.

ئەبوایە نوخبەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دان بە دۆخەکەدا بنێن ولە بەرامبەر ئەم زۆرەملێیە ئابورییە دەرەکییەدا یەکبگرن، نەک ڕێگەی بدەن بەغدا  ڕیزەکانیان بشکێنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP