بە گشتی لە جیهاندا لەگەڵ بڵاو بوونەوەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دیاردەی پۆپۆلیزم بەشێوەیەكی بەرچاو گەشەی كرد، لەگەڵ ئەوەی چەمكی پۆپۆلیزم چەمكێكی نوێ نیە و سەرەتای سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی سۆشیال مێدیا وەك چەمكێكی نوێی دونیای سیاسەت پێناسەی خۆی كرد، دیاردەی پۆپۆلیزم لە سەر بنەمای هەڵخەڵەتاندن و گوتاری سۆزداری و خۆنمایش كردن گەشەدەكات، پۆپۆلیستەكان زۆربەی بەڵێنەكانیان قەبەن و گوتارەكانیان لە چوارچێوەی وەهم دەخوڵیتەوە و دوورە لە دونیای واقیع، بەكوردیەكەی هیچ بەرنامەیەكی جددیان بۆ چارەسەری كێشەكانی كۆمەڵگا پێ نیە و ئەوەی دەیكەن تەنها شۆیەكە، فریودان و چەواشەكاری تاك چەكی زمانی پۆپۆلیستەكانە و لە ڕێگای ئەو خەسڵەتەوە هەوڵی گەیشتن بە مەرامە تایبەتیەكانیان دەدەن.
لە كوردستان سۆشیال مێدیا لە گیرفانی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگا ئامادەگی هەیە و بەكارهێنەرانی پلاتفۆڕمەكانی پەیوەندی ڕۆژانە لە زیاد بووندان، ئەمەش ئامرازیكە بە دەست پۆپۆلیستەكانەوە تا لە ڕیگای ئەو پلاتفۆڕمانەوە پەیامە چەواشەكاریەكانیان بگەیەننە ناو ماڵەكان و لەو ڕێگایەوە دەنگدەران فریو بدەن.
پۆپۆلیستەكان لە ساڵانی ڕابردوو لە مینبەری ئۆپۆزسیۆنەوە هەموو ئامرازێكیان بۆ ڕاكێشانی سۆزی خەڵك بۆ گەیشتن بە مەرامە كەسی و تایبەتیەكانیان بەكار هێناو هەندێكیان گەیشتن بە مەرام و باشیان لێ خوارد، بەلام هەڵبژاردنی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرەتایەك بۆ كەوتنی پۆپۆلیزم لە قەڵەم دەدرێ، ئەم كەوتنە سزایەكی جەماوەری ئەوەندە گەورە و شۆكێهەر بوو ترسێكی گەورەی لە دڵی زۆرێكیان درووست كرد كە بە سانایی خۆیان لە پرۆسەی خۆ كاندید كردن نەدەنەوە، ئەم كەوتنە چەند كەسێكیانی خزانە لیستی دەسەڵات و دەیانهەوێ بە هەمان ئامراز و كەرەستەی بانگەشەی پێشوو كە خۆی لە هێرش كردنە سەر دەسەڵات دەبینیەوە مەیدانەكە گڵاو بكەنەوە، بەلام ئەمجارە بە مەتح و سەنای لایەنێكی دەسەڵات بە دیاریكراوی یەكێتی و هێرش كردنە سەر پارتی بگەن بە نانە چەورەكەی پەرلەمان، لە كاتێكدا ئەم دوو حزبە هەر یەكیكیان زۆنێك بەڕێوە دەبەن و بەرپرسیارن لە باش و خراپیەكانی 33 ساڵی ڕابردوو.
كاندیدی وا هەیە لە دونیای گۆرانی گوتنەوە پازی داوەتە دونیای سیاسەت دوو سێ ساڵە سەنگەری لە حزبێکی دەسەڵاتەوە گواستۆتەوە بۆ هاوبەشە دەسەڵاتەکەی، لەو کاتەوە پەیجی فەیسبووكەكەی تەرخان كردووە بۆ هێرش كردنە سەر حزبەکەی پێشووی، دونیاكەی بەسەر رەش و سپی دابەش كردووە و لە لای ئەو ئەملا ئەهریمەن و ئەولا فریشتەیە، هەر چەندە خۆشی بڕوای بە قسەكانی نیە، بەلام ئەو دۆخەی تێیكەوتووە وا دەخوازێ ئەو ئاوازە بژەنێ، خۆ ئەگەر چاودێری بخرێتە سەر واتس ئەپەكەشی دوور مەبینن لە ژێرەوە موجامەلەی بەرپرسەكانی پارتی بكات..!
پۆپۆلیستی وا قێزەون هەیە جگە لە قسەی ئاست نزم و عەرز كردنی جەستە و ڕوخساری خۆی هیچ بەهرەیەكی تری تێدا نابینرێ، كاتێ ئاشكرا بوو كاندیدی لایەنێكی دەسەڵاتە، كۆمێنت نوسەكانی شۆك بوون، لە كاتێكدا ساڵێك نابێ كەسی دووەمی ئەو حزبەی كاندیدی كردووە بە جانتا هەڵگر تۆمەتباری دەكرد، ئێستاش بە سیاسەكی دەگمەن و پیاوێكی دەوڵەتمەدار ناوی دەبات، ئەمە چەندی بە چەند.؟
ئەگەر هاتوو ئەمانە گەیشتنە پەرلەمان كە گەیشتنیان ئاسان نیە خوا دەزانی مانەوەیان لە ناو ئەو حزبە تا کوێ بڕ دەکات و چەند دەخایەنێ.؟ چونكە ئەمسەر و ئەوسەریان لەسەر چۆنیەتی سەفقەی ژیر بەژێر و چەندیەتی نرخەكە وەستاوە.
بە گشتی پۆپۆلیستەكان ناشیرینن جا سەر بە هەر ئاراستەیەك بن و هەر بەرەیەك كۆیان بكاتەوە، خەڵكیش هۆشیارە نرخ و حەجمی راستەقینەی ئەوانە دەزانن، بۆیە ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی دەنگدەرانە، ئومێدەوارم بە هەمان نەفەسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بكەن دەرسێکی باشیان بدەن، چونكە بە دەرنەچوونیان خۆیان بێ ئومێد دەبن و پۆپۆلیستەکانیش لە قیڕە قیڕ دەخرێن.