بە هۆی جەنـ،ـگی ئیسـ،ـرائیل و پرۆکسەکانی ئێـ،ـران ڕۆژهەڵاتی ناوین بە بارودۆخێکی ناسەقامگیری سەربازی و سیاسی تێدەپەڕێ، وڵاتانیش لە ئاست وەستاندنی جـ،ـەنگەکە دەستەوەستانن، وە هەنگاوەکان بە ئاراستەی چارەسەری ئەو ناسەقامگیریە ناڕوونن.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم دۆخە ناسەقامگیریە باس و خواسی گۆڕانکاری لە ناوچەکە هەیە، ئەم باس و خواسە لە ئاستی کاراکتەری باڵای وڵاتان کراوە.
بەو هۆیەی پێگەی جوگرافی هەرێمی کوردستان هاوسنورە لەگەڵ وڵاتانی شەڕ و ئەگەریش هەیە عێراق بچێتە ناو جەنگەکەوە، ئەمەش وادەکات پڕوشکی ئاگرەکە نزیکتر ببێتەوە لە هەرێمی کوردستان.
ئەمانە هۆکارن تا بڵێین پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی حوکمڕان و خاوەن نفوز لە هەرێم زیاتر لە جاران پێویستیان بە یەکترە چەندە لە یەکتریش زویر بن.
ئەو واقیعەی لە هەرێمی کوردستان هەیە ڕێگا نادات پارتی بێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێ و یەکێتی بخاتە دەرەوەی دەسەڵات و ببێتە ئۆپۆزسیۆن، ئەمەیان بۆ یەکێتیش ڕاستە.
تا ئێستا حزبەکان بە دیاریکراوی یەکێتی گوتارەکانی لە چوارچێوەی خیتابی بانگەشەی هەڵبژاردن دەنەچووە، وە ئەو قسانەی سەرۆکی یەکێتیش لە کۆڕبەندی میری کردی ئاماژەیەک بوو کە یەکێتی هەوڵ دەدات ڕێگری بکات لەوەی پارتی ڕێژەی 50+1 ی پەرلەمان تەواو بکات نەک یەکێتی هەوڵی بەدەستهێنانی 50+1 بدات، چونکە ڕێگاکەی پارتی بۆ مسۆگەر کردنی زۆرینەی پەرلەمان نزیکترە وەک لە یەکێتی، دەتوانم بڵێم بۆ یەکێتی ئەم هەوڵەی نزیکە لە مەحاڵ.
خۆ گەر هەر یەکێک لەم دوو هێزە ئەو ڕێژەیەش تەواو بکەن ئەستەمە حکومەت بێ بەشداری کردنی یەکتر پێکبهێنن.
پەنا بردن بۆ زۆرینە لە دوای هەرهەڵبژاردنێک قوڕەکە خەستتر دەکاتەوە وەک ئەوەی یەکێتی لە موصڵ و کەرکوک کردی هەنگاوی هەڵە بوون و دیراسەی ورد و دوور مەودای بۆ نەکرابوو.
وا دەخوێندرێتەوە ئەم بانگەشەیەی سەرۆکی یەکێتی پەیوەندی بەو نیگەرانیانەوە هەبێ لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوەکانی هەرێم ئیجرائاتیان بەرامبەر هەندێ لە ڕەفتارەکانی کاربەدەستانی یەکێتی نوێ گرتۆتە بەر، وەکو ئەو ڕێکارانەی بەرامبەر عەمەلیەی کوشتن گیراونەتەبەر لەوانە کوشتنی موراد کانی کوردەیی و هاوکار جاف.
کەیسی شەهید هاوکار جاف دەستپێک بوو بۆ قوڵبوونەوەی ناکۆکیەکانی نێوان پارتی ویەکێتی نوێ، لە بەرئەوەی کردە تیرۆریسـ،ـتیەکە لە پایتەخت و نزیک فڕۆکەخانەی نێو دەوڵەتی هەولێر بوو، کردەوەیەکی لەو شێوەیە هەڕەشەیەکی گەورە بوو لەسەر ئاسایشی هەرێم، بەو پێ یەی کونسوڵخانەکان و دیپلۆماتکارانی وڵاتان لە هەولێرن، ئەمانە هۆکار بوون تا لەو کەیسە خاترانەی کەس نەگیرێ و ڕێکارەکان بە پێی یاسا بگیرێنە بەر، خۆ گەر ڕێکارەکانیش وا جددی نەبوونایە بەشێک لە بەرپرسە ناڕازیەکانی تری یەکێتی هەمان چارەنوسی هاوکار جاف و موراد کانی کوردەییان دەبوو.
یەکێتی نوێ ئەم ڕێکارانەی پێ هەزم نەکرا و پێی وابوو پارتی لە ڕێگای دام و دەزگاکانی هەرێم شەڕی پێ دەفرۆشێ، ئەمە کرۆکی نیگەرانیەکانی یەکێتی یە لە کابینەی نۆیەم.
ڕێگا ڕاستەکەی نێوان پارتی و یەکێتی بریتی یە لە قەبوڵکردنی یەکتر و خوێندنەوەی یەکتر بەپێی حەجم و قورساییان، بەدەر لەمە گرتنەبەری هەر ڕێگایەکی تر مەترسی بۆ لەتبوونی حەقیقی هەرێم درووست دەکات.