دواین هەواڵ

کە لێمان ڕۆی، ئینجا چی ؟!

‌شیروان تاڵیب

24/07/2024

بەسەراحەت، ئەم زووروفەی لەم هەرێمە بۆ کورد وەک نەتەوە و بۆ پارتی و یەکێتیش وەک حوکمڕان هاتۆتەپێش، لە هیچ زەمینە و لە هیچ زەمانێکدا، بۆ کورد و بۆ هیچ سوڵطەیەکی کوردی، نە هاتۆتەپێش، نە دێتەپێش!
هەرێمێکی دەستووری کە دنیا بە ناسینی خۆشحاڵ بێ و، سەر خاکەکەی شەعبێکی بەئیرادە و موقنیع، ژێر خاکەکەیشی، پڕ خێر و بێرێکی (دەرهاتوو) بێ، بۆ هیچ سوڵطەیەک لەم دنیایە هەڵنەکەوتووە و تەسەوریش ناکەم هەڵکەوێ!

ئێرە، واتا ئەو هەرێمەی کە باسم کرد، بۆئەوەی ببێتە بەهەشت، یان هیچ نەبێ، خەڵکەکەی وا هەست بکەن لە بەهەشتن، جگە لە حوکمڕانییەکی (ڕەشید)، هیچی تری ناوێ! ڕەشید، بەو مانایە نا کە ( خوانەخواستە) حوکمڕانەکانی، ئینسانی ڕەشید بن، نەخێر، شکوور هەموویان، خسووسەن ئەوانەیان کە گەورەی میللەت و پێشڕەوی گەلن، ڕەشیدن و تەئریخییەن ڕەشیدیش بوون. ڕەشید، بەو مانایەی کە ئەوەی خاڵق لەژێر عەرز وەک بەرەکەت پێی داون و مەخلوقیش لەسەر عەرز، هەرچی متمانە هەیە پێی بەخشیون، ڕەشیدانە، دوو بە دوو، ئیدارە بدەن!

وەزعەکە ئەوەیە، کەس کەسی پێ بەلاوەنانرێ، ئەم بەبێ ئەوی تر، ئیشەکەی پێ ناکرێ، ئیتر ململانێ لەسەر شتێک و دووانیش نا، لەسەر هەموو (شت)ێک، یەعنی چی؟!

دنیا بە شەرقی (ڕادیکال) و غەربی (لیبرال)یەوە، هەر ئەیانەوێ هەمووان بەپێی حەجمی خۆیان هەبن و هەموویشیان شت بن! نایانەوێ تەنیا یەکێک هەبێ، جا ئەو یەکە، چەند لەسەر هەقیش بێ، چەند بەهێزتر و حەکیمتر و دەوڵەتمەدارتریش بێ، هەر نایانەوێ تەنیا بێ، ئەیانەوێ لەتەنیشتییەوە، هی تریش هەبێ، ئیتر ئەم قۆڵبادانە بۆچی و ئەم ملشکاندنە لە پای چی؟!

کاتی خۆی، شەڕی گەرمی ناوخۆییمان، ملی ئەحزابی (دینی) قەوی کرد و لە (هیچ)ەوە کردنیە شت!

ئەم شەڕی ساردەیشی کە چەند ساڵێکە دەستمان داوەتێ، وەکچۆن مشەخۆرانی کردە مشوورخۆری موستەغیلچی، وا خەریکە زمان درێژمان لێ ئەکاتە زمانحاڵ و دەم پیسیشمان بۆ ئەکاتە نوێنەر!
کەس لە کۆمێنت بۆم نەنووسێ (خائین هەیە و خیانەت ئەکرێ)، چونکە من زۆر لە تۆ خائینناسترم و ئەشزانم خیانەت چۆن ئەکرێ، بەس کە هیچمان پێ نەکرێ، ئیتر وا باشترە خەمی خاکمان بێ و خەمی خاک بە ئاودا نەدەینەوە، ئاخر کە لێمان ڕۆی،،

(بە قەڕنێ تر، بە تۆزی پای ناگەینەوە).


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP