دواین هەواڵ

ڕۆژئاوای کوردستان و هاوکێشەی سووريا

‌رەنج نەوزاد

23/07/2024

لەم ماوەیەدا چەند ڕووداو و هەنگاوێکی گرنگ هەبووە سەبارەت بە هاوکێشەی سووريا کە ئەگەر هەیە ببنە هۆکاری گۆڕانکاری و وەرچەرخان لەو هاوکێشەیەدا. ئەمانەش ڕاستەوخۆ پەيوەندی بە پرسی کورد و ڕۆژئاوای کوردستانەوە هەیە. ئەو ڕووداو و هەنگاوانەش بريتييە لە هەوڵەکانی ئەردۆگان بۆ ئاسايکردنەوەی پەيوەندييەکانی لەگەڵ ئەسەد، شەڕی غەززە، پێگەی ئێران لە سووريا، ئەگەری دووبارەبوونەوەی سەرۆکایەتی ترەمپ، پرسی بەهێزبوونەوەی داعش، پرسی ئازادکردنی زیاد لە هەزار ديل کە لە ئێستادا ڕوودەدات لە لایەن هەسەدەوە، کە بەشێکی زۆريان بە تۆمەتی تيرۆر و داعش دەستبەسەرکرابوون.

سەرەتا پێويستە نەخشەی هەژموون و دابەشبوونی هێزەکان لە سووريا بزانين بۆ ئەوەی باشتر لە یەکێک لە ئاڵۆزترين هاوکێشە سياسييەکانی ناوچەکە، کە سووريایە، تێبگەين. لە ئێستادا سووريا تەنيا وەک ناو و نەخشەی فەرمی ماوەتەوە، لە واقعدا شتێکی ترە. لە ڕووی دابەشبوونی هێزە دەرەکييەکان، ئەوا سووريا دابەش دەبێتە سەر سێ ناوچە: ناوچەی هەژموونی ڕووسيا-ئێران (کە ناوچەی ڕژێمەکەی ئەسەدی پێ دەوترێت)؛ ناوچەی هەژموونی ئەمريکا، ناوچەی هەژموونی تورکيا. لە ڕووی دابەشبوون بە پێی هێزە ناوخۆييەکان بە گشتی دابەش دەبێتە سەر دوو ناوچە: ناوچەی ڕژێمەکەی ئەسەد و ناوچەی گروپە ئۆپۆزسيۆنەکان کە دژە ئەسەدن یان لەگەڵ دووبارەبوونەوەی سوريای پێش ٢٠١١ نين (ئەمانيش بريتيين لە چوار گروپی سەرەکی).

بە وردەکاری زیاترەوە، سووريا لەڕووی دابەشبوونی ناوخۆییەوە ٥ ناوچە یان بەشە کە هەر یەکێکی لە لایەن گروپ یان حکومەتێکەوە بەڕێوەدەچێت بە پشتگيری دەوڵەتانی دەرەکی: ناوچەی ڕژێمەکەی ئەسەد کە زیاد لە ٦٣٪ی ئەو خاکەی بەدەستە کە پێی دەوترا خاکی سووريا. هەر چەند ئاستی کۆنتڕۆڵکردن و هەژموونی ئەسەد لە هەموو ئەو ناوچەیە وەک یەک نييە، بەڵام زاڵترين گروپە. ئەم ناوچەیە ڕووسيا لە ڕووی ئاسمانی و دبلۆماسييەوە پشتگيری دەکات. ئێران و گروپە تيروريستييە شيعەکان و سوپای ئەسەد لە ڕووی زەمينييەوە پارێزگاری لێدەکەن. هەسەدە کە نزيکەی ٢٦٪ی خاکی بەدەستە ڕاستەوخۆ لە لایەن ئەمريکاوە پشتگيری دەکرێت. نزيکەی ١١٪ی خاکی سووريا لە لایەن گروپە ئۆپۆزسيۆنەکانی ترەوە بەڕێوە دەچێت کە سێ گروپی سەرەکين:

١. سوپای نيشتيمانیی سووريا (یان حکومەتی کاتی) کە چەندين گروپی سوونەی تيرۆريستی و چەتە لە خۆدەگرێت و ڕاستەوخۆ لە لایەن تورکياوە پشتگيری دەکرێن. بەشێک لە ڕۆژئاوای کوردستان بە عفرينەوە و بەشێک لە باکور و باکوری ڕۆژئاوای سووريا حوکم دەکەن. ٢. دەستەی ئەحراری شام (حكومة الإنقاذ) کە جەبهەی نوسرەی جارانن، ئەمانيش چەندين گروپی سوننەی تيرۆريستی لە خۆدەگرێت و ناوچەی ئيدلب حوکم دەکەن. لەسەر ئاستی فەرمی خۆیان بەسەربەخۆ دەزانن بەڵام تورکيا هاوکارييان دەکات بە نهێنی، هەر چەند هاوکارييەکانی تورکيا بۆ ئەمان زۆر کەمترە بە براورد بە هاوکارييەکانی بۆ سوپای نيشتيمانیی سووريا. ٣. سوپای سوريای ئازاد (مغاوير الثورة) گروپێکی چەکدارن لەو ئەفسەر و سەربازانەی کە لە سوپای ئەسەد جيابوونەوە. لە ناوچەی تەنەف (کە یەکێک لە سەربازگە سەرەکييەکانی ئەمريکای لێيە) لە باشووری سووريا لەسەر سنووری عيراق-سووريا-ئوردن چالاکن. ڕاستەوخۆ لە لایەن ئەمريکاوە هاوکاری دەکرێن. (وێنەکەی خوارەوە نەخشەی دابەشبوونی هێزەکانە بە شێوەیەکی گشتی، ئەو وردەکارييانە دەرناخات کە ئاماژەم پێکرد).

یەکێک لە ئاڵۆزييەکانی هاوکێشەی سووريا بريتييە لە کەمی خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەو بەرە و گروپانە و تا ڕادەیەک هەمووان دژی هەمووانن. هەردوو گروپە سەرەکييەکە (ئەسەد و ئۆپۆزسيۆن) جگە لەوەی دژی یەکترن، لەناوخودی گروپێکش کێشەی قووڵ هەیە. بۆ نموونە چوار گروپە ئۆپۆسيۆنەکە هەرچەند خاڵی هاوبەشيان ئەوەیە کە دژی ئەسەدن یان دژی گەڕانەوەی سوريان بۆ پێش ٢٠١١، بەڵام لەناوخۆياندا چەندين کێشە و ململانێی قووڵيان هەیە. تا ئێستا دژایەتی ئەسەد و ڕژێمی کۆنی سووريا، نەيتوانيووە ئەم گروپە ئۆپۆزسيۆنانە یەک بخات. ئەمەش لەبەر چەندين هۆکار: ناکۆکی دەوڵەتانی دەرەکی لەگەڵ یەکتر کە پشتگيری و ئاڕاستەی ئەم گرووپانە دەکەن؛ فاکتەری نەتەوەیی و ئايدۆلۆژی؛ فاکتەری ئابووری؛ ئاستی ململانێيان لەگەڵ ئەسەد... بۆ نموونە گروپە ئۆپۆزسيۆنەکانی تر وەک گروپیکی جوداخواز تەماشای هەسەدە دەکەن، یان وەک گروپێکی کافر. لە کاتێکدا هەسەدە بەهێزترين هێزە لەناو ئۆپۆزسيۆنەکان و زۆرترين ڕووبەری بەدەستەوەیە. یان بەشێک لەو گروپانە پێيانوایە هەسەدە (کوردەکان بە گشتی) لەسەرەتای هەڵگيرساندنی ناڕەزایەتييەکانی سووريا پشتگيری ڕوونی نەبووە بۆ سوورييەکان یان بێ لایەن ب، لە ئێستادا پەيوەندييەکانی لەگەڵ ئەسەد بە ئەندازەی ئەوان توند و خەراپ نييە.

لەناو بەرەی ئەسەد-ئێران-ڕووسيا هەرچەند ناکۆکييەکان بەو ئەندازەیەیی ناکۆکی نێوان گروپەکانی ئۆپۆزسيۆن ڕوون نييە، بەڵام ئاماژەی زۆر هەیە کە دەريدەخات لەناو ئەوانيش ناکۆکی و گورز وەشاندن لەیەکتر هەیە. بۆ نموونە: ڕووسيا بێ هەڵوێستە لەو هەموو هێرشەی ئيسرائيل ئەنجاميدەدات لە سووريا دژ بە ئێران و ميليشياکانی لە کاتێکدا ئاسمانی ئەو ناوچانە لە لایەن ڕووسياوە دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێت؛ ئێران جەنگی ڕووسيا و ئۆکڕانيای قۆستەوە بۆ بەهێزبوونی خۆی و کەمکردنەوەی هەژموونی ڕووسيا لە سووريا. زۆرێک لەو ناوچانەی کە سوپای رووسی لێ کشایەوە لەبەر ڕەوانەکردنيان بۆ ئۆکڕانيا، ئێران شوێنی گرتنەوە. لە کاتێکدا ڕووسيا دەيەوێت خۆی هێزی یەکەم بێت لە ناوچەکانی ئەسەد نەک ئێران؛ گومان و دەنگۆی ئەوە هەیە کە هەواڵگری ئەسەد زانياری ورد دەدەنە ئيسرائيل بۆ کووشتنی جەنەراڵە سەرەکييەکانی پاسداران لە سووريا. دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەسەد بێ زار بووە لەو هەژموونە گەورەیەیی ئێران لەو ناوچانەی کە ئەسەد حوکمی دەکات.

ئاڵۆزييەکی تر ئەوەیە کە هێزە دەرەکييەکانی وەک ئەمريکا و ڕووسيا و تورکيا و ئێران، هەرچەند هاوکار و ئاڕاستەکەری سەرەکی ئەو گروپە ناوخۆييانەن، بەڵام ئاماژەکان ئەوە دەڵێن کە مەرج نييە هەموو بڕيارەکانی ئەو دەوڵەتانە لە لایەن گروپەکەکانيانەوە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت بە بێ نا ڕەزایەتی. بۆ نموونە ناڕەزایەتييەکانی ئەم دوایەیی دژ بە تورکيا لەو ناوچانەی کە تورکيا لە ڕێگەی ميليشياکانيەوە حوکمی دەکەن. یان دەستەی ئەحراری شام تا ئێستا ئامادە نييە وەک سوپای نيشتيمانی سووريا بچێتە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکيا. ئەمريکا چەند ساڵێکە هەوڵدەدات کە سوپای سوريای ئازاد بکاتە بەشێک لە هەسەدە یان پەيوەندييەکی توند درووست بکات لە نێوانياندا، بەڵام تا ئەمرۆ ئەوە ڕووينەداوە، هەرچەند هەندێک هەنگاو چووەتە پێشەوە. ڕووسيا ناتوانێت ئێران و گروپە تيرۆريستييە شيعەکان بەو شێوەیە کۆنتڕۆڵ بکات کە خۆی دەيەوێت. ئێران ناتوانێت هەواڵگری و سوپای ئەسەد وەک ميليشيا شیعەکانی تر (حيزبوڵا و فاتەميون و زەينەبيون و حەشد...) کۆنتڕۆڵ بکات. ئەمەش ئاماژەیەکە بەوەی ئەگەر تەنانەت ئەمريکا و ڕووسيا و تورکيا و ئێران لەسەر هاوکێشەی سووريا ڕێککەوتنيش بکەن بۆ درووستکردنی ئايندەیەکی دياريکراو، ئەوا ئەگەری بەردەوامبوونی شەڕی ناوخۆ هەر هەیە.

یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی گروپە ئۆپۆسيۆنەکان بريتييە لە دژایەتی ئێران و گروپە تيروريستييە شيعەکان، ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک: ئێران و ئەسەد لە یەک بەرەن؛ لایەنی مەزهەبی کە سوونە و شيعەیە (ئەمە زیاتر پاڵنەری گروپە تيرۆريستييە سوننەکانن ئەوانەی سوپای نيشتيمانی سوريا و دەستەی ئەحراری شام نەک هەسەدە و تا ڕادەیەکيش گروپی سوپای سوريای ئازاد)؛ کێبرکێی نێوان تورکيا و ئێران ڕەنگدەداتەوە لە ململانێی نێوان گروپە سوننييە تيرۆريستييەکان و تيرۆستە شيعەکان. هاوکات ململانێی نێوان ئەمريکا و ئێران ڕەنگدەداتەوە لە ململانێی نێوان سوپای سوریای ئازاد و گروپە شيعەکان. سوپای سوريای ئازاد لە تەنەف بە فەرمی دوو ئامانجی هەیە: بەگژاچوونەوەی داعش و ماددەی هۆشبەر واتە ئێران و ميليشياکانی. هەسەدە هەر چەند کەمتر لەوان ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری هەیە لەگەڵ گروپە تيروريستييەکانی شيعەکان (لەمەدا فاکتەری پەکەکە ڕۆڵ دەبينێت)، بەڵام ماوەی ڕابوردوو پێکدادانی نێوانيان زیادی کردوە. هاوکات پەيوەندی ئەمريکا و ئێران فاکتەرێکی ترە بۆ ئەم ململانێيە. جگە لەوەی دژایەتی ئێران بۆ قەوارەیەکی کوردی فاکتەری سەرەکييە.

-ئەگەری ئاسايکردنەوەی پەيوەندييەکانی تورکيا و ئەسەد: تورکيا دوو ئامانجی هەیە لەمەدا، لەناوبردنی قەوارەی ڕۆژئاوای کوردستان و ناردنەوەی ئاوارە سوورييەکانی تورکيا. سوورياش مەرجەکەی ئەوەیە تورکيا لە تەواوی خاکی سووريا بچێتە دەرەوە و هاوکاری گروپەکانی ئۆپۆزسيۆن نەکات. ڕووسيا و ئێران پشتگيری ئەم هەنگاوە دەکەن بە تایبەت ئەگە داواکارييەکانی ئەسەد جێبەجێ بکرێت. چونکە ئەمە دەسەڵاتی ئێران و ڕووسيا زیاد دەکات و بەرەیەکی دژە ئەسەد دەچێتە دەرەوەی گەمەکە. هاوکات دەبێتە کارتێکی فشار بۆ دەرکردنی ئەمريکا بەوەی کە سووريا دەبێت ببێتەوە بە دەوڵەت. ڕووسيا و ئێران لەسەر داواکاری ئەسەد واتە دەوڵەتی سووريا لەوێ ئامادەن، بۆیە لای سووريا تەنيا ئامادەبوونی ئەمريکا و تورکيا نا یاسايين. لەم ئەگەرەدا کورد زەرەرمەندی یەکەم دەبێت. چوونەدەرەوەی تورکيا لە کاتێکدا سوودی بۆ کورد هەیە کە بتوانێت عفرين و ناوچەکانی تر ئازاد بکات، ئەمەش ئەستەمە تورکيا و ڕووسيا و ئێران ڕێگەنادەن. لەبەر تورکيا، ئەمريکاش پشتگيری ئەم هەنگاوە ناکات. بەڵام ئەم ئەگەرە ڕێگری زۆر لەبەردەمە: تورکيا ئامادە نييە پێش وەخت بکشێتەوە لە ترسی ئازادکردنی ناوچە کوردييەکان لە لایەن هەسەدەوە؛ ميليشياکانی تورکيا نا ڕازين لەو هەنگاوە چونکە زیانی گەورەی بۆیان دەبێت. قورسيشە ئەو گروپانە لەگەڵ سوپای ئەسەد یەکبگرنەوە؛ ئەمريکا لەوانەیە ڕازی نەبێت بە کشانەوەی تورکيا و شوێنگرەوەی بە ئێران؛ ئەسەد نايەوێت ٣ مليۆن ئاوارە وەربگرێتەوە کە زۆربەیان دژە ڕژێمن.

واتە مانەوەی تورکيا لە سووريا، سەرەڕای ئەو هەموو زیانەی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان هەیەتی، هەر باشترە لەوەی ئەگەر بکشێتەوە و ئەو سيناريۆ خەراپترانە ڕووبدەن کە ئاماژەم پێکرد. کشانەوەی تورکيا گورزێک دەبێت بۆ سوپای نيشتيمانی سووريا و دەستەی ئەحراری شام کە دەبێت شەڕێکی نا هاوسەنگ بکەن بەرامبەر بە ئەسەد و ئێران و ڕووسيا، یان خۆیان هەڵبوەشێننەوە.

-شەڕەکەی غەززە: تا ئێستا شەڕەکەی غەززە تا ڕادەیەک متمانەی ئيسرائيلی هێشتوەتەوە بە ئەسەد. چونکە کەمترين هێرشی مووشەکی کراوە لە بەرەی سوورياوە بۆ ئيسرائيل. واتە ئەسەد توانيویەتی حيزبوڵا و ميليشياکانی ئێران تا ڕادەیەکی باش کۆنتڕۆڵ بکات لەوەی سووريا تێوەبگلێنن بەو جەنگەوە. هاوکات خاکی سووريا بووە بە دۆزەخی جەنەراڵەکانی پاسداران، کە ئەمە دەکرێت خاڵێکی پۆزەتيڤی ئەسەد بێت لای ئيسرائيل. ئاماژەدان بە ئيسرائيل لێرەدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی ئەم دەوڵەتە لە سياسەتی ئەمريکا لە ناوچەکەدا. مانەوەی سووريا بە لاوازی و نا سەقامگيری لە بەرژەوەندی ئيسرائيلە. ئەمەش لە دوو ڕووەوە پەيوەندی بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە هەیە: ڕوویەکی پۆزەتيڤە کە دەکرێت ئەمريکا هەوڵبدات ئەم دۆخەی سووريا بۆ ماوەیەکی درێژ وەک خۆی بمێنێتەوە چونکە لە سوودی ئيسرائيلە، مانەوەی دۆخەکە وەک خۆی واتە مانەوەی دەسەڵات و پێگەی گەورەی ڕۆژئاوای کوردستان. ڕووەکی نێگەتيڤە بەوەی دەکرێت ئەم متمانەیە بە ئەسەد لای ئەمريکا و ئيسرائيل وا بکات کە قبوڵکراوبێت ئەسەد هەموو ناوچەکانی سووريا حوکم بکات، بە هەندێک مەرجی وەک سنوورداکردنی هەژموونی ئێران و ڕووسيا، و نزيکبوونەوەی سووريا لە بەرەی دەوڵەتانی عەرەبی و بە تايبەت کەنداو.

-ئەگەری لاوازبوونی پێگەی ئێران لە سووريا: بە هۆی ئەو هەموو گورزە کاريگەرەی ئيسرائيل لە پاسداران و مليشياکانی لە سووريا لە ماوەی ١٠ مانگدا، ئەگەری لاوازبوونی ئێران لەو هاوکێشەیەدا هەیە. دەنگۆی ئەوە هەیە کە بەشێکی زۆری پاسداران جێگەکانی خۆیان بۆ حيزبوڵا و ميليشياکانی تر چۆڵکردوە. ئەم لاوازبوونە ڕێژەییەیی ئێران جگە لە ئەمريکا، دەکرێت بە نا فەرمی لە لایەن ئەسەد و ڕووسيا و تورکياشەوە پشتگيری بکرێت. پێدراوەکانيش تا ڕادەیەک ئەوە دەسەلمێنن. لاوازبوونی ئێران لەوێ وەک دووژمنێکی سەرەکی ڕۆژئاوای کوردستان لەبەرژەوەندی کوردە بەو مەرجەی ئەو لاوازبوونە نەبێتە لاوازبوونێکی تەواو و لە ئەنجامدا ببێتە هۆکاری گەڕانەوەی سەروەری سووريا. بە تايبەت یەکێک لە هۆکارەکان بۆ ئامادەبوونی ئەمريکا لە سووريا بريتييە لە هەژموونی ئێران لەوێ. مانەوەی هۆکارەکانی ئامادەبوونی ئەمريکا لە سووريا، لە بەرژەوەندی کوردە.

-گەڕانەوەی ترەمپ: هەر وەک چۆن گەڕانەوەی ترەمپ دەکرێت سوودی بۆ کورد هەبێت لەبەر سياسەتە توندەکەی بەرامبەر بە ئێران، دەکرێت مەترسی گەورەشی هەبێت. ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی هەوڵيدەدا سوپاکەی لە سووريا بکشێنێتەوە. بەڵام ئەو کات لەبەر چەندين هۆکار، یەکێک لە هۆکارەکان بريتی بوو لە لۆبی ئيماڕات و سعوودييە، وایان کرد ترەمپ ئەو بڕيارە نەدات و بە تەواوی جێبەجێی نەکات. ئەو کات ئيماڕات و سعوودييە لە دژی ئێران و ئەردۆگان هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستان بوون و مانەوەی بەلایەنەوە گرنگ بوو. لە ئێستادا پەيوەندی ئەو دوو دەوڵەتە لەگەڵ ئێران و ئەردۆگان، بە براورد بەو کاتە، زیاتر ئاسایی بووەتەوە، بە تايبەت لەگەڵ ئەردۆگان کە شکستی هێنا لە پڕۆژەکانی لە بەهاری عەرەبی و دەستبەرداری ئيخوانييەکان بوو. هاوکات هەردوو دەوڵەت لەگەڵ ئەسەديش پەيوەندييەکانيان دەستپێکردەوە. لە ئێستادا ئەم لۆبييە لەوانەیە وەک ئەو کات کاريگەر نەبێت بەسەر ترەمپ، بۆیە مەترسی ئەوە هەیە بڕياری کشانەوەی سوپاکەی بدات لە سووريا. مەترسييەکی تر ئەوەیە کە ترەمپ لەوانەیە ڕێککەوتن بکات لەگەڵ تورکيا و ڕووسيا سەبارەت بە گۆڕەپانی سووريا. ئەگەر ئەم مەترسييانە ڕوونەدەن، ئەوا هاتنەوەی تڕەمپ سوودی زیاترە بۆ کورد.

کشانەوەی ئەمريکا لە هاوکێشەی سووريا مانای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی هەسەدە و سوپای سوريای ئازادە لە تەنەف.

-پرسی بەهێزبوونەوەی داعش: بە پێی داتاکان چالاکی داعش لەمساڵدا، زۆر زیادی کردوە بە براورد بە ساڵی ڕابوردوو. بەهێزبوونەوەی ئەم گروپە لە هەندێک ڕووەوە سوودی بۆ ڕۆژئاڤا هەیە: بە پێی یاسا و لەسەر ئاستی فەرمی هۆکاری هەبوونی سوپای ئەمريکا لە سووريا، پرسی تيرۆر و داعشە (هۆکارەکانی تر پرسی رووسيا و ئێرانە...). هۆکارە فەرمييەکە گرنگە بۆ ناوخۆی ئەمريکا و لایەنی یاسایی و بودجە تەرخانکردن و کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پيران؛ لەدايکبوونی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان و گەشەکردنی لە ئەنجامی قەيرانەکەی سووريا لە ٢٠١١ و هەبوونی داعش و ئامادەبوونی ئەمريکا بوو؛ شێوەی چالاکييەکانی داعش دژە هەمووانە، ڕاستە دژی ڕۆژئاوای کوردستانيشە، بەڵام دەوڵەتانی ناوچەکەش سەرقاڵ دەکات و سەقامگيريان تێکدەدات. جەنگ و تێکچوونی سەقامگيری و لاوازبوونی دەوڵەتەکان هۆکاری سەرەکی بوو بۆ درووستبوونی هەردوو قەوارە کوردييەکە.
-پرسی ديلەکانی لای هەسەدە: ژمارەیەکی زۆر لە تيرۆريستانی داعش و ئەوانی تر ديلن لای هەسەدە. بۆ نموونە ئۆردوگای (الهول) لە ژێر دەستی هەسەدەیە کە بە مەترسيدارترين ئۆردوگای جيهان دادەنرێت. نزيکەی ٥٠ هەزار کەسی تيایە، کە زۆربەيان کەسوکاری داعشەکانن. ئەمە کارتێکی بەهێزە بەدەست هەسەدە لە هاوکێشەکاندا. چونکە ئازادکردنی ئەوانە یان ڕاکردنيان بە هۆی لێدان لە دەسەڵاتی هەسەدە، دەکرێت دووبارە داعش هێزێکی گەورەی بۆ بگەڕێتەوە. بە تايبەت کە زۆرێک لە مناڵی داعشەکان ئێستا گەورە بوونە و دەتوانن چالاکی ئەنجامبدەن. ئەم مناڵانە لە باوکيان مەترسيدارترن، چونکە هەر لەسەرەتاوە لەناو ژينگە و پەروەردەی داعش لەدايکبوونە و گەورە بوونە، ژينگەی تريان ئەزموون نەکردوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابوردوو هەسەدە بڕياری ئازادکردنی زیاد لە هەزار زيندانيکراوی دا بە لێخۆشبوونێکی گشتی، کە بەشێکی زۆريان بە تاوانی داعش و تيرۆريستی دەستبەرسەر کراوبوون. چەند بۆچوونێک لەم بارەیەوە هەبوو، بۆچوونێک پێيوایە لەبەر ڕازيکردنی دڵی ئەو خێزان و عەشرەتانە بووە کە لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەن. بەشێکی زۆری ئازداکراوان ئەندامی ئەوانن. ئەمەش متمانە و پشتگيری خەڵک بۆ هەسەدە زیاتر دەکات. بۆچوونێکی تر پێيوایە ئەو پڕۆسەی ئازادکردنە وەک پەيام و کارتێکی فشارە بۆ هەموو لایەنەکان کە هەسەدە دەتوانێت هەموو داعشەکان ئازاد بکات و دووبارە ناوچەکە بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی جاران. بە تايبەت ئەم بڕيارە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئەردۆگان بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەسەد و بەهێزبوونەوەی داعش لە ناوچەکەدا. هەر لەم ماوەیەدا مەزڵوم کۆبانی لە پەيامەکانيدا ئاماژەی بە دوو خاڵی گرنگ کرد: ١. ئامادەیی بۆ گفتوگۆکردن و دانوستان لەگەڵ هەمووان بە ئەسەد و تورکياشەوە. ٢. هەر وەها ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەی جەنگاوەرانی هەسەدە گەيشتووەتە ١٠٠ هەزار چەکداری خاوەن ئەزموون و چەکی پێشکەوتوو. ئەمەش پەيامێکە ئەگەر بە شێوەیەکی ئاشتيانە ڕێککەوتن نەکرێت ئەوا ئامادەیی و توانای شەڕيان هەیە.
وەک دەردەکەوێت هاوکێشەی سووريا بريتييە لە هاوکێشەیەکی ئاڵۆز و پڕ لە مەترسی و هەل و بەرە وبەرژەوەندی دژ بەیەک. زۆرێک لە ڕووداوەکان لایەنی بە سوود و زیانيان هەیە بۆ هەر یەک لە بەرەکان. دەکرێت ئەم چەند هەنگاوە گرنگ بێت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان:
١. هەموو هەوڵێک بدرێت مانەوەی ئەمريکا لە هاوکێشەی سووريا درێژتر بکرێتەوە. بۆ ئەمە دەکرێت هەسەدە پەيوەندييەکانی لەگەڵ ئيماڕات و سعوودييە بەکاربهێنێت. هاوکات لەگەڵ ئەو لایەن و کەسایەتيانەی کە لە ئەمريکادا ڕۆڵيان هەیە و دۆستی هەسەدەن. چونکە مانەوەی قەوارەی ڕۆژئاوای کوردستان بە تەواوی بەندە بە ئەمريکاوە.
٢. هەوڵدان بۆ زیادکردنی پشتگيری کۆمەڵگا لە ڕێگەی باشترکردنی لایەنی ئابووری و سەقامگيری و خزمەتگوزاری. لە دوای پشتگيری ئەمريکا، ئەمە دووەم بەهێزترين خاڵە. ئەمەش بەوە دەکرێت کە هەموو هەوڵێک بدرێت شەڕ و جەنگ و هێرشی سەربازی و ئاسمانی دووربخرێتەوە لە شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی ئارامی و ژێرخان و ئابووری و گوزەرانی خەڵک. لێرەوەیە پێويستە پەيوەندی فەرمی و نا فەرمی لەگەڵ پەکەکە نەمێنێت. هاوکات، بۆ قۆناغێکی دياريکراو، پرسی هێنانەوەی عفرين و ناوچەکانی تر بۆ ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، دوابخرێت چونکە ئەوانە بە بێ شەڕکردن لەگەڵ تورکيا و ئێران و ئەسەد ناکرێت.
٣. هەوڵبدرێت ئامرازی ئاشتی و دانوستان و ڕێککەوتن بکرێتە ئامرازی سەرەکی لەم قۆناغەدا بۆ ململانێکان.
٤. بەردەواميدان بە گەشەکردن و بەهێزکردنی لایەنی سەربازی گرنگييەکی گەورەی هەیە. چونکە هاوکێشەی سووريا واتە شەڕ و هێز و جەنگ. دواجار ئەم لایەنەش هۆکاری سەرەکييە بۆ ئەنجامدانی دانوستان و گفتوگۆی ئاشتيانە. دامەزراندنی سوپایەکی نيشتيمانی و کۆتایی پێهینانی عەقيدەی ميليشيایی و شەڕی پارتيزانی و تەکتيکی شەڕی گروپە چەکدارەکان و لۆژيکی بەرخۆدان گرنگترين هەنگاوە. سوپا بەرگری دەکات، گروپی چەکدار بەرخۆدان دەکات. بەرخۆدان واتە وێرانکردنی شار و وڵاتی خۆت و بە کووشتدانی سڤيل.
٥. هەوڵی بەردەوام بدرێت سوپای سوريای ئازاد بکرێت بە بەشێک لە هەسەدە و لە ژێر فەرمانی بێت. ئەمە دەسەڵاتی هەسەدە دەگەيەنێتە تەنەف و باشووری سووريا (واتە سنووری سووريا لەگەڵ عيراق و ئوردن). ئەم هەنگاوە ئەمريکا و ئوردنيش پشتگيری دەکەن. لە ئەگەرێکی وادا، تورکيا بە قوورستر دەگاتە ئەو ناوچەیە و قووڵایەکی گرنگ بۆ رۆژئاوای کوردستان درووست دەبێت بەرامبەر بە هێرشەکانی تورک. هاوکات دەبێتە کارتێکی بەهێز بەرامبەر بە ئێران و عيراقيش. هەر چەند ئەم دەستکەوتە زۆر قوورسە و دەيان ڕێگری و ئاڵۆزی بۆ درووست دەبێت، بەڵام دەستکەوتێکی مێژووی دەبێت، مەحاڵيش نييە.
٦. بيرکردنەوە و پلاندانان بۆ خەراپترين سيناريۆ کە کشانەوەی ئەمريکایە. ئەمە قوورسترينە، بەڵام لەبەر ئەوەی خەراپترين سيناريۆیە، پێويستە بە گرنگييەکی زۆرەوە تەماشا بکرێت.
٧. سوود بينين و بەکارهێنانی ناکۆکييەکانی نێوان گروپ و بەرەکانی تر. بۆ نموونە دەکرێت لەگەڵ دەستەی ئەحراری شام جۆرێک لە ڕێککەوتن هەبێت بۆ لێدان لە ميليشياکانی ئێران. یاخود جۆرێک لە ڕێککەوتنی نا فەرمی و نهێنی هەبێت لە پڕۆسەی ئازادکردنی ئەو داعشانە بەوەی چالاکييەکانيان ئاڕاستەی ناوچەکانی دەرەوەی هەسەدە بکەن. قۆستنەوەی ناکۆکييەکانی نێوان تورکيا و گروپە تيرۆريستييەکانی ئەردۆگان، بە تايبەت بە کشانەوەی تورکيا ئەوان تەنيا دەمێننەوە، دەکرێت هەسەدە جۆرێک لە هاوکارييان بکات بەرامبەر بە شەڕکردنيان دژ بە بەرەی ئەسەد و یان چۆڵکردنی عفرين بۆ هەسەدە...

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP