گواستنه‌وه‌ی حوكمڕانی عێراق له پادشایه‌تیه‌وه بۆ كۆماری تا ئێستا له به‌رده‌م دوو بۆچووندایه، بۆچوونێك پێیوایه كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی و دواتر پاڵپشتی جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵكی عێراق به‌رگی شۆڕشی کردە به‌ر ئه‌م قۆناغه ، به‌شێكی دیكه ته‌واو پێداگیرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌سڵه‌ته‌كانی شۆڕش له‌م قۆناغه‌دا بوونی هه‌یه و ناكرێت به كوده‌تای گرووپێك به‌سه‌ر گرووپێكی دیكه بێته ناساندن، به‌ڵام له نێو ئه‌م بۆچوونانه‌دا ناوه‌ڕۆكی گۆڕانكارییه‌كان شاهێدن بۆ قۆناغێكی گرنگ له مێژووی سیاسی و حكومڕانی ئه‌م وڵاته، ئه‌ویش ناوهێنانی(14ی ته‌ممووزی ساڵی 1958) وه‌ك وه‌رچه‌رخانێكی نموونه‌یی.
سیسته‌می پادشایه‌تی له عێراقدا، له نێوان ساڵانی 1920 تا 1958 ئه‌و وڵاته‌ی له چه‌قبه‌ستوویی و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی سیاسی و ئیداری و خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكردن به هاووڵاتیان گیرۆده كردبوو، به‌ڕاده‌یه‌ك ئه‌و گرووپانه‌ی ویستیان له گۆڕانكاری هه‌بوو، ئه‌گه‌رچی به ڕێژه كه‌م بوون به‌ڵام به ئیراده به‌هێزبوون و له ڕێگه‌ی هێزی سه‌ربازییه‌وه و به ڕاگه‌یه‌نراوێك و كۆمه‌ڵێك دروشم، (عه‌بدولسه‌لام عارف1921-1966) له‌گه‌ڵ (عه‌بدولكه‌ریم قاسم 1914-1963) ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌م شۆڕشه‌یان به ده‌سته‌وه گرت، كۆتایهێنانی سیسته‌می پادشایه‌تیان له عێراق ڕاگه‌یاند، ئه‌مه بووه هه‌نگاوێك بۆ سەرنجڕاكێشانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیش كه له‌م گۆڕانكارییه‌دا ده‌ست بۆ كۆمه‌ڵێك پرس ببه‌ن كه زیاتر عێراق له پشێوی و ناكۆكی دووربخاته‌وه، له‌م نێوه‌نده‌شدا پرسی كورد.
گرووپ یاخود بزووتنەوە نوێیەكەی عێراق، كە دواتر بوون بە پاڵەوانی گۆڕانكاری سیستەمی سیاسی وڵات، لەڕووی پرەنسیپی ئیدارەدانی وڵات و مامەڵەكردن لەگەڵ قەیران و كێشەكاندا دیدگایەكی هاوبەشیقان نەبوو، وەك ئەوەی ئێستایش لە عێراق دەبینرێت.
عه‌بدولكه‌ریم قاسم وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی كۆماره نوێیه‌كه‌ی عێراق، ده‌ستپێشخه‌ری ڕاگه‌یاند، جه‌نابی بارزانیی نه‌مر وه‌ك سه‌ركرده‌ی پرسی كورد و كاریگه‌رترین بڕیارده‌ر له‌وه‌ی ببن به پشتیوانی شۆڕشه‌كه‌یان خسته ئه‌جێندای كۆماره‌كه‌وه و بارزانیی له هه‌مان ساڵدا له یه‌كێتی سۆڤیەته‌وه گه‌ڕایه‌وه عێراق و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداره نوێیه‌كان هه‌ڵدایه‌وه، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی باش نه‌بوو، ماوه‌ی درێژی نه‌كێشا و شۆڕشی گه‌لی كورد ده‌ستیپێكرده‌وه و سه‌رجه‌م ڕێككه‌وتن و لێکگه‌یشتنه‌كان گۆڕان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری.
به‌ناوهێنانی ئه‌م شۆڕشه له یاده‌وه‌ریی عێراقییه‌كان باس له جه‌وهه‌ری چاكسازییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی كۆتایی ھێنان به ده‌رەبه‌گایه‌تی و چاكسازی كشتوكاڵی و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ڕێگه‌پێدان به فه‌رمی ناساندن و یاسایی بوونی حزبه‌كان به‌تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی عێراقی كه دواتر هه‌ردوو ئه‌م پارتانه كه‌وتنه به‌ر شاڵاوه‌كانی حكوومه‌ته‌كه‌ی قاسم. هه‌روه‌ها خاڵی هه‌ره گرنگ بۆ كورد ده‌ستووره‌كه‌ی ئه‌و قۆناغه(1958) بوو كه له ماده‌ی (3)دا عه‌ره‌ب و كورد وه‌ك دوو نه‌ته‌وه‌ی هاوبه‌ش له ماف و ئه‌ركدا ناساندووه.
گرنگی ئه‌م شۆڕشه له‌وه‌دا بوو به ئاوازێكی ئازادیخوازانه و دیموكراسیانه هاتنه سه‌ر حكومڕانی عێراق، به‌تایبه‌تی به‌عسییه‌كان دواتر به بیركردنه‌وه‌ی شۆڤینیانه‌ی عه‌ره‌بییه‌وه هه‌م جه‌وهه‌ری شۆڕشه‌كه‌یان ناشیرین و خوێناوی كرد، لە لایه‌كی دیكه‌شه‌وه عێراقیان خسته ناو چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكی به‌عسیانه و چەندین كاره‌ساتیان به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته‌دا هێنا كه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان بوون خۆزگه به سه‌رده‌می پادشایه‌تی بخوازن كه نه‌فه‌سێك له ئازادی تێدا بووه.
ئه‌گه‌ر بیانووی به‌عسییه‌كان و شۆڕشگێره‌كانی 14ـی ته‌مموز ده‌رهێنانی عێراق بوو بێت له‌ژێرده‌سته‌یی به‌ریتانیا و سیسته‌می پادشایه‌تی، ئه‌وا به ماوه‌یه‌كی كورتی حوكمڕانی خۆیان ئه‌وه‌یان له مێژووی عێراقدا نووسیووە كه چه‌نده به توندوتیژی و بیرته‌سكیان ته‌واوی عێراقیان كرد به‌كۆیله‌ی یه‌ك ئایدۆلۆژیای شۆڤینیانه‌ی كاولكارییانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م شۆڕشه ده‌روازه‌یه‌كی دیكه‌ی به ڕووی ئه‌و گرووپانه‌ی دیكه كرده‌وه، كه ناكۆكییه‌كانیان و ڕا جیاوازه‌كانیان به هه‌مان ئالیه‌ت یه‌كلایی بكه‌نه‌وه كه په‌نا بردنه به‌ر ڕووخاندن و كوشتن و كوده‌تا و به‌كارهێنانی چه‌ك بوو
عه‌بدولكه‌ریم قاسم و داروده‌سته‌كه‌ی زۆریان نه‌خا‌یاند، له ساڵی 1963 به‌عسیه (قه‌ومیه‌كان) ناسرابوون به‌هه‌مان ده‌ردی سیسته‌می پادشایه‌تی له‌نێوبران و جارێكی دیكه عێراقیان كرده‌وه گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و كوشتن و ده‌ستگیركردن و سنورداركردنی ئازادییه‌كان. بۆیه به‌شێك له‌وانه‌ی دژی قاسم بوون خوێندنه‌وه‌یان بۆ 14ـی ته‌ممووز ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پیاوێكی سه‌ربازیی بووه و توانستی سیاسی لاواز بووه، بۆیه نه‌یتوانیوه ئه‌م شۆڕشه بگه‌یه‌نێت به ئامانج و ئه‌و وڵاته ڕاده‌ستی كۆمه‌ڵێك شۆڤینی تینوو به خوێن بكات.
دوای 66 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م مێژووه، عێراق له كوێدایه؟ ئاخۆ ئەو ئەگەرانە كراوەن بۆ سەرهەڵدانی كودەتا یاخود شۆڕشێكی دیكە و مێژووی نوێی عێراقی ئەم ڕووداوە تۆمار دەكات؟
بێگومان زۆرجار وەك تاكتیكێکی سیاسی بۆ یەكخستنەوەی ماڵی شیعە، ئەو مەترسییە دەخرێتە گۆڕەپانی سیاسی و ململانێیەكانی پێ هێور دەكرێتەوە كە كودەتا یاخود شۆڕشێك دەسەڵاتەكەیان لێوەردەگرێتەوە، نموونەی بزووتنەوەی (تشرینیەكان) كە ساڵی 2019 توانیان لە گۆڕەپانی(تحریر) لە بەغدا هێزە سیاسییەكان ناچار بە هەڵبژاردنێكی دیكە بكەن، كە دواتر ئەم بزووتنەوەش لە بەرداشی دەسەڵاتدارێتی شیعەدا وردە وردە توانەوە، بەڵام هەمیشە تارمایی شۆڤینیەتی بەعسی و ئایدۆلۆژیاكەی بەسەر ئەم وڵاتە ماوەتەوە و ناوەناوە لە میدیاكان باس لە هەبوونی هەوڵی كودەتایەك یاخود شۆڕشێكی نوێ دەدرێت، بەڵام هەموو ئەوانە ناتوانن لەوە بەهێزتربن كە وەختی خۆی لە نێوان ساڵانی 2013 – 2014 گرووپی تیرۆریستی (داعش) دروستبوو كە وێنەی شۆڕشێكی سووننە مەزهەبی نیشاندا و جارێكی دیكە بووە بەهێزبوونەوەی دەسەڵاتی شیعە لە عێراق.
تاكە هیوایەك لای ئەوانەی كە چاوەڕوانن شۆڕشێك هاوشێوە یاخود كەمتر لە 14ـی تەممووز لە عێراق سەرهەڵبدات ئەو جوڵە و دیدگایەی موقتەدا سەدر ڕێبەری سەدرییەكانە، كە تاڕادەیەك جیاوازتر لە شیعەكانی دیكە مامەڵە لەگەڵ دۆخی عێراق دەكات، بەڵام ئەوەش لەگەڵ چەندین پرسیار و گومان ماوەتەوە.