دواین هەواڵ

پزیشکیان و چارەنووسی گەمەی ڕیفۆرمخواز-موحافیزەکار لە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێراندا

‌ئەبوبەكر كاروانی

07/07/2024

پێش چەند ساڵێک لەمەوپێش پزیشکیانم لە کۆنفراسێک لە شاری مەهاباد بینی. کە ئەوکات جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بوو .بابەتی من لە کۆنفراسەکەدا تایبەت بوو بە (بایەخی بەعەقڵانی بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان لە وڵاتی فرەکلتووردا) کە قسەکردن بوو لەسەر قاویعی فرەنەتەوەیی و مەزهەبی ئێراندا . ناوەڕۆکەکەشی ڕەخنەگرتن بوو لەوە کە تاکو ئێستا ئێران تەنها بە ووکەش دانی بە جیاوازییەکاندا ناوەو سیستەم ڕێگە نادات پێکهاتەکان خۆیان بەو جۆرەی دەخوازن و هەن، گوزارشت لە خۆیان بدەنەوەو نوێنەرانی خۆیان بکەن و پەیوەندییان بە ئەوی دی و ناوەندەوە دیاری بکەن. دوایی سەرپەرشتیارانی کۆنفرانسەکە وتیان بابەتەکەت جێگەی سەرنجی دکتۆر پزیشکیان بووە و داوای لێ کردووین بۆی وەربگێڕینە سەر فارسی. لەو کاتەدا پێم خۆش بوو کەسانێك لەناو نیزامدا هەبن لانی کەم گوێ لەم جۆرە قسانە بگرن و جێگەی بایەخیان بێت، گەرچی ڕەقی و ئاڵۆزییەکانی نیزام بەجۆرێکن ئاسان نییە بەو ئاسانییە ڕێگا بە گۆڕانکارییەکی قووڵی وا بدەن،کە بتوانێ بۆ ئاستی وەڵامدانەوە بەم جۆرە خواستانە بکرێتەوەو خۆی ڕیفۆرم بکات.

ئێستا، برادەرەکەمان لە چوارچێوەی میکانیزم و ڕێگەپێدراوەکانی نیزامدا بووە بە سەرۆککۆمار. وێناشی وا کراوە کە نوێنەرایەتی ڕەوتی ڕیفارمخواز دەکات. لە کاتێکدا لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەشدا، بیرکردنەوەیەک زاڵ بووبوو، کە گەمەی ڕیفۆرمخواز و محافیزەکار لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا کۆتایی پێهاتووە. تەوژمی ڕیفۆرمخوازیش لە سۆنگەی شکستپێهێنانی لە بدهێنانی ئەرکە مێژووییەکانیدا، بووە بە بەشێک لە مێژووی فکری و سیاسی ئێران و چیدی وەک بژاردەیەک بۆ ئومێد پێوەبەستنەوەی هاووڵاتیان و کۆمەڵ لێی ناڕوانرێت. هەر ئەوەش هۆکاریکی گرنگی کەمیی بەشداریی دەنگدەران بوو لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا.

لێرەشدا پرسیار ئەوەیە، داخۆ بردنەوەی پزیشکیان بەرهەمی تەگبیری خاوەندارانی ڕاستەقینەی نیزامە، بەمەبەستی دووبارە بووژاندنەوەی گەمەکە بە قازانجی سوودوەرگرتن لە کات و سنووردانان بۆ نائومێدی خەڵك و لە دەستنەدانی ڕەوایەتی جەماوەریی، یاخود تەکتیکێکی خوودی ڕیفۆرمخوازەکانە بۆ دووبارە هاتنەوە سەر شانۆی دەسەڵات و خۆسەلماندنەوە و ڕازینەبوون بە مانەوە لە پەراوێزدا، یاخود هەر لە بنەڕەتەوە پزیشکیان سوودی لە ناونیشانی ڕیفۆرمخوازی و ڕەمزییەت و کەلەپوور و مێژووەکەی وەرگرتووە، دەنا خۆی هێندەی پراگماتیکی مامناوەندە، بەواتای وشە ریفۆرمخواز نییە، باهەڵگری هەندێ توخم و هەناسەی ریفۆرمخوازانەش بێت؟

بەم واتایەش، هێندەی لە هێڵی ڕەفسەنجانی و ڕوحانیەوە نزیکە لە بیرکردنەوەی خاتەمیەوە نزیک نییە. یاخوود لەکاتێکدا هەڵگری هەندێ ڕەگەزی بیرکردنەوەی ڕیفۆرمخوازانەیە، لە هەمان کاتدا بۆ ئەم قۆناغە ئاماژەشە بە تێپەڕاندنی دووانەی ڕیفۆرمخواز و محافیزەکار، لانیکەم لە فۆڕمە پێشووەکەیدا؟ ئەمانە هەموو پرسیارن و ڕەوایەتیش لە تەمومژاوی دیمەنە سیاسییە ناوخۆییەکە و تێکەڵبوونی دیدگا و کارتەکان و ناسکی دۆخە هەرێمایەتی و نیشتمانییەکە وەردەگرێت. بەڵام، ئەوە شاراوە نییە کاتێک پزیشکیان، بەپێچەوانەی هەندێ ڕەمزی تری ڕیفۆرمخوازی، دەتوانێت بە فلتەرەکانی نیزامدا تێدەپەڕێت و خۆپاڵاوتنی قوبوڵ دەکرێت، ئەوە دەردەخات کەسیەتییەکە لە چوارچێوە گشتیەکەدا قوبوڵکراوی نیزامە وێنایەکی بۆ کراوە توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ بەرژەوەندی و میکانیزماکانیدا هەیە و سەریەشەی گەورەی بۆ درووست ناکات و پەی بەو پەراوێزەش دەبات کە خودی نیزام دەیخاتە بەردەستی بۆ ئەوەی جیاوازییەکانی تیادا پیادەبکات و بشچنە خزمەتییەوە. خۆ ئەگەر هەمووشی ڕاستەوخۆ نەچووە خزمەتی نیزامەوە، ناڕاستەوخۆ ببێتە هۆکاری دووبارە ڕەونەقدانەوە و جۆشدانەوە بە رەوتی موحافیزەکاری و خۆبیناکردنەوە و توندوتۆڵکردنەوەی ڕیزەکانیان.

هەڵبەت هەر لەم چوارچێوەشدا دەبێت گەر بەڕێژەیەکی کەمیش بووە، حساب بۆ ئەوە بکرێت، کە ڕەنگە قوبوڵکردنەکە لەو سۆنگە و بووبێت کەسێتیەکی بەهێز نییە، توانای گەرمکردنی هەڵبژاردنەکانی هەیە، بەڵام ناتوانێت دەربچێت و هەڵبژاردنەکە بەرێتەوە. هەرچۆنێک بێت پێم وایە لانیکە ئەم بەشە لەو بۆچوونە ڕاستە کە هێشتا زووە جاڕی مەرگی گەمەی ڕیفۆرمخوازی و محافیزەکاری لە دەروونی نیزامدا بدرێت، گەرچی بەو فۆرم و ئاڕاستەی پێشووتر کۆمەڵگە چاوەڕوانی لێ دەکرد تا ڕادەیەک کەم ڕەنگ بووە، بەڵام هێشتا بە تەواوتیش کۆتایی پێنەهاتووە، هێشتا سەرچاوەیەکی دینامیکییەتی سیاسی و هیوابەخشینەوەی کاتی و چاوەڕوانی کەمترکردنەوەی ڕەنج و ئازارەکانە. پێشم وایە خاوەنداری نیزامیش پێی وایە ڕیفۆرمخوازەکان لاواز بوون بەڵام هێشتا نەمردوون.

دەشکرێت لە هەندێ دەرفەتدا فشار دروست بکەن یاخود ئامانجدارانە بانگهێشت بکرێنەوە و لە سنوورێکدا دەرگەیان بە ڕوویاندا بکرێتەوە و بخرێنە خزمەت درێژەدانی نیزام بەژیانی خۆیان. خۆ ئەگەر لە تەوژمێکی بەهێزی ڕیفۆرمخوازی هاوشێوەی جاران بترسن کە بزووتنەوەی سەوزی لێکەوتەوە، کە داوای ڕیفۆرم لە بوونیادی نیزامدا بکات، بوونی تەوژمێکی لەژێر کۆنترۆڵبووی لەو جۆرە بەباش دەبینن، چونکە جێگرەوەی ئەو نەمانی دینامیکییەتی سیاسی، قووڵبوونەوەی نائومێدی، ڕەقبوونی بنبەستی سیاسی و مەترسی شۆڕش و تەقینەوەیە. ڕەنگە ئەو بەشە لە ڕێبەرانی تەوژمی ڕیفۆرمخوازی نەریتی، کە تاکو ئێستاش گرەو لەسەر درێژەدان بە ململانێ و کاری سیاسی لەچوارچێوەی جەبرەکانی نیزامدا دەکەن، جگە لە نەبینین هیچ جێگرەوەیەکی تر یاخود بەباشنەبینینی، وابیربکەنەوە کە، درێژەدان بەم گەمەیە سەرەنجام بوونیادە ڕەقەکانی نیزام و پێگەو بناغەی تەوژمی بەرامبەر لەقبکات، بەتایبەتیش کە دیارنەمانی ڕێبەری ئێستای شۆڕش، ڕووداوێکی گرنگ دەبێت. ئەمە جگە لەوەی بەرەی موحافیزەکاریش پتەوی و یەکگرتوویی جارانی نەماوە. کەڵەکەبوونی کێشەکانیش لەسایەی سیاسەتەکانیدا ناچار بە کۆمەڵێ سازشی دەکات.

هەرچۆنێك بێت، بوونی پزیشکیان و پشتیوانی بەشێ لە سەرکردەکانی ڕیفۆرمخوازی لێی، لەسایەی بوونی ڕێبەری شۆڕش و زۆرینەی پەرلەمانیی موحافیزەکار و دەسەڵاتی داوەریدا، چاوەڕێدەکرێت لەم قۆناغە پڕ لەئاڵانگارییەدا، هەوڵبدرێت بکرێتە هێمای یەکگرتوویی ناوخۆیی و خۆڕێکخستنەوەی ناوخۆیی نیزام بەمەبەستیڕووبەرووبوونەوەی مەترسییەکان، لەم چوارچێوەشدا سەرۆکێکی وێناکراو بە ڕیفۆرمخواز، دەبێتە هێمای پێنانە ناوقۆناغی دووای دووانەیی ریفۆرمخوازو موحافیزەکار بەشێوەی ڕابردوو. سەرنجیش دەدرێ دڵخۆشی و دەنگدانی بەشێ لە هاووڵاتیانی ئێران بە پزیشکیان و ئومێدەوار بوونیان لەوەی لەڕووی ئابووری و ژیان و گووزەرانەوە شتێکیان بۆ بکات، لەسۆنگەی دابەشبوونە کۆنەکەو هەڵوێسگرتنە ئایدۆلۆژی و سیاسییەکانیدا نییە، بەڵکو لەو بڕوایەیانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە پزیشکیان قبووڵکراوی نیزام خۆیەتی و هێناویەتی یارمەتی بدات و بەوەش ڕێگەی لێناگرێت، چونکە بە بەشێک لەخۆی دەزانێت، هەموو ئەوەش ڕەنگ و کارتەکان لە پەیوەندی بەگەمەی ریفۆرمخواز و موحافیزەکار تێکەڵ بەیەکدەکات و پێویستمان بە هەندێ کات هەیە بۆ زیاتر دەرکەوتنی پێناسەو ناولێنان و خۆوێناکردن و تەوژمە نوێکان لەژێر فشاری دۆخە ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەکەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP