دواین هەواڵ

ئێران لە بەردەم جەنگێکی ناچاری و پاساودان بە ناتەنیاهۆو حکومەتە راستڕەوەکەی.

‌ئەبوبەكر كاروانی

پێش 2 هەفتە

وادەبینم ئیسرائیل ئێرانی خستبووە رەوشێکەوە گرانبێت خۆی لە وەڵامدانەوەو خۆئامادەکردن بۆ ئەگەری جەنگ بپارێزێت، بەواتایەکی تر، ئیسرائیل لە هەوڵی سەپاندنی جەنگدا بوو بەسەر ئێراندا گەرچی ئەو بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی ئەوەش بدات خۆی لێبپارێزێت،

ئەمەش ئەوەی دەگەیاند وەڵام نەدانەوەی ئێران، هیچ گۆرانێکی شایانی باسی لە هەڵوێستی ئیسرائیل بەرامبەر خۆی و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا بەدی نەدەهێناو سەرانی تەلئەبیبی رازی نەدەکرد، بەڵکو تەنها پەیوەند بە کاتی بەریەککەوتن و جەنگەکەوە هەبوو نەك خودی جەنگەکە.

ئەوەش وایکرد ئێران هەست بکات دۆخی بێدەنگی دادی نادات و ئیسرائیل پێداگرتر دەکات لەسەر بەدوادا رۆیشتنی ئامانجەکانی و زیاتر کردنی فشارەکانی، دەبێتە بەڵگە لەسەر ترس و بێهێزی، لای گرووپە هاوپەیمانەکانی هەیبەتی دەشکێ و وێنایەکی لێدەگیرێت دەوڵەت و هاوپەیمانێکە لە هەلومەرجە سەختەکاندا پشتی پێنابەسترێت و لەسەر دۆستەکانی نایەتە دەنگ، هەروەها رۆژ بەرۆژ کارتەکانی دەستی یان دەسووتێن یاخود لاواز و بێکاریگەر دەکرێن و توانای بەرپەرچدانەوەشی بێهێزو حساب بۆ نەکراو دەبێت یاخود وا نیشان دەدرێت.

بۆیە ئێران لە دوای تێکچوونی سەرجەم رێساکانی قۆناغی پێشووی گەمەکەو بەزاندنی هەموو هێڵە سوورەکان و تەنگبوونەوەی گەمارۆکان لەسەری، رەنگە ئەم هەنگاوەی هەوڵێکی ناچاری بووبێت، بۆ پێشخستنی هەندێ کاتبەندی و توندتر کردنەوەی ململانێکان بۆ ئەوەی دەستپێشخەرییەکە تەنها بەدەست ئیسرائیلەوە نەبێت و هەرخۆشی گۆرەپان و کات و جۆری ئامانج و ئامرازە بەکارهاتووەکان دیاری نەکات.

هەروەها بۆئەوەی ورەیەك بەبەر هێزە بەرهەڵستکارەکانی نزیک لەخۆی لە ناوچەکەدا بێنێتەوە، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی والێبکات قووڵتر بیر لە ئاکامەکانی جەنگ لەگەڵ ئێران و گەورەکردنی ملانێکان بکەنەوە، یاخوود مەسەلەکە بەهەندێ پەلامارو دژە پەلامار لەنێوان خۆی و ئیسرائیل بووەستێت و سەرنەکێشێت بۆ جەنگێکی هەرێمی هەمەلایەنەو کۆمەڵگەی نێو دوڵەتیش هانبدات بەقازانجی کۆتایهێنان بە جەنگ و گرژییەکان و کردنەوەی دەرگای گفتگۆو چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان دەستێوەردانی کاریگەرتر بکەن، گەرچی لە هیچی ئەمانە دڵنیا نییەو خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە کردووە.

لەروویەکی ترەوە، هێرشە مووشەکییەکەی ئەمرۆی تاران بۆ سەر ئیسرائیل، باشترین بیانوو رەوایەتی و پاساو دەداتە دەست ناتەنیاهۆو حکومەتە راسترەوەکەی بۆ پەلاماردانی ئێران و فراوانکردنی جەنگەکەو گۆرینی بەجەنگی نێوان ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دژ بە هاوپەیمانی رانەگەیەنراوی نێوان تاران و مۆسکۆو پەکین و بەرەی بەرەنگاری و کۆتایهێنان بەهەژموونی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەراستدا، لەهەر وەڵامدانەوەیەکی تەلئەبیبیشدا یەکێ لە ئامانجە بەئامانجگیراوەکان رێبەری شۆرش دەبێت.

لەهەموو حاڵەتێکدا خۆرهەڵاتی ناوەراست لەبەردەم کوڵان و وەرچەرخان و قۆناغێکی نوێدایەو نازاشنرێت ژانی قۆناغی راگوزەری چەندی پێدەچێت، وەداخۆ ململانێکان هەر لەم ئاستەدا دەمێننەوە یاخود رەهەندێکی جیهانیی لە جاران ئاشکراتر بەخۆوە دەگرن بۆئێمەی کوردیش دۆخەکە هەڵگری هەرەشەو دەرفەتی نوێی تێکەڵە؟.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP