بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
هاوڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان...
دەنگدەری بەڕێز....
خەڵکی نارازیی خاوەن هەڵوێست…
هەموومان لە چەندساڵی رابردوودا، شایەتی جۆرەها قەیران و کێشمەکێش و دەست و پەنجە نەرمکردنی گەلەکەمان ، لەگەڵ چەندین کێشەو دەرهاویشتەی نەخوازراوی جۆری حوکمرانی لە هەرێمدا بووین، هاوڵاتیان لە پێناو کۆتایهێنان بەودۆخە، راچڵەکاندنی بریار بەدەستان، بەدەستهێنانی مافە یاساییەکانیان و پارێزگاریکردن لەئایندەی قەوارەی هەرێمی کوردستان وەك بەرهەمی سەدساڵ رەنج وخەباتی گەلی کوردستان، بەشێوازی جۆراوجۆر، درێژەیان بە خەباتی مەدەنی و رێکخستنی بزوتنەوەی نارەزایەتی دا، بەمەبەستی کارکردنە سەر ئیرادەی سەرکردە حیزبییە حوکمرانەکان وسنوور دانان بۆو دۆخە نائاساییەی لەئارادابوو، بۆئەوەی چیتر رەوشەکە بەم شێوە نەمێنێتەوە و بەردەوام نەبێت، ئومێد بەچارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەراندنیان، باوەربوون بەئایندەیەکی گەشترو باشتر بۆ وڵاتە خۆشەویستەکەمان بگەرێتەوە .
تاکو نەك هەر هاووڵاتیان لە ژیانێکی خۆشترو شایستەتردا بژین، بەڵکو پرۆژە نیشتیمانییەکەشمان لە کوردستانی باشوردا، گوروتینێکی نوێی پێبدرێت ، پێگەی هەرێم وەك قەوارەیەکی دەستووری و ئومێدێکی نەتەوەیی بەهێزترو ئومێد بەخشتر بێت.
بەڵام ئەگەر ئەو هەوڵ و خەباتە لە هەندێ رووشەوە هەندێ بەرهەمی هەبووبێت، نەیتوانی کاریگەری قووڵ لەسەر دۆخەکەو تێروانینی نوخبەی حوکمرانی هەرێم دابنێت، هەرئەمەش ، هاوشان لەگەڵ کێشەی بوونی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا و چارەنووسی نەخوازراوی هەندێ هێزی ئۆپۆزیسیۆن لەقۆناغی رابردوودا، کارێکیان کرد، زۆرینەی هاوڵاتیان و دەنگدەرانی بەرێز، لە کۆی پرۆسە سیاسییەکەو هەڵبژاردن نائومێد ببن و بایکۆت ببێتە شێوازێکی نەرێنی بۆ نارەزایەتیدەربرین بەرامبەر پارتە دەسەڵاتدارەکان وتەنانەت دەرەوەی ئەوانیش!
بەڵام لە ئێستادا وڵاتەکەمان جارێکیتر لەبەردەم بەرکەوتەیەکی نیشتیمانی و دەرفەتێکی تری کاراکردنی رۆڵ و دەنگی هاوڵاتی دەنگدەردایە، بۆیەکەم جاریش هەندێ گۆرانکاری بەقازانجی ئەم کارابوونە لەم هەڵبژاردنەدا
روویانداوە، کەبۆ زۆربەمان شاراوە نییە، بۆیە چاوەرێ دەکرێت هەموومان سەرەرای ئازارو نائومێدییەکانی قۆناغی رابردوومان و رەخنەمان لە سیستمی حیزبایەتی و نوێنەرایەتیکردنی سیاسی لەهەرێمدا، دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ دیدو هەڵوێستەکانی پێشوومان بکەین، بەچاوی بایەخ و دەرفەتەوە سەیری ئەم هەڵبژاردنە بکەین، بەگیانێکی لێپرسراوێتی نیشتیمانی بەشداری تێدا بکەین و دەنگ بە بە لیست و کاندیدە دڵخوازەکانی خۆمان بدەین، تەنانەت گەر بەگوێرەی پێویست کۆی لیستەکانیشمان بەدڵ نەبوو، راستر وایە لەپێناو شکاندنی ئەو بنبەستەی هەرێم لە ئاستی حوکمڕانی تووشی بووە، راستکردنەوەی بەشێکی رێبازی حوکمرانی، هەوڵدان بۆ گێرانەوەی کۆمەڵ بۆ سەر رەوتی گەشەکردنی خۆی، کەمکردنەوەی قەیران و کێشەکان و رەنج و ئازاری کوردستانیان، یاخود لانی کەم تێکەڵکردنی کاتەکان و دەستکاریکردنی ئەو هاوسەنگی هێزو نەخشە حیزبییەی لەئێستادا هەیەو کێشە خوڵقێنەرە، لەنێوان خراپ و خراپتریندا خراپ هەڵبژێرین، چوونکە ئەوەش هەر بەهەنگاوێك بەرەو پێش وگۆرانکاری لەقەڵەم دەدرێت، کەمەرج نییە گۆرەپانەکەش یەکجار بەو تاریکییە بێت.
هاوڵاتی و دەنگدەرانی خۆشەویست..
ئێمە وەك گەلی کوردستان و هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە، بۆئەوەی چیتر هەرێم بەدەست ناکۆکی حیزبیی بێ بەرهەم و دابەشبوونی جوگرافیاو هێزو پەیوەندی و دامەزراوەکانەوە هاوشێوەی رابردوو نەناڵێنێت، ببێتە خاوەن دەستورو دامەزراوەو هێزی نیشتیمانی سەرو حیزبی، لەوێشەوە لەرێی کاراکردنەوەی رۆڵی پەرلەمان و دام و دەزگا چاودێرییەکانەوە، سنورێك بۆئەو گەندەڵی و ناعەدالەتیە دابنرێت، کەلە ئارادایەو باری شانی هاوڵاتیانیانی قورس کردوەو هەڕەشە لەئایندەی قەوارەی هەرێم و کۆی دەستکەوتەکان دەکات، دەبێت خۆمان راستەو خۆ بێینە مەیدان و چارەنوسی خۆمان دیاریبکەین و نەیدەینە دەستی کەسانێك ئەمانەتپارێز نین و بەرژەوەندی خۆیان وحیزبەکانیان دەخەنە پێش بەرژەوەندی گشتی و ئێمەوە، هەرئەمەش دەستەبەری ئەوە دەکات نارەزایەتیەکەمان بکەین بەهەڵوێستی سیاسی و ویژدانی خۆمان بەرامبەر خوداو میللەتەکەمان ئاسوودە بکەین، ئەرکی سەرشانمان لەم روەوە جێبەجێبکەین وئیرادەی خۆمان ناکارا یاخود رادەست نەکەین .
بەحوکمی ئەوەی ئێمە رێگایەکی تری عەقڵانیمان جگە لە خەباتی مەدەنی و هەڵبژاردن، بۆئەنجامدانی ئەوئەرکانەی سەرەوەو بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە لەپێش نییە، بۆیە بەکردەوە لە نێوان هەردوو بژاردەی تەماشاکارو بایکۆت و بەشداریکردنداین، کە پێم وایە بایکۆت تەنهاو تەنها دەچێتە خزمەت درێژەدان بەو بنبەست و دۆخەی ئێستا هەیە وکۆمەڵگەکەمان بەدەستیەوە دەناڵێنێت، واش دەبینم لەگەڵ ئەرکە نیشتیمانی و ئیسلامی و یاساییەکانماندا گوونجاوو تەبا نەبێت، خزمەت بەخۆمان و بەرژەوەندییەکانمان و ئایندەمان نەکات. لێرەشەوە وەك دڵسۆزێك داوای بەشداری هەمەلایەنەو گەرم و گورتان لێدەکەم.
لەپاڵ ئەم بانگەشەش لە کۆی دەنگدەرە هێژاکان بۆ بەشداریکردنی لێپرسراوانە لەهەڵبژاردنەکاندا، داوایەکی تایبەتیشم لەجەماوەرو دەنگدەرانی لیستی١٤٨ هەیە، بۆئەوەی بەگەرم و گورییەوە بەشداری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و رۆژی دەنگداندا بکەن، لەو سۆنگەوەکە، جگەلەوەی ئەنجامدانی ئەرکێك و پیادەکردنی مافێکی دەستوورییانە، شانسی ئەوەشیان لەبەردەمدایە، بەشێ لەو پێگەو ژمارە کورسییەی لە هەڵبژاردنی پێشوودا لەدەستیان داوە، بەدەستی بهێننەوەو ، ئامادە بوونێکی پەرلەمانی بەهێزترو کاریگەرتریان هەبێت .
ئێمەش جگە لەم پەیجە (ک ەمۆرکێکی فیکری سیاسی گشتی وەرگرتوەو حەزدەکەین هەربەو جۆرە بمێنێتەوە)، ئەوەندەی پێمانکراو بۆ ئێمە گونجاو بێت درێغی ناکەین.
لەکۆتایشدا, هەموو لایەن ولیستەکان دەخەینە بەردەم لێپرسراوێتی نیشتیمانی و یاسایی و ئەخلاقی خۆیانەوە، لەوەی پابەندی رێنماییەکان بن، لەتووندوتیژی و بڵاو کردنەوەی گووتاری رق و کینەو بەنەفرەت کردن بەدووربن، لەبەرئەوەی جگە لەوەی رابردوو سەلماندی بێ ئاکامە، ناشچێتە خزمەت جوان تەوزیفکردنی دەنگ و هەڵوێستی هاووڵاتیان و بەرەنجامی هەڵبژاردنەکان لەپێناو دووبیناکردنەوەی سیستم و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێی ئومێد بەخشتر بەرووی گەل و وڵاتەکەمان و چارەنووسمان لەئایندەدا..
داواکارین لە خودای گەورە کوردستان و گەلەکەی بپارێزێت. یارمەتیدەرمان بێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاك و دادپەرو سەرکەوتوو ئومێدبەخش، هەڵبژاردنێك هەرێم و رۆڵەکانی بخاتە بەردەم قۆناغێکی نوێی مێژووییەوە.
کوردستان سەربەخۆو ئاوەدان و بەهێز و ڕوو لە ئایندە ..
ئیرادەی چاکسازی و عەدالەتخوازی و بیناکردنەوەی نیشتیمان و شانازی بەخۆکردن و کۆڵنەدانیش تا بەدیهاتنی ئاواتەکان..
بەهێز و بەهێزتر ...