دواین هەواڵ

سەردانێک، زیاتر لە گرنگ!

‌شیروان تاڵیب

05/07/2024

زۆر بە وازحی، عیملاقییەتی سەرۆک بارزانی، نەک هەر بەسەر مەشهەدی سیاسیی عێراقەوە دیاربوو، بگرە بەسەر تەواوی ئەو سیاسییە عێراقییانەشەوە هەر دیاربوو، کە لەو سەردانەیدا بۆ بەغدا، لە حزووریدا بوون!
ئەم حاڵەتە، مەنصەب دروستی ناکا و عەلاقەی بە گەورە و بچووکی تەمەنیشەوە نیە، بەڵکوو ئەمە، لە مێژووی بارزانیانەوە، لە تێکۆشانی شەخسی خۆیەوە، لە شۆڕشگێڕییەتی شاخییەوە و لە وجوودی قەزییەیەک بەسەر شانییەوە هاتووە، ئەوانی تر، هەرچییەک و لە هەر جێیەک و لەهەر پلەیەکدا بن، چونکە مێژوویان خوێندۆتەوە، ئیتر ناتوانن لە مەجلیسی کەسایەتییەک کە ناوی ( مەسعوود بارزانی)ە، پێزانین نیشان نەدەن!

لەوە بگەڕێ ئەم سەردانەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا،هەرێم بەرەو کوێ ئەبا، چونکە چاوەڕێ ئەکرێ ئەم سەردانە، بەرەو هەرێمێکی بەهێزتر (کە دروشمی خۆمانە) و بەرەو هەرێمێکی بەهێز لە عێراقێکی بەهێزدا (کە خواستی جیهانە)، بمانبا!

لەوەش هەر بگەڕێ ئەم سەردانە، چ نەخشێک لەسەر کێشە و مامەڵەی هەولێر ـ بەغدا جێ ئەهێڵێ، چونکە قسەی جەنابی سەرۆک لەسەر کێشەکانی ئێرە و ئەوێ، هەم لێرە و هەم لەوێش، دەرەجەی قەتع و حەسمی هەیە و پاشان بە ئەگەرێکی زۆریشەوە، چیتر ئەو کێشانە، کە گرێکانیان تاڕادەیەکی چاک کرابوونەوە، بایی ئەوەندە بەیەکدا نەچنەوە، کە کوێر ببنەوە!

ئەم سەردانەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و لەنزیکەوە بینین و دانیشتن و قسەکردن لەگەڵ هەمووان لەوێ، گرنگییەکەی لەوەدایە، عێراقمان سەرلەنوێ بۆ تەعریف ئەکاتەوە و ڕوانینێکی تازەمان بۆ بەغداش پێ ئەبەخشێ، یەعنی ئیتر بۆ لەمەودوا، ناکرێ عێراق بە دەوڵەتی (موحتەل)، بەغداش، وەک پایتەختی ( ئیحتیلال)، لانیکەم، لە ئەدائی سیاسی و لە ئەدەبیاتی میدیاییماندا، وێنابکرێ!

ئەم سەردانە، مەفرووزە لە حەماسی دەمدەمیی بێ جەدوا دوورمان بخاتەوە و لە واقیعی حاڵ نزیکمان بکاتەوە، ئیتر ئەو واقیعە، ناهەقە تاڵە خوارە هەرچییەکە، ئەوەیان مەسڵەحەتی مەسڵحەتخوازانی دنیای خاڵی لە ( ئەخلاق)ە کە فەرزی کردووە بەسەرماندا، ئێمەش، یان ئەبێ پێی ڕازی نەبین و بدەینەوە شاخ، یان ئەبێ لەناو شاردا، خۆبگونجێنین لەگەڵیدا،،

مەنتیق، ئەوەی دووەمیانە، تەبعەن تا لایەکمان ئەکەوێ بەلایەکدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP