دواین هەواڵ

یەکێتی سوپاسکردنێکی پارتی قەرزارە!

‌شیروان تاڵیب

01/07/2024

پەک ەکە هەر جێ پێی خۆیی لە جوگرافیای یەکێتیدا قایم نەکردووە، بگرە ڕیزەکانی یەکێتیشی لە قووڵاییدا خەرق کردووە، هەر دەققەیەکیش بیەوێ ( یان ئەمری بۆ بێ)، دار بەسەر بەردی زۆنی سەوزەوە ناهێڵێ و ئیتر خەڵکی مەحکوومی ئەوێش، بەدەردی ئەوانەی بناری قەندیل، لاحول ولا قوە، لە بەینی هار و ماردا ئەمێننەوە!

پەک ەکە بۆ هەر کردەوەیەک کە بیەوێ بیکا، بایی ئەوەندە ئەندامی هەیە کە پێویستی بە کەسانی دەرەوەی خۆی نەبێ، بەڵام هەر بەقەستی، هەندێک کردەوەی پیس، بەتایبەتی ئەوانەیان لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدان، بەو ئەندامانەی یەکێتی ئەکا، کە لە مێشک و هەناوی ئەو هێزە (حوکمڕان)ەی هەرێمدا، تەجنید، یان وەک بۆمبی تەوقیتکراو، زەرعی کردوون!

جگە لە کوردایەتی، تەسەووری هەموو شتێکی تر لە پەک ەکە ئەکرێ، ئەوەیشی دژ بە پارتی و بۆ دژایەتی هەرێم، لەپەنای یەکێتییەوە بە یەکێتییەکانی ئەکا، مەرام و ئامانجەکەی مەعلوومەو گەڕانی ناوێ، تێکدانی نێوان پارتی و یەکێتی و گەشکردنەوەی پشکۆی ناکۆکییەکانی نێوانیانە، تا سەر بۆ کڵپەی میدیایی و شەڕی سیاسیی بکێشێ و هەرێمەکەش تا حەددی لەناوبردن ببا، ئینجا خۆیشی لەدوورەوە پێمان پێ بکەنێ!

پارتی ماوە ماوە لوغمە چێنراوەکانی پەک ەکە لە ناو یەکێتی، بۆ یەکێتی کەشف ئەکا، کەچی یەکێتی لەجێی ئەوەی سوپاسی پارتی بکا و یەخەی پەک ەکە بگرێ، ڕێک عەکسەکەی ئەکا، یەخەی پارتی و حکوومەت ئەگرێ و بۆ ئەفعالەکانی پەک ەکەش، کە ئەو و ئەندامەکانی ئەوی کردۆتە وەسیلە و زۆنەکەیشی کردۆتە مەیدان، بە سیناریۆ و بە (هەقایەت) وەسف ئەکا!

نامەوێ بڵێم ئەوەی کە پەک ەکە لەدژی پارتی و هەرێم ئەیکا، ئۆکەی و قەراری یەکێتیشی لەگەڵدایە، بەڵکوو ئەڵێم، ئەوەی پەک ەکە لەدژی (لانیکەم) هەرێم ئەیکا، یەکێتی وەک حیزب، لێی بێ ئاگایە!

بۆیەش ئەڵێم لێی بێ ئاگایە، چونکە ئەگەر بڵێم لێی بەئاگایە، ئیتر نەک هەر من، بگرە کەس ناتوانێ ئەو شەراکەتەی کە لەنێوان پارتی و یەکێتی بۆ ئیدارەدانی ئەم هەرێمە هەیە، بخاتە جوملەیەکی موفیدەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP