دواین هەواڵ

نەخۆشیەکانی قەرەباڵخیی !

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

15/06/2024

یەکێک لە کێشەکانی شار، هۆسەو قەرەباڵخیە، قەرەباڵخی بۆتە دیاردەو شاریەکان ناتوانن لێی قوتاربن، ئەم قەرەباڵخیە هەموو پنت و گۆشەو جومگەکانی شاری گرتۆتەوەو دەردێکی کۆمەڵایەتی و پەتایەکی ڤایرۆسیی گوازراوەشە بۆ هەموان، بەتەواویی قەرەباڵخی بۆتە سەرئێشەو گرێی دەرونی و تەنانەت بۆ جۆری پێگەیشتنی پەروەردەیی و پێکهاتەی عەقڵی و فیکری و سلوک و گەشەی مرۆڤەکانی ناوی، بێ هۆنییە ئێستا ڕەمزو کاریزمای ڕۆحی دروست نابێ.

شاری قەرەباڵخ هەرگیز مرۆڤی گەورەو عاریف و دەگمەن و هەڵکەوتوو دروست ناکات مەگەر بە ئاستەم، ئەو نوخبەو ڕەمزە ئەدەبی و فەهەنگی و سیاسی و عیرفانیانەش کە لەڕابردووی شارێکی وەک سلێمانی و هەڵەبجەو شارەزوردا، دروست بوون، هی سەردەمێک بووە شار لادێ بوەو قەرەباڵخی تێدا نەبوەو پڕبوە لە مزگەوت و تەکیەو خانەقاو کتێبخانەو وزەی ئەرێنی و مرۆڤەکان یەکتریان ناسیوەو ئاشنای یەکتر بوون و هەر ئەو مرۆڤانەش بوونەتە ڕەمزو ئیلیتی گەورەو توانیویانە ئازادانە، بە مێشکی ساف و سازو حاڵەوە، بیربکەنەوەو ئاوەزو هۆش و جیهانبینی خۆیان گەشە پێبدەن، ئێستا شار بۆتە یەکپارچە قەڕەباڵخیی، مۆڵ و ڕێستۆرانت و کافێ و پەیمانگاو زانکۆی ئەهلی و فڕۆکەخانەو ناوەندی خولی هاوینەو مەهزەلەخانە،

ئینجا نۆرەگرتن و هۆسە بۆ هەموو شتێک بۆتە کەلتور، ئیزدیحام و هۆسەی بازاڕو شەقام، خەستەخانەو خواردنگە هەر هۆسەیە، هەمووی بۆ ورگ و چێژو سێکس و بەرخۆریی کوشندەو تێرکردنی حەزی کاتی و خۆشبەختی ساختەیە، تۆسەیری ئەو خەڵکە بکەن، نۆرە بۆچی دەگرێت، شەربەتی پڕلەشەکراو، ترشیاتی پڕلە ڕەنگ و ئەسیدی مەترسیدار، سەرتاشین و غەسلی سەیارە تابەیانی، خێزانی واهەیە سێ سەیارەی هەیەو شەوانە هەرسێکیان لە ترافیک و هۆسەو قەرەباڵخی شاردان، هەموو تاکێکی ئەم شارە ڕۆژانەو شەوانە لەناو فەوزاو دەنگەدەنگ و جەبری ئەو قەرەباڵخیە بێتامەدان، پێکەوە وەک عەلەشیش بە کۆرس و هۆسەو قەرەباڵخی جنێو ئەدەن، لەیەک دەخوێنن، لەیەک دەکوژن، گاڵتە بەیەک دەکەن، سەیرکە لەفەفرۆشێک گاڵتەو سوکایەتی دەکات بەکوڕە هەژارو سایەق تەکسی سەنی و مەلیکە و کرێکاری بێ پارە، دەی ئەوە نەفسیەن نەخۆشییە.

ئیتر مەتاع و چێژ بۆتە ئەوە، تۆمەت دروست دەکەین بۆیەک بە دەرزەن، تەنانەت نوێژو عیبادەتیشمان بۆتە هۆسە، تەراویح و شەونوێژ بۆتە هۆسە، خواردن و سەفەرو سەیران و کۆفی برێک بۆ پشوویەکی کاتی بۆتە هۆسە، چاخواردن بۆتە هۆسە، عەمرەو حەج ئەوە هۆسەیەکی زۆر سەیرەو حەجی قاچاخیشی هاتە بان، مردن و پرسەو نەخۆشی و سەرەگرتن بۆ گەدەبڕین و لێو گەورەکردن و سمت قنج کردن و بۆتۆکس و فیلەرو شکڵگۆڕین بۆتە هۆسەو نۆڕە، نۆرەو قەرەباڵخی بۆتە یەکپارچە ئەرکی ڕۆژانەی هەریەکەمان، نەفسییەن نەخۆشین، نەفسییەن لەناو مازۆشیەتێکی خراپداین، نەفسیەن لەچۆڵەوانی و خەڵوەت و تاکپەرستی خوداو ڕەببانیەت دەترسین و ڕادەکەین.

خەڵکی شار باوەشیان بە شتانێکدا کردوە هی خۆیان نیەو نایگەنێ، چونکە هەر لەناو قەرەباڵخیەکەدان و بۆ قەرەباڵخی ڕادەکەن، نازانن حوسن و مەتاعی چۆڵەوانی و تەنهایی و خەڵوەت و چراو چەوێڵ چییە، ئەوەندەی خەریکی دەرەوەی خۆیان و ڕازاندنەوەی کڵێشە گشتیەکەن بۆ جەژن و بۆنەکان و سەیران و یادە بێڕۆحەکان ئەوەندە نازانن ناوەوە چییەو چۆن ئارامش و سکونەت بۆ خۆیان دروست بکەن، زۆریش زەجرو زەحمەتی بۆ ئەم دنیایە دەکێشن، زاهیدان و ئەهلی تەریق نەک حەریق، مەنسوبان و دەروێشان و عاریفان وانین بۆیە بەرزو جیاوازن، دڵیان کردۆتەوە بۆ پەرستگاو دەیرو خانەقاو تەکیەو شتانێک کە ئاسودەی کردون و هی خۆیانەو بۆ ئەوەش دەژین و پێی گەشتوون و لە سکونەتی ڕۆحیدان.

بۆیە دەروێش و عاریفی گەورە ناچێتە قەرەباڵخیەکان و هەمیشە لەسەعادەتدایەو تەنهایی بۆتە سومبولی ڕۆحانی بۆی، جیاوازە، دڵ و زمان و جل و بەرگ و سلوک و ئیحسان و تەزکیەو تەکەلومی هی خۆیەتی، ئەو بەڕاستی خۆیەتی دراوسێکەی نییە، موریدو ژێردەستەی شارو چێژەکانی نیە، ئەوپەڕی ئازادو پڕخەیاڵە و هەستێکی لەڕادەبەدەری بەرزی دینی هەیە بۆ خوداو پێغەمبەرو ڕۆژی دوایی و ئەولیاکان.
شاعیری گەورە وەفایی چی دەڵێ بۆ ئەم دۆخە:

خۆشە ڕۆژێ لە عالەم دەربەدەر بم
لە نێو ئەوزاعی دونیا بێخەبەر بم
لەبەر بێتاقەتی دێوانە ئاسا
لە غەوواسانی دەریا بێخەتەر بم
شەو و ڕۆژێ لە چۆڵی هەر بە ناڵە
حەریفی شەوڕەوی بادی سەحەر بم
نەزانێ هیچ کەس ناو و نیشانم
ئەگەر عاقڵ ئەگەر ئاشفتە سەر بم

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP