دواین هەواڵ

زۆربەمان گرێی دەروونیمان هەیە

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

05/06/2024

مرۆڤی سادەو جێگیرو ساکین، جوانترین مرۆڤەکانی دونیان، ئاسایی دەژین و ڕێ دەکەن، مرۆڤی کەڵکەڵەخوازو ڕاڕاو فرە دیدگاو خەیاڵپەرت و خەیاڵپڵاو، لەمرۆڤە هەرە داماوو نەخۆشەکانی ئەم سەردەمەن، دەمیان هەمیشە دەجوڵێ بۆخواردن و چێژو هەزاران هەستیان جۆشداوە بۆ تەماح و کەچی مێشکیان ئیش ناکا.

زۆربەی مرۆڤەکانی ئێستای ناو ماکینەکانی مۆدێرنێتە هیچ نین جگە لە کەرەستەو ئامێر، کەرەستەو ئامێریش واتە فیزیكەڵ کیمیاو تەکنیک و تەفریغ و ئایکۆنی بێڕۆح. کەرەستەکان و ئامێرەکان بۆ پارەپەیداکردن دروستکراون و بەرچاون و دەبێ دەربکەون و فۆڕمە گشتیەکە داگیردەکەن.

مرۆڤ ئێستا ڕێک خەریکی ئەو وەزیفە سامناکەیە، نەڕۆحی ماوەو نەخەیاڵ، نەسکونەت و نەعیرفان و نەخەڵوەت، هەموان خەریکین بە کردەی دەرکەوتنەوە بۆ ئەوانیتر، خۆنواندن بۆ ئەوانیتر تەجمیل و ساختەکردنی خۆشبەختیەکانمان هەربۆئەوانیتر، پێکەنینەکانمان کە دڵ ئاگای لێی نییە بۆ وێنەگرتن و ئەوانیتر، وەسوەسەیەکی سەیرمان هەیە بۆ ئەو دۆخی دەرکەوتنە ساختەیە، ئەو دەرکەوتنە مرۆڤی قاژکردوە بۆ کۆمەڵێک مۆدێل و پارادایمی ئامێریی و شکڵیی ساختەو بێفەڕ.

دەرکەوتن خۆی جۆرێکە لە نەخۆشی شیزۆفرینیای داپۆشراو دەبێ هەستی پێبکەیت، جۆرێکە لە سەرکردایەتی کردنی وەهمی و ڕاوێژکارو خاوەن ئەزموون، ئەها لە ڕۆژگارێکداین کەس نەخوێندەوار نیە، هەمووی فوول شارەزاو خاوەن ئەزموون و خاوەن دیدگای فەلسەفی و مەعریفیە، هەموان دوسێ شەهادەیان هەیە، هەندێک کەس، ئاستەکەی باڵاترەو دەجۆر سیڤی هەیەو پڕیەتی لەئەزموون و خیبرەو شارەزایی و بڕوانامەو دواجار هیچ نازانێ و بەرهەمێکی ناوازەی نیەو لە ژێریشەوە ئەندامی شانەیەکی حیزبیە بەپلەی بەرز.

کەس نییە بیەوێ فێربێت، هەموان خەریکی شیزۆفرینیای فێرکردن و ئوستادی وەعزو ئیرشادو تەعلیم و مەرعاسازین و خۆیان ئوستادو خەڵکیش گوێرەکەی گوێگر، کەس نییە بڵێ نازانم و نەمکردوە، کەس نیە گوێگربێت، هەموان وتەبێژو سپیکەرو پانێڵیستن، کەس نیە بۆ فێربوون هاتبێ، هەموان دەیزانن و ئیشی خۆیانەو پسپۆڕو پیشەگەرن، دەی خوایە ئەم هەموو ئوستادو زاناو داناو عەللامەو سەرۆک و سەرکردەیە چییە ناردووتە بۆ ئەم گەلی کوردە .

گرێکانی دەروون لەم کۆمەڵگایەدا بەجۆرێک زیادیان کردوە هیچ نەخۆشێکی دەرون شێواو حەددی نیە بگاتە ئاستی، تاکی ئێمە لەیەک کاتدا دەیەوێت دەجۆر مرۆڤ بێت، دەپێگەی هەبێت، دەپلەو پۆستی هەبێ، دەئایدیاو سەدان ملیۆن دۆلاری هەبێت، سەرۆک و ڕاعی بێت، پزیشک بێت و تەلارە بازرگانیەکانیش هی خۆی بێت، دوکتۆرای هەبێ و سەرۆک عەشیرەتەکەش بۆخۆی بێت، وەزیربێت و پێشڕەوی ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشاندانەکانیش بێت، مەلاو مجەورو موئەزین و موفتی هەرخۆی بێت و خانووی تەنیشتی مزگەوتەکەش بۆ کوڕەکەی بێت، ڕۆژنامەنووس بێ و کادری حیزبی و سیخوڕو ڕەخنە لەحکومەت بگرێ و وەک کوڕانی سەرۆکیش جلی مارکە لەبەربکات شاهانە بژی.

ئەوانە کێبرکێ ئەکەن لەگەڵ مەحاڵداو دەشیانەوێت ئاسودەبن و کاریزمای خۆیان هەبێ، ئێ نازانن کاریزما خۆت دیاری ناکەیت کاریزما سروشکردەو جیناتێکی سەیرەو لەیەک ملیۆن بەشەردا بەر یەک مرۆڤ دەکەوێت و ئەوەش تۆنیت، تۆ هەڵدێراویت، نازانیت کە لەچاڵەکەدایت، بۆیە زیاتر مەکەوە ناو هەڵدێرەکانی خورافەو وەهمی سەرۆکایەتی و گرێکانی ناختەوە، تۆ زۆر تایبەت نیت و گەردون بەدەوری تۆدا پیاسە ناکات، ڕایان هۆڵیدەی گەنجە نوسەرە بوێرەکە، دەڵێ کاتێک خودپەسەندی و نەرجسیەتەکانمان قایلمان دەکەن کە گەردوون بە دەوری ئێمەدا دەخولێتەوە، ئەوە ئیتر دەردەکەیە ئیگۆ سەختەکەی تۆیە، ئەوە هەوڵێکە بۆ ئەوەی وامان لێبکات باوەڕ بەوە بکەین ئێمە سەرۆکین جیاوازین بەهرەدارین، لە کەسانی دیکە زیرەکترو باڵاترین و دەبێ مافی مامەڵەکردنی تایبەتمان هەبێت.

ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دەبێتە هۆی نەخۆشی شانازیی و لووتبەرزی و بڕیاردانی خراپ و هەڵبژاردنی ڕێگە نادروستەک چونکە ئێمە بچوکین بەراورد بە گەورەیی گەردوون، زۆر کەسی وەک ئێمە هاتوون و ڕۆیشتوون، با پەیوەندیت لەگەڵ واقیع دوورت نەخاتەوە لە خۆت، خودی خۆت ئەو شتەیە کە ڕێگرە لە گوێگرتن لە کاردانەوەی ڕەخنەگرانە، ئیگۆ وا لە تۆ دەکات کە تواناو بەهای خۆت زیاد لە پێویست بخەمڵێنیت، ئەم بیرکردنەوەیە شکستەکان و سەرکەوتنەکان دەشێوێنێت، ئیگۆ هەموو کەسێک تاوانبار دەکات و فشار دەخاتە سەر دەرونت بۆ شکست لەدوای شکست.
ئاسۆ عەبدوللەتیف

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP