دواین هەواڵ

سەرۆکی ھەرێم بۆ ھەمووان "بگەڕێنەوە ماڵ"

‌تەنیا کوردی

27/05/2024

رۆمی دەڵێت، "گەر رووناکی لە دڵتدا ھەبێت، رێگەی ماڵەکەت دەدۆزییەوە" ئەو ماڵەی کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، یەک دەرگاو یەک رێگای ھەیە، رێگاکە کرابوو بە تونێلێکی تاریک، لەم رێگایە خەریک بوو ھەندێ ھێزی سیاسی رێگای ماڵ ون کەن، ھەندێکیان ماڵەکەیان لا بێگانەبێ، ھەندێکیشیان وایان دانابوو ئیتر ئەم ماڵە بۆ تێکچوونەو دەبێ لەت بێت، بەڵام نە لەت بوو، نە رێگاکەشی ون، نە ھەستی بێگانەش ماوە بۆ ئەوانەی تۆزێک رووناکیان بۆ بەرپرسیارێتی ماڵ مابێ.

سەرۆکی ھەرێم، نەیھێشت ھیچ لایەنێک واھەست بکات ئەم ماڵە جوودایە، بە ھەمووانی گووت، بۆ دۆزینەوەی ماڵ لە رێگا مەگەڕێن، ھەموو جوگرافیا ماڵێکەو ھی ھەمووانە، ھەموو رێگایەک بەرەو ماڵە، بفەرموون لەم ماڵە گەورەیە کە ھەرێمە پێشی خەن.

 سەرۆکی ھەرێم لە تاران بێ، یان ئەنکارا، بەغدا بێ، یان ھەر شوێنێکی دونیا، دەرفەت دەخولقێنێ، کرانەوە دروستدەکات، تەبایی و سەقامگیری و کۆدەنگی ھێزە کوردستانییەکان بە وزەی ئەم رووناکییە دەزانێ، ئیتر کە رێگاش رووناک بوو، کێ لە تاریکی دەترسێ؟ 

لەگەڵ ھەموو سەختییەکان نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ ھەموویان مایەوە، ئێستاش گرینگە ھەمووان لەم قۆناغە لەگەڵ یەکتر لە پێناو ئەم ھەرێمە بۆ تەواوکردنی ئامانجە گەورەکە کە داھاتووی ھەرێمە لەگەڵ یەک بمێننەوە.

کاتێ نێچیرڤان بارزانی دەجوڵێ، پردێکی متمانەی ھەمووان بە یەکتر دروستدەبێ بۆ گەیشتن بە ئامانج.

ئەو لە رێگا نەوەستا، تا ئەمجارەیش قەیرانەکان شکان، راستە رێگاکەی سەخت بوو، بەڵام نائومێد نەبوو، ئێستاش بەھەمووان دەڵێ، ماڵێکی سەلامەت ھەیە، فەرموون بە ئەمانەوە بگەڕێنەوە بۆ ھەڵبژاردن، بۆ تەبایی، لێکتێگەشتن، ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی زیاتر، لە پێناو ھەرێمێکی بەھێز، ماڵێکی رەنگینتر، داھاتوویەکی رۆشنتر.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP