دواین هەواڵ

بەندەرەکەی ئەمريکا لە غەززە

‌رەنج نەوزاد

17/05/2024

سوپای ئەمريکا بەندەرێکی لە کەنارەکانی غەززە درووستکرد. خوێندنەوە و بۆچوونی زۆر هەیە لەبارەی ئەو هەنگاوەی ئەمريکا:

١. غەززە دەڕوانێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، لەسەر هەمان هێڵی کەنارەکانی ئيسرائيل و لوبنان و سووريایە. ئەمە یەکەم بەندەرە لەو ناوچەیە کە سوپای ئەمريکا بەڕێوەی دەبات. تاکە بەندەری سەربازیی ڕووسياش لەناوچەکە هەر لەسەر ئەو هێڵەیە لە سووريا. لە ڕێگەی سووريا و لوبنانەوە، ئێران و حيزبوڵاش لەو هێڵە بوونيان هەیە. هاوکات ئەو ناوچەیە خاوەن یەدەگێکی گەورەیە لە گازی سروشتی.

٢. لەسەر ئاستی فەرمی، ئەمريکا دەڵێت ئەو بەندەرە کاتييە و تەنيا ئامانجی مرۆیی و گەياندنی هاوکارييە بە خەڵکی غەززە و، سەربازی ئەمريکا ناچێتە ناو کەرتەکە. هەزار سەرباز و ژمارەیەک کەشتی سەربازیی سوپای ئەمريکا لەو پڕۆژەیەدا بەشدارن و بەڕێوەی دەبەن.

٣. بيرۆکەی ئەو بەندەرە هی نەتانياهۆ بوو. هاوکارييەکان دەچنە قوبرس، لەوێ سوپای ئيسرائيل پشکنينی بۆ دەکات، پاشان بە پاسەوانیی سوپای ئيسرائيل هاوکارييەکان ڕەوانەی بەندەرەکەی غەززە دەکرێن. پاش کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەی ڕەفەح، لە ئێستادا تەواوی دەروازەکانی غەززە، بە وشکانی و دەریایی، سوپای ئيسرائيل بەڕێوەی دەبات. بە پێی یاسای نێودەوڵەتی ئەرکی ئيسرائيلە هاوکاری مرۆیی بگەيەنێتە غەززە بەو پێيەیی کە کەرتەکەی داگيرکردوە. ئەو بەندەرە وەک پەيامێکی ئيسرائيلە کە ئەو ئەرکە یاساییە جێبەجێ دەکات.

٤. دەسەڵاتی فەڵەستينی و فەتح نا ڕازين لەو پڕۆژەیە و گومانيان هەیە کە لە ئايندەدا بەکاربهێنرێت بۆ کۆچکردنی هاووڵاتيانی غەززە بۆ دەرەوە. بە تايبەت کە پڕۆژەکە بيرۆکەی ئيسرائيلە و دەسەڵاتی تەواوی بەسەريدا هەیە. هيچ لایەنێکی فەڵەستينی لەو پرۆژەیەدا نە پرسی پێکراوە نە بەشدارە. حەماس تا ئێستا بە فەرمی هيچی لەسەر نەوتووە. بەڵام بە گشتی فەڵەستين، بە فەتح و حەماسەوە نايانەوێت ڕووبەڕووی ئەمريکا ببنەوە، چونکە ئەمريکا یەکەمين دەوڵەتە لە هاوکاريکردنی فەڵەستينييەکان، چ لە غەززە و کەناری خۆرئاوا، چ لە دەرەوەی فەڵەستين. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢٢ ئەمريکا نزيکەی ٣٤٤ مليۆن دۆلاری بەخشيووە بە فەڵەستين، لە کاتێکدا بە هەموو وڵاتانی ئيسلامی و عەرەبييەوە نزيکەی ١٥٠ مليۆن دۆلاريان بەخشيووە لەو ساڵەدا! هاوکات تاکە ڕێگری لەبەردەم ئيسرائيل بۆ دەرکردنی هاووڵاتيانی غەززە و کەناری خۆرئاواش، تەنيا ئەمريکایە. چارەسەری دوو دەوڵەتی بە بێ ئەمريکا جێبەجێ ناکرێت.گرنگترين دەوڵەت بۆ دەسەڵاتی فەڵەستينی ئەمريکایە. بۆ حەماسيش بە هەمان شێوە، ئەمريکا هۆکار بوو بۆ بەشداريکردنی حەماس لە هەڵبژاردنەکان و گرتنە دەستی دەسەڵات لە غەززە لە دوای ٢٠٠٦ەوە، لە ئێستاشدا زۆربەی سەرکردەکانی حەماس لە بنکە سەربازييەکەی ئەمريکان لە دەوحە و دەيانپارێزێت لە مۆساد. لە ڕێگەی هەواڵگری قەتەرەوە، شوێنی یەحیا سەنوار و زەیفیش، وەک بارمتەن لای ئەمریکا. دەنگۆی ئەوەش هەیە کە ئەمريکا ڕێگە دەدات چەکداران و سەرکردەکانی حەماس لەو بەندەرەوە غەززە بەجێبهێڵن.

٥. ڕووسيا و ئێران نيگەرانن لە پڕۆژەی بەندەرەکە. نەک لەبەر ئيسرائيل، بەڵکو لەبەر ئەوەی جووڵە و هەژموونی سەربازی ئەمريکا لەو بەشەی دەریای ناوەڕاست زیاتر دەکات، کە نزيکە لە جوڵەکانی رووسيا و ئێران لە سووريا و لوبنان.

٦. هاووڵاتيانی غەززە بۆچوونی جۆراوجۆريان هەیە لەسەر ئەو پرسە. هەندێکی بە گومانن و دەڵێن ئەگەر لەبەر هاوکاری بێت، ئەوا ئيسرائيل دەتوانێت لە ڕێگەی وشکانيەوە ڕێگەی پێبدات و ئاسانترە. ترس هەیە کە لەم بەندەرەوە بەشێکی زۆری دانيشتووانی کەرتەکە کۆچ بکەن. هەندێکی تر لە خەڵکی غەززە بە هەنگاوێکی باشی دەبينن، بە تايبەت ئەوانەی کە بڕياریان داوە کۆچ بکەن. ئەمانە پێيانوایە لەبری ئەوەی ٥-٦ هەزار دۆلار بدرێت بە ميسر، لەم بەندەرەوە دەکرێت بە خۆڕایی کۆچ بکەن.

٧. ميسر نيگەرانە لەم پڕۆژەیە. چونکە گرنگی دەروازەی رەفەح کەم دەکاتەوە و دەکرێت ببێتە بەديلی ئەو دەروازەیە. هەرچەند ئەمريکا ڕايگەياند کە داوایان لە ئيسرائيل کردوە دەروازە وشکانييەکانی غەززە بکاتەوە بۆ ناردنی هاوکارييەکان و تەنيا پشت بە بەندەرەکە نەبسترێت. دەروازەی ڕەفەح لە چەندين ڕووەوە بۆ ميسر گرنگە:١. ميسر خاوەنی دۆزی فەڵەستينە، دەبێت هەميشە هەژموونی سەرەکی هەبێت لەو دۆزەدا. داخستنی رەفەح، گورزە لەو پێگەیە. ٢. جيوپۆلەتيکی و ئەمنی، لەگەڵ ئەوەی ميسر لە ٧٨ەوە ئاشتی ڕاگەياندوە لەگەڵ ئيسرائيل، بەڵام لەسەر ئاستی عەقيدەی سەربازی، ئيسرائيل هەميشە هەڕەشەیەکی جدييە بۆ سەر ميسر. رەفەح کارتێکی فشاری ميسری بوو بەرامبەر بە ئيسرائيل، لە ئێستادا بووەتە کارتێکی فشاری ئيسرائيلی بەرامبەر بە ميسر. ٣. لایەنی ئابووری. سوپا و حکومەتی ميسر سوودێکی ئابووری زۆر گەورەیان بينی لەم جەنگە. زیاد لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی غەززە یەکی ٥-٦ هەزار دۆلاريان داوە بە ميسر لە پێناو رزگاربوون لەو دۆخەی ناو کەرتەکە. دانانی باج لەسەر کاروانی هاوکارييەکان داهاتێکی گەورە بوو بۆ سیسی. لە ئێستادا هەموو ئەو سوودانە لەناوچوون. جارێ ڕوونيش نييە ئايندەی ئەو دەروازەیە چی دەبێت، ئایا ئيسرائيل کەی دەکشێتەوە لەوێ، چ مەرجێکی دەبیت...

٨. سوودمەندی یەکەم ئیسرائیلە.بەتایبەت بەهۆی ڕێگای نێتسریم، کە سەربازگەیەکی سوپای ئیسرائیلە لەناوەڕاستی غەززە، خاکی ئیسرائیل دەبەستێتەوە بەو بەندەرە.
حەماس غەززەی پێشکەش بە ئیسرائیل و ئەمریکا کرد، کەچی ئامادە نەبوو بیداتەوە بە دەسەڵاتی فەڵەستینی.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP