تا دێت دوالیزمی سەرمایەداری و هەژاری ، برسیەتی و ملیاردێران تۆختر دەبێتەوە ، مرۆڤایەتی لەبەردەم هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەدایە ئەویش زیادبونی ژمارەی برسیان و هەژاران و کەڵەکەبونی سەرمایەیە لەدەستی کەمینەیەکدا . جیهانێک گەدەی هەژاران بەتاڵترو هەژماری سەرمایەداران قەبەوقەرەباڵغتر دەکات.
کەمینەی ملیاردێر
پێگەی گۆڤاری(فێربس) ی ئەمریکی بڵاویکردۆتەوە ژمارەی ملیاردێرەکانی جیهان لەساڵی 2024 گەیشتۆتە (2781) ملیاردێر ، کەکۆی سەرمایەکەیان (14.2) تریلیۆن دۆلارە .بەگوێرەی گۆڤارەکە لیستی 10 ملیاردێرەکەی جیهان بەمجۆرەیە :
1-بێرنارد ئەنرۆوخێزانەکەی 210.1 ملیاردۆلار
2-ئیلۆن ماسک 207 ملیار دۆلار
3-جیف بیزۆس 197.9 ملیار دۆلار
4-مارک زوکەربێرگ 151.1 ملیار دۆلار
لیستەکە ناوی چواردە ملیاردێری لەخۆگرتوە کەزۆرینەیان ئەمریکین
داتاکانی برسیەتی
پێگەی concern world wide و ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی ئاماری ترسناک دەربارەی ژمارەی برسیان بڵاودەکەنەوەو دەڵێن 828 ملیۆن کەس لەسەرئاستی جیهان برسین ، کە (%40) یان زۆر برسین . هەروەها 309 ملیۆن کەس ئاسایشی خۆراکیان لەمەترسیدایە ، 2.3 ملیارکەس لەدانیشوانی جیهان دەستیان ناگا بەخۆراکی پێویست ، واتاڕێژەی% 29.9 . ساڵانە 9 ملیۆن کەس لەبرسان دەمرن ، 36 ملیۆن منداڵی خوار پێنج ساڵان لەسەرئاستی جیهان لەبەدخۆراکییەکی بێ وێنەدا دەژین ، لەساڵی 2022 داو تەنیا لەماوەی سێ مانگدا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا ڕێژەی خەڵکی برسی %25 زیادی کردوە .
هۆکارەکانی قەیرانی برسیەتی :
1-جەنگ و ململانێکان ، ڕێژەی %70 ئەوانەی برسین لەو شوێنانەیە کەجەنگ و ململانێی سیاسی تێدایە ، وەک ئۆکرانیاو غەزەو سودان و وڵاتانی تر. هەربەپێی ئەوڕاپۆرتانەی کەلەسەرەوە ئاماژەیان پێکراوە ، جەنگ داینەمۆی سەرەکییە لە نەبونی ئاسایشی خۆراک لە 20 وڵاتی جیاجیا ، بۆ نمونە 8.6 ملیۆن کەس لەسودان بەهۆی جەنگەوە لەنەبونی ئاسایشی خۆراکدا ژیان بەسەردەبەن.
2-گۆڕانی ئاووهەوا :
گۆڕانی ئاووهەوا بەیەکێک لەهۆکارە سەرەکیەکانی بڵاوبونەوەی برسیەتی دادەنرێ . کەش و هەوای سەرپەڕی بۆتە هۆی بڵاوبونەوەی برسیەتی لە 18 وڵاتی جیهان ، کەبۆتە هۆی زیانگەیاندن بەبەروبومی کشتوکاڵی ، بەجۆرێک لەساڵی 2022 دا 70 ملیۆن کەس ڕوبەڕوی مەترسیەکی زۆری نەبونی ئاسایشی خۆراک بونەتەوە .
3-شۆکە ئابوریەکان :
شۆکە ئابوریەکان کاریگەریان لەسەر 21 وڵات هەبووە ،بەهۆی پشتبەستنی ئەو وڵاتانەبە هاوردەکردنی خۆراک لەوڵاتانەوەو دابەزینی بەهای دراو.
زۆری هەژاری و چۆنیەتی کەڵەکەبونی سەرمایە .
هەندێ هۆکارهەن کەدەبێتە هۆی فراوانبونی جیاوازی زۆری نێوان هەژاران و سەرمایەداران لەوانە ،کۆمپانیا زەبەلاحەکان بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەخەنە سەروی بەرژەوەندی خەڵکانی هەژارو دەستەنگ ، لەم ڕوەشەوە پسپۆڕێکی ئابوری دەڵێت : ( سیستەمی سەرمایەداری سزای هەژار دەدات و پشتیوانی لە دەوڵەمەند دەکات ) . لەپاڵ هۆکارە ئابوریەکان و قازانج و سەرمایەدا پرسیاری زۆر هەن لەسەر چیەتی مرۆڤ ؟ ڕوانگەی ئەنثرۆپۆلۆجیانەو سایکۆلۆژیانە بۆمرۆڤ . چی وادەکات مرۆڤ لەخۆی تێنەگات کەبۆ ماوەیەکی کورت لەسەر ئەم زەویەیە بۆ چاوی تێرنابێت ؟ بۆچی دەبێ ژیانی ملیۆنان و بگرە ملیارەها کەس لەژێرڕەحمی چەند سەد کەسێکدابێت ، کەڕەنگبێ نەک مەرگی مرۆڤ بگرە مەرگی هەسارەکەشی بەدوادابێت. ئەو پرسیارانە پێویستیان بەوەڵامی وردو قوڵ هەیە.