وا بڕیارە لەم نزیکانە سەرژمێری گشتی لە ئێراق ئەنجام بدرێ بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەوەتەی سەرژمێریش لە ئێراق کرابێ گەلی کورد لە جێگای ئەوەی سودمەند بێت لە سەرژمێریەکان زەرەرمەندی یەکەم بوە کە پێ دەچێ سەرژمێری ئەمجارە زیانەکانی لە ئەژمار نەیەن بۆ کورد بە تایبەت لە ناوچە کوردستانیەکان، چونکە ئەم سەرژمێرییە لە کاتێک دا ئەنجام دەدرێ تەعریب لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکان گەیشتۆتە ترۆپک بە تایبەتی دوای شانزەی ئۆکتۆبەر و سەردەمی پارێزگای بەزۆر سەپێنراوی کەرکوک کە بە بەرنامەو بە شێوەیەکی چڕوپڕ پرۆسەی تەعریبی تیا ئەنجام داوە، لەگەڵ ئەوەش دا ژمارەی دانیشتوانە ڕەسەنەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو کەم بونەوە دەچن لە ئەنجامی زەبروزەنگ و جیاوازی نەتەوەیی ژمارەی کورد لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکان بەرەو شارەکانی هەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن عەرەب لە شوێنیان نیشتەجێ دەبن ئەم سەرژمێریەش دەبێتە هۆکارێکی مەترسی دار بۆ گۆڕینی باری دیموگرافی ناوچە جێناکۆکەکان دەشبێتە پێشهاتێکی مەترسی دار بۆ کەرکوک و سەرجەم ئەو ناوچانەی بە مادەی 140 سپێردراوە.
جگە لەوەش لەم هەڵبژاردنەدا ئاماژە بە نەتەوەو ئاین ناکرێت، ئەمەش جۆرێک نیگەرانی کەڵەکەی ئاڵۆزیەکانی بەر لە خۆی کردوە بە گشتی سەرژمێری ئەم جارەی ئێراق کە بڕیارە لە 20/11ئەنجام بدرێت بەو میکانیزمە کورد زۆر لە ڕابردوو زیاتر زەرەرمەند دەبێت، چونکە تەعریبی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکان گەیشتۆتە لوتکە، خەڵکێکی زۆری دانیشتوانی کەرکوک بە هۆی پاڵەپەستۆی دەسەڵاتدارانی ناوەند و بە هۆی کارو وەزیفەوە کەرکوکیان جێ هێشتووەو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و ئەگەر لەم سەرژمێرییەدا بەشداری نەکەن وەک کەرکوکی و لە شاری کەرکوک مانای وایە بۆ هەتا هەتایە کەرکوک لە دەست دەدەن و بە کەرکوکی ئەژمار ناکرێن لە گەڵ ئەوەشدا کە عەرەب بە لێشاو بە بەرنامە روو لە سنوری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دەکەن.
ئەم سەرژمێرییە دەبێتە بنەمایەک بۆ مانەوەیان و بون بە زۆرینەو کەمینە بونی کورد، بۆیە ئەوەی پێویستە بکرێت لەم کاتەدا ئەوەیە سەرکردایەتی سیاسی کورد قورسای خۆیان بخەنە گەڕ کە سەرژمێری دوابخرێ لەم کاتەدا یان کە کرا کورد بە کۆمەڵێک مەرجەوە بچێتە پرۆسەکەوە کە زیانی لێ نەکات هەوڵ بدرێت سنورێک بۆ تەعریب دابنرێ و کار بە کارتی نیشتمانی بکرێت هەر جەندە بۆ ئەوەش درەنگە، چونکە عەرەبە هاوردەکان زۆربەیان باری کەسێتیشیان گواستۆتەوە کەرکوک بەتایبەت لەکاتی ڕاکان جبوری کە هەڵمەتێکی فراوانی تەعریب دەسی پێ کردبوو لە هەموشی گرنگتر ئەگەر سەرژمێریش بەو شێوەیەی ئێستاش بەڕێوە بچێت هەوڵ بدرێت کەرکوکیەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە ڕۆژی سەرژمێری دا بگەڕێنەوە کەرکوک و وەک و کەرکوکی بەشداری ئەو پرۆسەیە بکەن دەبێ دەسەڵاتدارانی سیاسی کورد هۆشداری و زانیاری پێویستیان بۆ روون بکەنەوە لە دەزگا راگەیاندنەکانیان و گرنگ بەشداری کەرکوکیەکان و گرنگی سەرژمێریەکەیان بۆ رونبکرێتەوە تا بە فراوانی لە رۆژی سەرژمێری بگەڕێنەوە کەرکوک، هەوڵ بدەن ئەوەی دوژمن بە دەیان ساڵ بۆی نەکرا بە هۆی کەمتەرخەمی خۆیانەوە خەونی دوژمنان نەهێننەدی.