ئەو پێشکەوتنە بەردەوامەی لەبواری تەکنەلۆژیاو ئامێرەکانی پەیوەندیداهاتۆتەئارا کەبۆتەهۆی ، دروست بونی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وتۆڕی پەیوەندی نوێ بەشێک لە لەکۆمەڵناسان زاراوەی ( کۆمەڵگای تۆڕ ) ، یان سەدەی دیجیتاڵی بەکاردەهێنن.
لەم سەدەیەدا جۆرێک لەشوناس هاتۆتە ئارا کەبە شوناسی دیجیتاڵی ناودێر دەکرێ ، شوناسی ديجيتاڵی جۆرێکە لەشوناس بەکارهێنەر لەڕێگەی ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوەخۆی نمایش دەکات . ڕوخساری (ڤێرچواڵ ) (گریمانەیی ) ، دەبێتەڕوخساری سەرەکی . شوناسی دیجیتاڵی شوناسێکی تەواو ڤێرچواڵ و گریمانەکراوە، کەینونەیەکە لەپاڵ کەینونەی واقعیدا خۆی حەشارداوە ،ئەگەر بەزمانێکی دەرونناسانە بدوێین ،دەکرێ بڵێین شیزۆفرینیایەکی وجودی بەدیاردەکەوێ ،واتادابەش بون و دوکەرتبونێکی مرۆڤە ، شوناسی دیجیتاڵی جۆرێکە لەشوناس نایەوێ بەناوی واقعیانەی خۆی دەرکەوێ .چونکە دونیای گریمانەکراو بۆ ئەو واقعیترە لەدونیای واقعی . ڕوخساری دیجیتاڵی جۆرێکە لەڕوخسار کەلەپاڵ ڕوخسارەکانی تردا نیشان دەدرێ. لەشوناسی واقعیدا مرۆڤ ناتوانێ دەست لەهەموو شت بدات ولەهەموو بابەتێک بدوێ ،واتا لەو شوناسەدا مرۆڤ ناتوانێ تەجاوزی پێوەرەسیاسی وکۆمەڵایەتی و کەلتوریەکان بکات و وەک چۆن دەیەوێ دەرکەوێ ، بەڵام لەدونیاو لەشوناسی دیجیتاڵیدا هەندێ لەسیفاتە واقعیەکانی خۆی ون دەکات و کارەکتەرێکی جیاواز دەردەکەوێ ، بەکورتی دەکرێ مرۆڤێک لەدونیای واقعیدا کەسێکی (باش نەبێت ) ، بەڵام لەدونیای ڤێرچواڵدا وەک کەسێکی باش و چاکەکار دەربکەوێ . شوناسی ڤێرچواڵ شوناسێکی بەشانۆکراوو نمایش کراوە بۆدەرخستنی فەزیلەت ، دیوێکی پەنهانە بۆ خۆمەڵاسدان و خۆحەشاردان . لێرەداشاشە سەکۆی نمایش و مەکۆی خۆنیشاندانە . بەدیوێکی تردا شاشە ژینگەیەکی نوێ پێکدەهێنێ بۆ چەسپاندن وبەرجەستەکردنی خود ،بۆئەوانەی لەدونیای واقعدا و بەجۆرێک لەجۆرەکان هەست بەکەمی کۆمەڵایەتی دەکەن شاشەوەک ڕوگەی قەرەبوکردنەوە دەبینن.
هەروەها شێوازی نوسین وفۆنت ودابەزاندنی وێنەو ڕازاندنەوەی دەق وچۆنیەتی سێڵفی گرتن وخۆدەرخستن ڕۆڵ دەبینن بۆ کۆکردنەوەوچنینەوەی زۆرترین لایک و نمایشکردنی پاڵەوانی ئایکۆنی . ژنەفەیلەسوفی فەرەنسی ( ئیلیزاگۆدار ) چەمکی کۆجیتۆی دیکارت دەگوازێتەوە ناو ئەم بابەتەو دەڵێ " من سێڵفی دەگرم کەواتا من هەم."
ڕۆژی 6ی ئازاری 2024 فەیس بوک نزیکەی کاتژمێرێک لەکاروەستا جگەلە زیانە ئابوریەکەی بۆکۆمپانیای مێتا ، بووە هۆی شڵەژان و دروستبونی بۆشاییەکیش لەدونیای مەجازیدا ،ئەم لەکاروەستانەبووە هۆی دروستبونی شۆکێکی گەورەبۆ زۆر کەس .لەم سەدەیەدا مرۆڤ بۆتە کۆدێک کاتێک ئەم کۆدە دیارنامێنێ هەست بە بزربونی خۆی دەکات. کاتێک بۆیەکەمین جار لەفەرەنساکارتی نیشتیمانی بۆ هاوڵاتیان دەرکرا (جان پۆل سارتەر) ی فەیلەسوف گوتی " تازە ئێمە بوینە ژمارەیەکی ڕوت " . سەدەی دیجیتاڵی شۆڕشێکە لە هەمبەر زەهایمەری سیاسی وکۆمەڵایەتی و یادەوەریەکانی مرۆڤ .کتێبی دیجیتاڵی، ڕۆشنبیری دیجیتاڵی ، کەلەپوری دیجیتاڵی ،خوێندنەوەی دیجیتاڵی لەسیمادیارەکانی ئەم سەدەیەن . کاتێک کەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بزردەبن ونامێنن ، وەک ئەوە وایە مرۆڤ ئەو سیدیەی بزرکردبێ کەهەمو شتێکی لەسەر تۆمار کردووە. بۆیەنەمان و بزربونی دەبێتە هۆی زوڵمەتی گریمانەیی و دیجیتاڵی . هاوکات ڕوداوی لەکارکەوتنی فیسبوک دەریخست کە نوێگەری و پێشکەوتن بێکێشەو گرفت نین .