دواین هەواڵ

هەر حزب ولایەنێك بە قەد قەبارەی خۆی

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

5 کاتژمێر پێش ئێستا

بەدرێژایی مێژوو زۆر بوون ئەوانەی نەخشە و پیلانیان لە ژوورە تاریكەكان دادەنا و خەونیان بە لەناوبردن و ڕاوستاندنی كاروانی خەبات و قوربانیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە رابەڕایەتی بارزانی دەبینی ، بەڵام لەگەڵ هەر پیلان و هێرش وپەڵاماردانێك ئەوا پووكانەوە و شكستی خۆیان دەبینی ،

بەهەمان شێوە لەماوەی 32 ساڵ حكوومڕانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی رابردووش دا ، نەیارانی ئەم گەل و ئەزموونە بە هاندان وپشتیوانیكردنی هەندێك حزب ولایەنی لاواز و دروستكراو و قورمیشكروای ناحەزانی پارتی وكوردستان بەردەوام هەوڵی لێدان و لاوازكردن و زۆرجاریش خەونیان بە نەهێشتنی ئەم دەستكەوت و ئەزموونانەی كە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و دەیان ساڵ خەباتی بێ وچانە دەبینی ، بەڵام هەموو كات لەنێوەڕێگەی چیاسەركەشەكانی پارتی و بارزانی هەڵدەدێران و بەشێوەیەك شكستخواردوو دەبوون كە خۆشیان تووشی شۆك و سەرسوورمان دەبوونەوە .

بەدرێژایی ساڵانی رابردوو زۆر حزب ولایەن بە پاڵپشتی نەیارانی كوردستان بە ڕێگەی سیاسی و سەربازی و دارایی و هەتا دادگە و گەمارۆدان هەوڵی پەراوێزخستن و لاوازكردنی پارتی درا ، تا لە شوێنیان كۆمەڵێك كەس ولایەنی بەكرێگیراو حكوومرانی كوردستان بكەن فەرمانی نەیاران جێبەجێ بكەن و شتێك بەناوی سەروەری قەوارەی هەرێمی كوردستان گەلی كورد  نەمێنێتەوە ، بەڵام مێژوو سەلماندوێتی كە حكوومرانی بە بێ پارتی دیموكراتی كوردستان نەك هەر ئەستەمە بەڵكو هەموو بابەتێك و حكوومەتێك ئیفلیجە و ناكرێت .

پارتی خاوەن سەنگ و پێگەیەكی بەهێزە نەك تەنها لە كوردستان بەڵكو لە سەر ئاستی عێراق و هەموو زڵهێزان و وڵاتانی ناوچەكە و دۆستان ونەیارانیش باش ئەو راستییە دەزانن كە كە بێ بەشداری پارتی حكوومرانییەكی شكستخواردوو و ئیفلیج و پووك دروست دەكات و هەموو عێراقیش لە رووی سیاسی و سەربازی و ئابووریش رووبەڕووی شكست دەبێتەوە ، بۆیە هەموو چاوەروانییەكان و نیگاكان و ڕێگەكان لە سەر پارتی و دەگەڕێتەوە بۆ لایی رابەرایەتی بارزانی.

‎دەمهەوێت ئەو راستییە بڵێم لەگەڵ ئەوەی پارتی لە ماوەی شەش خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەمیشە سەركەوتنی بەرچاو و یەكەم بووە ، هەمیشە لە ماف و كورسیی و دەنگەكانی بە لایەنەكانی تر داوە لە پێناو بەهێزكردنی پرۆسەی دیموكراسی و قەوارەی هەرێمی كوردستان و جوانتركردنی سیمای گەلی كورد لەڕووی یەكتر قبووڵكردن و پێكەوەیی  ، بەڵام هەندێك حزب ولایەن ئەو هەنگاوە گەورە و ستراتیژەی پارتییان وەك دەرفەتێك قۆزستۆتەوە بۆ هێرش وپەڵاماردانی پارتی بە پاڵشتی ناحەزانی كوردستان ، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی وەك باوكێك باوەشی بۆ هەموو حزب ولایەنەكان كردۆتەوە و هەرگیز رێگری لە هیچ لایەنێك نەكردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە حكوومرانی هەرێمی كوردستان نەكەن و نموونەی هەر بەرەچاویش جوانترین دروشم بوو ئەویش " یەك پەرلەمان ، یەك حكوومەت ، یەك هێزی پێشمەرگە ، ئەوەش یەک هەرێم و ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەوەی هەمووان رووبەڕووی ئاستەنگەكان ببینەوە و كوردستان بەرەو پێشكەوتن و گەشەسەندن ببەین ، ئەوەش ئەوپەری كوردپەوەری و نیشتیمانپەوەری و بەرپرسیاریەتی پارتی و بارزانی لە هەموو قۆناغەكاندا پیشان دەدات .

پارتی ئەمجارە بەهەمووانی گووت ئیتر سەردەمی خۆسەپاندن و پەنجا پەنجاو بەخشینی كورسی بەلاش بەسەر چوو ئەو قۆناغە كۆتایی هات و ئیتر كاتی ئەوە هاتووە كە هەر حزب و لایەنێك بە قەبارە خۆی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و ئیتر كاتی ئەوە هاتووە لە جیاتی گرتبەبەری ڕێگەی پۆپۆلیستی و نیوە ڕێیی و خۆپەرستی و بەرژوەندی تەسكی حزبی و خزمەتكردنی بەرژوەندی نەیارانی كورد و پاشگوێ خستنی بەرژوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتیمان و زیانگەیاندن بە پێكهاتەكان و پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی و لێكترازان و تیرۆر و سووتاندن ئەوە بگەرێنەوە باوەشی كوردایەتیی و خزمەتكردنی نیشتیمان .

بۆیە، ئیتر ستراتیژ و ئامانجی پارتی روون و ئاشكرایە ، دەبێ هەموو حزب ولایەنەكان چە ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری حكوومەت بكەین چ ئەوانەی كە دەیانەوێت وەك ئۆپۆزسیۆنێكی تەندروست و نیشتیمانپەوەر بن ،  رێگە نادرێت دەستی دەرەكی بێنە ناو كوردستان و خۆسەپێنانە  زیان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگەێنن ، ئیتر ئەو سەردەمە بەسەرچوو بتانەوێت كار بۆ شكاندنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان بدەن ، مووچە و بوودجەی ببڕن ، سەروماڵی خەڵك بسووتێنن و تاڵان بكەن ، بۆیە دەبێت خۆتان یەكڵا بكەنەوە ، 

دەبێ  هەمووان ئەو راستییە بزانین و نەیاران كوردستان و لایەنەكانیش بزانن كە ، تا كوردستان خاوەن پێشمەرگە ، رابەر و سەرۆك بارزانی و پارتی و رێبازی بارزانی و كوردایەتی بێت ، نە سازش لەسەر مافەرەواكانی كوردستان دەكرێت نە ڕێگەش دەدرێت هێڵە سوورەكان ببەزێنرێت ، هەنگاوەكانی پارتیمان وەك مەشخەلێكی رووناكە ئەویش لە پێناو ئاوەدانی و خۆراگری و پێكەوەیی و خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستان و گەشەپێكردنی هەرێمی كوردستانە .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP