دواین هەواڵ

سلێمانی ئەم حزبانەی ناوێ!

‌سەردەشت حەمەساڵح

09/03/2024

بەشێوەیەکی گشتی حزبەکانی کوردستان شکستیان خواردوە، هەم لە حوکمڕانی و هەم لەحزبداری. جوتیارێک بەروبومێک ئەچنێتەوە کە پێشتر زەوییەکەی بۆ تەرخان کردبێ و ناشتبێتی یا چاندبێتی، گەر هیچی نەکردبێ هیچی نییە بیچنێتەوە، ئەم حزبانەی هەرێمی کوردستانیش هیچیان بۆ خەڵک نەکردوەو هیچیان نەچاندوە بۆیە ئێستا ناتوانن هیچ بچننەوە. کامەران مستەفا گۆرانیەکی هەبوو دەیوت "ئەوا ئەم ساڵ دوو هەزارە.. نە دێمان دێ نە شار شارە…." وا لە ساڵی ٢٠٢٤ داین، ئێستاش نە دێمان دێ و نەشار شارە!!

بەراستی خەڵکی هەرێم بەتایبەت خەڵکی سلێمانی ئەم مۆدێلی حزبانەی ئێستسی ناوێ و لەئاست و خواستی ئەواندا نین.

گەرچی ئەسڵی شارەکە بەرەو کەمبونەوە چوە، بەڵام رۆحیەتەکەی سلێمانی کە ناوازەیە، هەر زیندوە.. ئەو رۆحیەتە لە گۆیژەو ئەزمەڕی بەرزترە، رەنگە ماوە ماوە بێدەنگ بێ، بەڵام هەمیشە بێدارە..

سروشتی بەوجۆرەیە کە ناتوانرێت بەهێزو چەک کۆنتڕۆڵ بکرێت، هەمیشە کاتی گونجاوی هەیە بۆ رەتکردنەوە.

تەزویرو چەک و دەسەڵات، ناتوانن سلێمانی رام بکەن، دەرکەوتوە بۆ ماوەیەک بەوجۆرە ویستراوە ئەم شارە دەستەمۆ بکەن، بەڵام دواجار خراپ خراون.

سەدام حسێن، لە سەردەمی بەهێزیدا هەر لە سلێمانی ترساوە، بەدەزگا ئەمنی و سەربازییەکانیشی بۆی کۆنتڕۆڵ نەکراوە، هەمیشە گورزی لێوەشێنراوە. بۆیە ئەوانەی دوای سەدام دەبێ لەو راستییە بگەن، بە شیعارات و فریودان ناتوانن سلێمانی بەدەست بهێنن، ئەم شارە سیوای بۆتە لە بەڵێن و قسەی بریقەدار، راستگۆیانەتر بیڵێم حەزی بەدرۆ نەماوە، خزمەتی دەوێت، خزمەتیش شۆستە بۆیاخ کردن و تەعمیرکردنەوەی چایخانەی شەعب و بەرزکردنەوەی تەلارەکان نییە.. قسەیەک هەیە پێموابێ هی (خەڵات عومەر)ی نوسەرە، دەڵێ "سلێمانی پشت لە هەر لایەنێک بکات، جارێکی تر دەرفەتی پێ ناداتەوە"، لەراستیدا سلێمانی پشتی لە هەموو ئەم حزبانەی ئێستا هەن کردوە، خۆ بەوە نابێ کە خۆیان کردوە بەخاوەنی! لەرابردودا سندوقی دەنگدانەکان ئەو راستییە دەردەخەن، ئەمانەی ئێستا هەن نوێنەری ئەوان نین، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٢دا لەسەدا ٣٧ی خەڵکەکەی دەنگی داوە، کەنیوەی دانیشتوانەکەشی نییە، لەو نیوەیەش بە هەڕەشەو گوڕەشەو موچە بڕین و تەزویر هێشتا ئەو رێژەیە نەهاتوە کە لایەنێک بتوانێ خۆی بە نوێنەری ئەم خەڵکە بزانێ.

بۆیە هێزی نوێ پێویستییەکی گرنگە بۆ ئەو خەڵکە، بەمەرجێ جیاوازبێ لەو حزبانەی ئێستا، دەبێ لەگەڵ رۆحی سلێمانیدا هەڵ بکات، سلێمانی دەبێ تێی بگەیت، ئەمانەی ئێستا هەن نە لەم شارە لەدایک بون، نە لەم شارەش گەورە بوون، بۆیە ناتوانن تێی بگەن!.

سلێمانی، پێویستی بە خزمەت و بە ئازادی هەیە، ئەم شارە نابێ بیر لە دەستەمۆکردنی بکرێتەوە، دەبێ لەپاڵیدا رێبکەی، بچیتە بەردەمی دەتخا، سلێمانی خاوەنی ناوێ، خۆی خاوەنی خۆیەتی، گەردەتەوێ لەگەڵی هەڵکەی هاوڕێ و هاوهەڵوێستی بە.

رەنگە هەبن بەم نوسینە قەڵس بن، وابزانن من دژی حزبەکەیان ئەم قسانە دەکەم، یان بڵێن ئەو خەڵکە دەنگمان پێ دەدات! کام خەڵکە؟ ئەوە ئەسڵی شارەکە بناسێت قسەکانم بەراست دەزانێ.

لەکۆتایدا دەمەوێ ئەوە رون بکەمەوە کە من شارچێتی ناکەم و دژی هەرکەسێکیشم جیاوازی لەنێوان شارەکان یان دوو کورددا دروست بکات، لەرابردوشدا ئەوەم سەلماندوە، بەڵام کام بەرپرس هەیە لەم شارەدا خەڵکی سلێمانی بێت، یان کورتترو وردتر بیڵێم کام بەرپرس هەیە لەم شارەدا لە خەمی سلێمانیدا بێت و خەڵکی شارەکە بە رۆڵەی خۆی تەماشای بکات و خزمەت بکات، جا خۆ بەخزمەتەکەدا وەڵامی هیچت دەست دەکەوێت. وەک وتم هیچ نەچێندراوە هەتا بیدورنەوە، پێویستە لەمەوبەدوا بچێنن، بۆئەوەی بدورنەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP