دواین هەواڵ

!خەڵک حەسودی بە ئێوە دەبا نەک سلێمانی

‌سەردەشت حەمەساڵح

پێش 4 هەفتە

هەرێم نیوز
هەندێک کێشەی خۆیان بە شارەکەوە دەبەستنەوە، واتە تۆ رەخنەو گلەییت هەبێت، ئەوان بەناوی سلێمانی وەڵامت ئەدەنەوە! ئەمەش بۆ فریودانی خەڵکەو پەلکێشیان دەکات بۆ شەڕێک کە ئەساسی نییە، بۆئەوەی بابەتەکان لە شەخسەنەوە بکەنە شارچێتی، ئەمە بۆ شاردنەوەی ئەو هەموو نادادییەیە کە هەیە. واتە تۆ بڵێی ئەم دەسەڵاتە مافیایەو خەریکی فەرهودو تاڵانکردن و قاچاخچێتی و فرۆشتن و مۆنۆپۆڵکردنی زەوی شارەکەو قۆرخکردنی سەروەت و سامانی میللەتە، ئەو دێت خەڵکی شارەکە دەکاتە قەڵغان بۆ خۆیی و ختوکەی هەست و سۆزی خەڵک دەدات و دەڵێ سلێمانی زۆر لەوە گەورەترە کۆمەڵێک دژایەتی بکەن!
یانی ئێمە بڵێین ٣٣ ساڵە حاکمی ئەم زۆنەن، هیچ بۆ خەڵک نەکراوە، ئەوەی هەیە خەڵک بە کاروکەسابەت بونیادی ناوەو ئێوە کردوتانە بەهی خۆتان! ئایا ئەوە حەسودییە؟

لەپاش ٣٣ ساڵ نەخۆشخانەکانتان کردوە بە ئەهلی و لەبەرامبەردا نەخۆشخانە حکومییەکان پەراوێزخراون و ئەسڵەن چاویشتان بڕیوەتە موڵکەکانی، دوای هەڵبژاردن بە وەبەرهێنێکی دەفرۆشن.

قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆکانتان کردوە بە ئەهلی.. تەنها تەخەروج بە خوێندکار دەکرێت بۆ بڕوانامە، دوای ئەوە سود لە توانایان وەرناگیرێت، کەمینەیەک بە حزبی دادەمەزرێنن و تەواو، تەنانەت دەرگای چەکداریتان واڵا کردوەو خاوەنبڕوانامەکان یان دەبێ بڕۆن و سەرهەڵگرن یان دەبێ بێکار بن و یان دەبێ چەکیان پێ هەڵگرن.

کارەباو ئاو هەروەک ساڵی (١٩٩١)ە، بگرە خراپتریش بوە، ئێستا خەڵک پارەی دوو کارەبا دەدات، مۆلیدەو رەئیسی.. و زۆرینەش بەناچاری پارەی دوو ئاو دەدەن، ئاوی حکومی و ئاوی خواردنەوە، ئەسڵەن لە هەندێ ناوچە ئاوی حکومی کە هەفتەی جارێکیش ئەگەر بێتەوە، لەبەر پیسبونی ناخورێتەوە.

لەو ٣٣ ساڵەدا شەقامێکی گشتیتان بۆ شارەکان زیاد نەکردوە، بۆ نمونە شەقامی شاڕێی سالم و شەستییەکە هەیە کە سەردەمی بەعس دروستکراون، ئێوە بەو هەموو ساڵە رێگەیەکتان ئیزافە نەکرد.
 
پێمان بڵێن کام سێکتەر پێشکەوتوەو خزمەتی خەڵک دەکات؟ ئەوەشی کە هەیە پێشنەکەوتوە، بەڵکو گۆڕاوە، ئەویش بە شەقی تەکنەلۆژیاو گۆڕانکاری ژیاری.

خۆ ئەمانە کەموکوڕی و نەزانی خۆتانە، خەڵکی سلێمانی بۆ تێوە ئەئاڵێنن، ئێ خۆ خەڵک گەندەڵی نەکردوەو هەموو حەزدەکەن شارەکەیان زەوت نەکرێ و دەرمانی ئێکسپایەرو تەزویریان بەسەردا ساغ نەکرێتەوە، ئەو خەڵکە حەزدەکەن خۆراکی بەسەرچو نەخۆن و کوالێتی خۆراکیان باشبێ.. ئێوە کارێکتان کردوە، شتێک نەماوەتەوە هەتا حەسودی پێ ببرێ!
ئەوەی هەیە ئەوەیە کە خەڵک حەسودی بە ئێوە ببات، کە نە لە شارەکە لەدایک بون و نە لە شارەکەش گەورە بون، کەچی بون بە خاوەنی هەموو شتێکی شارەکە، تەنانەت ئازادییەکەشی لەژێر میزاجی ئێوەدایە.
بەغیلی بە ئێوە دەبرێ کە بێ ئاوی و بێ کارەبایی و بێ نەوتیتان نەدیوە، بەڵێ حەسودیتان پێ دەبەین کاتێک نازانن موچەکەتان چەندە؟
ئاخر کرێچییەک خەون دەبینێ خاوەنی سەد مەتر یەکەی نیشتەجێبون بێ، کەچی ئێوە بە دۆنم دەیبەخشن و خۆتان سەدان دۆنمتان هەیە.
گەنجێک هەموو حەزی ئەوەیە قەمەرەیەکی کامل بۆیاخی بێ رەقەمی دەستکەوێ و بتوانێ بیکڕێت، ئێوە گران بەهاترین دەکڕن و تەنانەت گرانترینەکان بە دیاری بە خانمان دەدەن!
بەڵێ خەڵک حەسودی بەو شاهانە ژیانە دەبات، کە ئارەقەت بۆ نەکردبێتەوەو هاتبێتە ژێر دەستت، ئێوە ئەو مەسەلەیەشتان تێکداوە کە دەڵێ "کەس بە مەلەی باوکی ناپەڕێتەوە".

لەپاڵ ئەوەی کە دەویسترێ دەست بە خەڵکی سلێمانی بسڕن و سلێمانی بۆ بەرگری لە خۆیان بەکاردەهێنن، تێزێکی تریشیان بەرهەم هێناوە، ئەگەر بڵێی رۆژنامەنوس مەگرن، ئەڵێ لەولاش هەیە!
ئەگەر بڵێی شەق لەسەری خۆپیشاندەر مەدەن، دەڵێن لەولاش شەق لە مامۆستا درا.
گەر بڵێی قاچاخچێتی گومرگەکان و تاڵانکردنی نەوت راگرن، دەڵێن لەولاش ئەوە هەیە!
گەر بڵێی ئەو زەوییە گشتیانە مەدەن بە بازرگانە دۆستەکانتان، دەڵێن لەوێ وایە.
هەرشتێک بڵێی، دەڵێن خۆ لەولاش وایە! 
بەرێزان من دەمەوێ چاولێکەری لە کارە باشەکاندا بکەن و مونافەسەی خزمەتگوزاری دروست بکەن، نەوەک درێژە بە هەڵە بدەن و بڵێن لەولاش هەیە!
ئاخر من کاتێک دەتوانم بە مناڵی دراوسێکانم بڵێم بە ئەدەب بن، کە مناڵەکانی خۆم بە ئەدەب پەروەردە کردبن.
بۆیە هیچ عەوام و وەحشییەک بەمن نەڵێ بۆ رەخنەی زیاتر لەملا دەگریت و کەمتر چاوی رەخنەت لەولایە، خۆ لەوێش هەیە!. جا ئەوە وەک ئەوەیە بڵێ مادام ئەو دزو گەندەڵە منیش دزی و گەندەڵی دەکەم!. ئەی کەوابێ کە تۆ هەر کارێکی خراپ بەولا بەراورد بکەی، خراپی ئەولا لە چیدایە؟
کەواتە بەم ئەقڵیەتەوە دەبێ دوعا بکەین ئەولا هەڵە نەکەن، بۆئەوەی ئەمانە کۆپی نەکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP