دواین هەواڵ

بارزانی و عێراقی دوای ئەمریکا

‌سەردەشت حەمەساڵح

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بارزانی و عێراقی دوای ئەمریکا
سەرکردەیەک سێ عێراقی بینیوەو هۆشداری لە چوارەم دەدات

هەندێک سەرکردە لە مێژوودا پۆستێک وەردەگرن، هەندێکی تر مێژوو پۆستیان پێ دەدات. مەسعود بارزانی لەو نەوە سیاسییەیە کە تەمەنی سیاسیی تەنها بە ساڵ ناژمێردرێت، بەڵکو بە قۆناغ دەژمێردرێت.

 

عێراقی پاشایەتیی لە منداڵیدا بینی، لەگەڵ عێراقی کۆماری و بەعس شەڕی کرد، لە دروستکردنی عێراقی دوای سەدامدا بەشدار بوو و ئێستا لە دوای کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا، لەبەردەم عێراقێکی تر وەستاوە.

بۆیە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کەناڵی شەرقییە، تەنها وەڵامدانەوەی سیاسییەکی بەئەزمون، بە چەند پرسیارێکی ڕۆژنامەوانی نەبوو، خوێندنەوەی سەرکردەیەک بوو کە سێ عێراقی بینیوەو هۆشداری لە چوارەمیان دەدات.

عێراقێک کە بیانییەکان لێی دەڕۆن، بەڵام دەوڵەت بە تەواوی جێگەیان ناگرێتەوە. ئەوە جەوهەری قسەکانی بارزانی بوو.

سێ عێراق، یەک نەخۆشی!
عێراقی یەکەم، ناوەندێکی بەهێزی بوو، کوردی بە هاوبەش نەدەزانی، بە کێشەیەکی دەزانی کە دەبێت چارەسەر، کۆنترۆڵ، یان سەرکوت بکرێت.

عێراقی دووەم، لەگەڵ سەدام گەیشتە لوتکەی ئەو بیرکردنەوەیە، دەوڵەت بوو بە حیزب، حیزب بوو بە تاک و تاک بوو بە وڵات. ئەنجامەکەی هەڵەبجەو ئەنفال و گۆڕە بەکۆمەڵەکان بوو.

عێراقی سێیەم، دوای ٢٠٠٣ لەسەر بەڵێنێکی پێچەوانەی ئەو مێژووە دروست کرا، دەستور لەبری فەرمان، فیدڕاڵیەت لەبری ناوەندگەرایی، هاوبەشی لەبری زاڵبون و هاوسەنگی لەبری سەپاندن.

بارزانی لە هەرسێ قۆناغەکەدا وجودی هەبووە.
لە یەکەمدا نەیار بوو، لە دووەمدا شۆڕشگێڕ بوو، لە سێیەمدا بوو بە یەکێک لە بەشدارانی دروستکردنی سیستەمی نوێ.

ئێستا، لە تەمەنی ئەم عێراقە نوێیەدا، هۆشدارییەکەی سادەیە، بەڵام قورسە.

ناوی سیستەم گۆڕاوە، بەڵام ئەگەر فەلسەفەی دەسەڵات نەگۆڕێت، مێژوو دەتوانێت بە ناوێکی نوێ بگەڕێتەوە. ئەمە قورسترین خوێندنەوەی چاوپێکەوتنەکەیە.

بارزانی کاتێک گەڕایەوە بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە ٢٠١١، تەنها ڕووداوێکی مێژوویی نەگێڕایەوە.
لەو ساڵەدا هێزەکانی ئەمریکا کشانەوە. سێ ساڵ دواتر موسڵ کەوت، داعش لە دەروازەکانی هەولێر نزیک بۆوەو عێراق دووبارە داوای ئەو یارمەتییە نێودەوڵەتییەی کرد کە پێشتر پێیوابوو پێویستی پێی نەماوە.

بەڵام هەڵەیە ئەگەر هۆشداریی بارزانی بەوە کورت بکەینەوە کە "ئەمریکا بڕوات، داعش دەگەڕێتەوە". ٢٠١٤ تەنها چیرۆکی داعش نەبوو.

 

چیرۆکی دەوڵەتێک بوو کە لە ساتی تاقیکردنەوەدا، لاوازییەکانی لە ژێر یونیفۆرم و دامەزراوەکانەوە دەرکەوتن. لەبەر ئەوە پرسیاری ٢٠٢٦ ئەوە نییە کە ئەمریکا دەڕوات، یان نا؟
ئەمریکا دەڕوات. پرسیارەکە ئەوەیە، کاتێک ئەمریکا نەما، کێ ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە، دەوڵەتی عێراق، یان دەسەڵاتدارەکانی ناو عێراق؟ لێرەدا چاوپێکەوتنەکە لە هەواڵ دەگۆڕێت بۆ هۆشداری.

بارزانی قسەی لەسەر چەکی دەرەوەی دەوڵەت کرد. ئەم بابەتە ساڵانێکە لە عێراق دووبارە دەکرێتەوە، تا ئەوەی بۆتە دەستەواژەیەکی سیاسی. بەڵام لە ڕاستیدا، هیچ کێشەیەک لە عێراقی ئەمڕۆدا بە ئەندازەی ئەمە پەیوەندی بە مانای خودی دەوڵەتەوە نییە، چونکە چەک تەنها تفەنگ و موشەک نییە، چەک توانای گۆڕینی بڕیارە.

ئەو هێزەی بتوانێت بەبێ بڕیاری دامەزراوەکانی دەوڵەت بجەنگێت، ئاشتی بکات، هەڕەشە بکات، یان وڵاتێک بخاتە ناو ململانێی وڵاتانی تر، تەنها خاوەنی چەک نییە، خاوەنی پارچەیەک لە سەروەرییە.

لێرەدا کێشەکەی عێراق بە ڕونی دەردەکەوێت، دەوڵەت ناتوانێت نیوە سەروەر بێت.
یان بڕیاری جەنگ و ئاشتی یەک سەرچاوەی هەیە، یان چەند دەسەڵات لە ناو یەک نەخشەدا دەژین.

بۆیە کاتێک بارزانی دەڵێت ئەگەر پرسی چەک چارەسەر نەکرێت وڵات بەرەو نادیار دەڕوات، ئەو "نادیارە" تەنها شەڕی ناوخۆ نییە. مەترسیی گەورەتر ئەوەیە کە عێراق بە هێواشی لە دەوڵەتێکی خاوەن میلیشیاوە بگۆڕێت بۆ میلیشیاگەلێک کە خاوەنی دەوڵەتن. جیاوازیی نێوان ئەم دووانە، چارەنووسی وڵاتێکە.

کورد لە بەغدا میوان نییە
بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکە لەسەر هاوبەشی، هاوسەنگی، ڕێککەوتن و دەستور بوو.
لەوانەیە ئەم وشانە بۆ گوێی عێراقی وەڕسکەر بن، بیست ساڵە دووبارە دەکرێنەوە.
بەڵام کێشەکە لە وشەکاندا نییە، لەوەدایە کە هێشتا نەبونەتە کەلتوری دەوڵەت.
کورد دوای ٢٠٠٣ نەچوەوە بەغدا بۆ ئەوەی چەند پۆستێکی پێ بدرێت. ئەگەر مەسەلە تەنها پۆست بوایە، ئەو هەموو خوێن و شۆڕش و ئەنفال و ڕاپەڕینە پێویست نەبوو.

 

کورد بە گرێبەستێکی نوێ گەڕایەوە عێراق، هاوبەشە، نەک میوان. ئەم دوو وشەیە دوو جیهانبینیی جیاوازن. میوان ئەوە وەردەگرێت کە خاوەن ماڵ پێی دەدات. هاوبەش لە بنەڕەتدا خاوەنی ماڵە.

لەبەر ئەوە کاتێک بارزانی دەڵێت دوای پێکهێنانی حکومەت ڕێککەوتنەکان و دەستور لەبیر دەکرێن و ئارەزوی کەسی دەبێتە بڕیاردەر، ناکۆکییەکە لەسەر وەزارەتێک نییە، لەسەر مانای عێراقی دوای ٢٠٠٣ـیە.

ئایا عێراق وڵاتی هاوبەشەکانە، یان دەوڵەتی زۆرینەیەکە، کە ئەوانی تر لە کاتی پێویستدا بانگهێشت دەکات؟
ئەگەر ئەم پرسیارە وەڵام نەدرێتەوە، هەموو ڕێککەوتنێکی نوێ تەنها کڕینی کاتە.

بارزانی، سەنگێک کە بە کورسی ناپێورێت
لێرەدا دەبێت خودی بارزانی لە چاوپێکەوتنەکە جیا بکەینەوە.
ئەمڕۆ مەسعود بارزانی نە سەرۆکی عێراقە، نە سەرۆکی هەرێم و نە سەرۆکی حکومەت. بەڵام هەندێک پێگەی سیاسی بە فەرمان دروست نابێت تا بە فەرمان کۆتایی بێت. پێگەی هەندێک سەرکردە، بە خەباتی بەردەوام و کۆبونەوەی ساڵانێک لە شەڕ، بڕیار، هەڵە، سەرکەوتن، شکستی سیاسی و مامەڵەکردن لەگەڵ گەورەترین گۆڕانکارییەکان دروست دەبێت. بارزانی لەو جۆرەیە.

ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو بڕیارەکانی دروست بوون، یان هەموو کورد لەسەر سیاسەتەکانی کۆکن. پێگەی مێژوویی بە مانای بێهەڵەیی نییە. بەڵکو شتێکی قوڵترە.

مەرجەعی سیاسی ئەوە نییە هەمووان گوێڕایەڵت بن، ئەوەیە تەنانەت نەیارەکانیش نەتوانن لە ژمێریاریی سیاسیی خۆیاندا نادیدەت بگرن.

لە هەرێمی کوردستان، لە بەغدا، لە ناوچەو لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، هەڵوێستی بارزانی خوێندنەوەی گەورەی بۆ دەکرێت، چونکە ئەو تەنها سەرکردەی حزبێک نییە کە بڕیارێکی ئەمڕۆی هەبێت، بەڵکو یەکێکە لەو کەسانەی بەشێک لە مێژووی سیاسیی کوردیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە.

بۆیە هۆشدارییەکەی دەبێت بە قورسایی ئەزمون و سەنگی بخوێندرێتەوە، نەک وەک پێشبینییەک، بەڵکو وەک ئەزمونی کارەکتەرێکی ئێجگار بەهێزی ناو قۆناغ و روداوەکان.

ئەگەر بارزانی، بەغدا بە پێوەری دەوڵەت هەڵدەسەنگێنێت، هەمان پێوەر دەبێت بۆ کوردستانیش بەکاربهێنرێت.
ئەگەر چەک دەبێت لە ژێر یەک فەرماندا بێت، ئەو پرەنسیپە لە کەرکوک دروستە، لە هەولێرو سلێمانیش دروستە.

ئەگەر دەستور دەبێت لە ئارەزوی حزبەکان بەرزتر بێت، دامەزراوەکانی هەرێمیش دەبێت لە حزبەکان بەرزتر بن.

ئەگەر کورد لە بەغدا هاوبەشەو نابێت وەک میوان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، هاوڵاتیی کوردستانیش نابێت لە ناوخۆدا بە پێی ناوچەو حزب مافی جیاوازی هەبێت و ئەگەر عێراق پێویستی بە یەک سەرچاوەی بڕیاری سەربازی هەیە، کوردستانیش ناتوانێت بۆ هەمیشە بە دوو هێزی پێشمەرگەو دوو ناوەندی فەرماندەییەوە بەرەو داهاتوو بڕوات. گەرچی لە ئێستادا تاڕادەیەک یەکخراونەتەوە.

ئەمە دژایەتیی قسەکانی بارزانی نییە، تەواوکردنی قسەکانیەتی، چونکە ئەگەر دەوڵەت چارەسەری عێراقە، دەوڵەت چارەسەری کوردستانیشە.

لەوانەیە ئەمە قورسترین بەرپرسیارێتیی مێژوویی خودی بارزانی بێت، نە تەنها هۆشداری لەوەی دوای ئەمریکا چی بەسەر عێراقدا دێت، بەڵکو بەکارهێنانی ئەو پێگەیەی هەیە بۆ ئەوەی کوردستان لە پێش هاتنی قۆناغەکەدا خۆی یەکبخاتەوە.
چونکە ئەمریکا دەتوانێت بڕوات، کورد ناتوانێت لە جوگرافیای خۆی بڕوات.

عێراقی چوارەم
لە کۆی چاوپێکەوتنەکەدا، من یەک هۆشداری دەبینم کە لە هیچ وەڵامێکدا بە تەنها نەگوترا، بەڵام لە نێوان هەموو وەڵامەکاندا هەیە. عێراق لەبەردەم دروستبونی عێراقی چوارەمدایە.
یەکەم، عێراقی پێش بەعس.
دووەم، عێراقی سەدام.
سێیەم، عێراقی دوای ٢٠٠٣ کە لە ژێر چەتری ئەمریکی و هاوکێشەی نوێی شیعەو سوننەو کورددا دروست بوو.
چوارەم، ئەو عێراقەیە کە دوای کشانەوەی ئەمریکا دەبێت بڕیار بدات خۆی چییە.
دەوڵەتێکی سەروەر؟
گۆڕەپانی ململانێی ئێران و ئەمریکا؟
سیستمێکی فیدڕاڵیی ڕاستەقینە؟ یان ناوێکی یەکگرتوو بۆ چەند ناوچەی نفوز؟

ئەمە ئەو باکگراوندەبوو کە لە پشت قسەکانی بارزانییەوە دەبینرا. گرنگیی ٢٠١١ تەنها لە کشانەوەی ئەمریکادا نەبوو، لەو ڕاستییەدا بوو کە دوای کشانەوەکە، لاوازیی دەوڵەتی عێراق بە تەواوی دەرخست. ٢٠٢٦ دەرفەتی دووەمە. بەڵام مێژوو کەمجار دەرفەتی سێیەم دەدات.

کاتێک مێژوو قسە دەکات
لە چاوپێکەوتنەکەدا بارزانی زۆر جار بۆ ڕابردوو دەگەڕایەوە، بەڵام قسەکانی بۆ ڕابردوو نەبون. نمونەی ساڵی ٢٠١١ی هێنایەوە بۆ ٢٠٢٦. داعشی هێنایەوە بۆ نیشاندانەوەی بۆشایی دەوڵەت. دەستوری هێنایەوە بۆ هاوبەشی. چەکی هێنایەوە بۆ سەروەری و مێژووی خۆی هێنایەوە بۆ هۆشداری لە مێژووی داهاتوو.

لەوانەیە لە هەندێک خوێندنەوەی بارزانی بتوانرێت ڕەخنە بگیرێت، لەوانەیە بەغداو نەیارانی سیاسیی ئەو، وەڵامی جیاوازیان هەبێت. ئەوە سروشتی سیاسەتە. بەڵام یەک شت بە ئاسانی ڕەت ناکرێتەوە، سەرکردەیەک کە نزیکەی تەواوی مێژووی نوێی عێراق لەبەر چاوی گۆڕاوە، ئێستا لە ساتێکی گۆڕانکاریی دیکەدا دەڵێت مەترسی لە پێشە. عاقڵانەیە دەسەڵاتدارو سیاسییەکان حساباتی ورد بۆ هۆشدارییەکانی بکەن. چونکە مێژوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرجار بە شێوەیەکی سەیر دووبارە دەبێتەوە. یەکەمجار سەرکردەکان هۆشداری دەدەن. دووەمجار سیاسییەکان مشتومڕی لەسەر دەکەن. سێیەمجار خەڵک نرخی دەدات. ئەمجارە عێراق هێشتا لە نێوان یەکەم و دووەمدایە. هێشتا دەرفەت هەیە سێیەم ڕونەدات.

مەسعود بارزانی سێ عێراقی بینیوە، بەڵام قسەکانی لە شەوی چاوپێکەوتنەکەدا لەسەر هیچ کامیان نەبوو. هۆشدارییەکەی لەسەر عێراقی چوارەم بوو. ئەو عێراقەی کە دوای دوا سەربازیی ئەمریکا، چیتر کەسی دیکە نییە شکستی خۆی بخاتە ئەستۆی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP