دواین هەواڵ

بۆ وامان لێهات؟

‌سەردەشت حەمەساڵح

16/01/2024

ئەمەی دەیڵێم پەرچەکردار نییە، ئاسایشە وا وەربگیرێت، هەتاکەی بڵێین ئێمە مەترسی نین بۆ سەر وڵاتانی بەناو دراوسێ؟!! ئەمە هیچ سودی پێ نەگەیاندین، تەنها کوشتن و لەناوبردنمان زیاتر دەکات و لەلایەن هەندێ وڵاتیشەوە هێرشەکان مەحروم دەکرێن!

نەخێر دەبێ ئێمە مەترسی بین.. بمانەوێ یان نا ئێمە لەقۆناغی لەناوچونداین لەژێر پیلان و بەرنامەی دژمنانی کورددا، بۆیە پێویستمان بەروبەڕو بونەوەیە، ناکرێ هەر هوتافی بێوەیی و برایەتی بڵێینەوە، با نمونەیەک بهێنمەوە، کاتێ نەخۆشی یان ڤایرۆسێک دێت خۆ ناکرێ تەنها بڵێین خۆپارێزی و خۆمان بپارێزین، دەی هەر توش دەبین درەنگ و زوو کەوتوە، بۆیە لەپاڵ خۆپارێزیدا دەبێ ئەنتی ڤایرۆسەکە بدۆزینەوە، ئەگەر چارەسەری "کۆرۆنا" نەدۆزرایەتەوە ئێستا دنیا تیاچوبوو. مەنزوڕم وایە ناکرێ کورد هەر لە خۆپارێزیدا بێت. هەڵبەت ئەمەی دەیڵێم مەبەستم پشتیوانی نییە لە توندوتیژی، بەڵکو قەزیەیەکی نەتەوەییەو رێگای نەتەوەپارێزییە.

هەرچی بکەین و هەرچۆن بکەین ئێمە لای دژمنانمان تورک و فارس و عەرەب بچوکین جا ئەگەر جاشیش بین!!، بۆیە دەبێ چیتر خۆمان بەبچوک نەزانین و دەبێ بەگەڕێینەوە بۆ "مریشکە رەشە".
دەوترێ ماڵێک هەبوون خاوەنی چەند کوڕی بەهێز بوون و گوزەرانیشیان زۆر باش بوە، بەشێوەیەکی دیار لە ناوچەکەیاندا باڵادەست و بەهێز بوون و کەس نەیوێراوە خۆی لەقەرەیان بدات.
رۆژێک لە باخچەکەیاندا مریشکێکی رەشیان هەبوو کە لەناو پەلەوەرەکانیاندا زیاتر خۆشیانویستوە، مریشکەکە دەدزرێت. ماڵەکە پێیانناخۆش بوو، بەڵام گوێیان پێ نەدا کەبەنیسبەت ئەوانەوە بایەخێکی وەهای نەبوو.

دوای ماوەیەک گوێرەکەیەکیشیان لێ دزرا، دیسان گوێیان پێ نەدا. بەدوای ئەویشدا سەگی پاسەوانی باخەکەیان دزرا.. بەمجۆرە بەردەوام بوو تا کار گەیشتە ئەوەی دەستدرێژی ناموس کرایە سەر کچێکی ماڵەکە!

باوکیان هەمویانی کۆکردەوەو پێی وتن بۆ وامان لێهات؟ لەکاتێکدا کەس ناوێرێ سەری ناوچەوانمان بکات، ئێمە دەبێ بۆ کێشەکە بگەڕێین و هەڵەکە دەستنیشان بکەین.
گەڕان و بەکێشەکاندا چونەوە گەیشتن بەوەی کە یەکەم روداو بردنی مریشەکە رەشەکە بوە، بۆیە بڕیاریاندا دزی مریشکەکە بدۆزنەوە، دوای سۆراغکردن کەسەکەیان دۆزیەوە کە مریشکەکەیانی دزی بوو، بۆیە لەبەرچاو خەڵکیدا کوشتیان و وتیان کەسێک ئەوەندە بوێربێ دزیمان لێ بکات ئەوە کۆتاییەکەیەتی. هەربۆیە زۆری پێ نەچوو گوێرەکەو سەگەکەشیان بۆ گەڕاندنەوەو بەمە هەیبەت و شکۆیان گەڕاندەوە.

بۆیە کوردیش دەبێ بەروداوەکاندا بچێتەوەو هەڵەکانی دەستنیشان بکات.
زۆنی ئەملا، ئێران و زۆنی ئەولا، تورکیایان کردوە بەدۆست!

هەردوو وڵاتیش بەئارەزوی خۆیان هەردولا دەکوتن.. هەرگیز تورک و فارس لەسەر چاوی کاڵی ئێمە (کورد) شەڕی یەکتر ناکەن، بەڵکو ئەو لاوازیی و ناتەباییەیان قۆستۆتەوە بۆ بچوککردنەوەو لەناو بردنمان.

لەسەر خواستی ئێران، شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵات چەککران و بارەگاکانیان نەهێڵرا. دوای روداوەکەی کرمانی ئێرانیش، سەرۆکی هەرێم چوە کونسوڵخانەی ئێران و هاوخەمی و سەرەخۆشی کوردی پێگەیاندن، ئەمەش وەڵامی ئێران بوو. دوای کارەساتی بومەلەرزەکەی تورکیا، هەرێمی کوردستان پیتاک و پشتیوانی گەیاندە لێقەوماوانی ئەو وڵاتە، تورکیاش لەپای ئەوە هەر خوێنمان دەڕژێ..
دەی هەرواش دەبێ، قابیلە تورک و فارس و عەرەب چیت بۆ بکەن لەکاتێکدا هەوڵ و خەونیان نەمانی کوردە.. چ خەیاڵخاویی و بێدەماغییە کەسانێک هەبن چاویان لە دژمنان بێت.
ئەوان، دژمنی ئێمەن.. بەردەوام پیلان و پلانیان تواندنەوەی کوردە، لەبەرامبەر ئەوەشدا ئێمەی خەیاڵخاو هەر هوتافی برایەتی و بێوەیی دەڵێینەوە! نەخێر لەبەرامبەر تواندنەوەمان تەنها خۆپارێزی کیفایەت نییە، بەڵکو دەبێ بۆ ئەنتی بگەڕێین و رێگای روبەڕوبونەوە بدۆزینەوە.

یانی هەتا چەند نەوەی تر ئێمە عەتفداری و برایەتی هەڵمانخەڵەتێنێ؟ تۆ چارت نییە کاتێک دەویسترێ بتکوژن، دەبێ روبەڕو بیتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP