دواین هەواڵ

پەیامی پشت شۆفڵەکانی بافڵ

‌عوسمان گوڵپی

14/02/2024

تەقاندنەوە و ڕووخاندنی قەڵاکەی کوێخاکە ئامانجی سەرەکی بافڵ تاڵەبانی نەبوە، بەلکو بافڵ لە ڕێگەی شۆفڵەکانیەوە دەیەوێت بە هەموو دیوارەکانی بەردەمی بڵێ دەتانڕوخێنم، دەیەوێ بڵێت تەماشاکەن بۆ ڕووخاندنی قەڵاکانتان چۆن هاوڵاتیان دلخۆشن و چەپڵەم بۆ لێدەدەن.

بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت بە پەلوپۆ نەکراوەکانی ناو یەکێتی بڵێت دەتوانن یەکێتیبن بێ باڵ و دەنوك، ئیستا یەکێتی بەم جۆرەیە، کێ یەکێتی بەم جۆرە قبوڵە سەرچاوم، کێش نایەوێ تەشریف بەرێ.

لەم رێگەیەوە پەیامێکی ئاراستەی هەندێک بەرپرسیتری نیگەران کرد کە لە دوای کۆنگرەوە دەیانەوێ لە پەنجەرەی فشاری هۆز و عەشرەتەوە حسابێکیان بۆ بکرێت، بەڵام پێی وتن بەوریاییەوە مامەڵە بکەن چونکە قەڵاکانتان ئەڕوخێنم و ڤێلاکانتان دەتەقێنمەوە.

بۆیە بافڵ تاڵەبانی زۆر ئاسان دەیتوانی بە هێزێکی کەمتر ئەو کارە بکات و ماڵ و موڵکەکانیشی نەڕوخێنێت و نەیتەقێنێتەوە و بیکاتە بارەگایەکی سەربازی، بەڵام خودی ڕووخاندنەکە ئامانج و پەیامەکە بوو بۆ ڕای گشتی و نێو یەکێتیش، دەیەوێت بەر لە هەڵبژاردن هەندێک دیوار بڕوخێنێ کە ڕەنگە بەهێز نەبن بەڵام سەر ئێشەبن بۆ داهاتوو

بۆیە قۆناغی بافڵ تاڵەبانی لە هیچ قۆناغێکیتری یەکێتی ناچێ و پێیوایە لە ڕێگەی شۆفڵەوە پەیامەکانی باشتر دەگەن و خەلکیش پێشوازی لەم کارانە دەکەن

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP