دواین هەواڵ

ێشنیارێک...

‌لوقمان حەوێز

پێش 1 هەفتە

زۆر گرنگە و زۆر بە پێویستی دەزانم پلانێکی تۆکمە دابنرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا شانەدەر بەفەرمی بکرێتە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنی "شوێنەواری - گەشتیاری" ناوچەیی و جیهانی، دوای تەواوبوونی کۆمەڵگەکەش بکرێتەوە بەڕووی گەشتیارانی هەموو دونیا، گرنگیشە وێنە و دیمەنی دەم و چاوی ژنە نیاندرتاڵ Shanidar.Z کە هەموو دونیا چەند ڕۆژێکە دەیبینێت و چەسپ بووە بکرێتە لۆگۆی فەرمی ئەو شوێنە و ئەو کۆمەڵگە شوێنەواریه.

جگە لە دانانی گەلاریا و مۆزەخانەی زانستی و مێژوویی تایبەت بە مرۆڤە نیاندرتاڵەکان لەو کۆمەڵگەیە دەکرێت هەر لەوێشەوە مێژووی چەند هەزار ساڵەی کوردستان و ناوچەکە و خەڵکی ئەو ناوچەیەش بەچەندەها شێوە و ڕێگە نمایش بکرێت، دڵنیام گەشتیارێکی زۆر لە ناوچەکە و سەرانسەری دونیاوە سەردانی ئەو کۆمەڵگەیە دەکەن.

ئەمەش جگە لەسودی ئابوری گەورە بۆ ناوچەکەمان لەڕووی جیۆپۆلیتیکیشەوە قازانجی ستراتیژی گەورە و درێژخایەنی دەبێت بۆ هەموو کورد وەکو نەتەوەیەکی کۆن و ئەسیڵی میزۆپۆتامیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆر باشتر کورد دەناسێنێت بە هەموو جیهان.

جگە لە خودی دۆزینەوەکە کە زۆر گرنگە لە ڕووی مێژوویی و زانستی بۆ هەموو مرۆڤایەتی و جیهان، زۆر جێگەی دڵخۆشیشە کە لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوەوە هەرچی دامەزراوەی زانستی جیهانی ڕەسەن هەیە لەگەڵ هەموو کەناڵە میدیاییە گەورەکانی دونیا باسی وردەکاری زانستی و مێژوویی ئەم دۆزینەوەیە مێژووییە و زانستیە نوێیە دەکەن، هەمووشیان جگە لە وردەکاریەکان ئاماژەیان بە کوردستان کردوە کە شوێنی دۆزینەوەکەیە و وەکو ناوچەیەکی جوگرافی و مێژوویی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوزەدیان کردوە کە ئەو شوێنە لە زۆر کۆنەوە شوێنی ژیان و پەرەسەندنی مرۆڤ بووە، زۆر پێویستە ئێمەی کورد و حکومەتیش لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیه ئەو هەلە بقۆزینەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP