دواین هەواڵ

موشەکەکانی ئێران هەڵگری چ پەیامێکن و بۆ کێن؟

‌عوسمان گوڵپی

17/01/2024

ئێران لە ڕیگەی هێرشە موشەکیەکانەوە پەیامی سەرەکی ئاراستەی هاوپەیمانان و وڵاتانی نەیاری لە ناوچەکە کرد، چونکە رێگەی ناردنی پەیام بۆ حکومەتی هەرێم لە پشکی(پارتی) پێویستی بە موشەکی بالیستی نیە، بەڵکو دەیەوێت بە ئەمریکا و نەیارەکانی بڵێت ئەمنیەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەستی مندایە، گەر دەتانەوێ بەرژەوەندیەکانتان و دۆستەکانتان پارێزراوبن دەبێت لەدەرگای من بدەن، ئەرکی جوڵەی هێزەکانی بەرەی مقاوەمە لە لوبنانەوە تا سوریە و حوسیەکان و دەریای سور و عێراقیش هەرئەمەیە، تا ئەمریکاو دۆستەکانی ناچار بکەن لەدەرگای ئێران بدەن، شکستی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی عەرەب ئیسرائیلیش هەر ئەمەبوو.

ئەم هێرشانە بە ئامانجی هەڵگیرسانی ئاڵۆزی زیاتر نین، چونکە ئێران نایەوێت بچێتە جەنگەوە و هەموو ئامانجیشی ئەوەیە شکۆی خۆی لە ناوچەکە بهێڵێتەوە بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ببێتە تەرەفێك لە شەڕ، ئەگەرنا شوێنی زۆر گرنگ و ستراتیژی هەیە ئێران دەستی پێیان بگات و بتوانێ بیانکاتە ئامانج بەڵام نایانکات، چونکە دەزانێت بە ئامانج گرتنی ئەو شوێنانە بێ وەڵام نابن و ئێران بەلکێشی ئاڵۆزی زیاتر ئەکەن کە خواستی نیە، تاران باش دەزانێت ئەو شوێنانەی بە ئامانجی گرتون تەنها کەرەستەیەکن بۆ گەورە نیشاندانی قەبارەی هێرشەکە و گەشتنی پەیامەکە و هیچ لایەك کاردانەوەی کرداری نابێت لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، بۆیە بە ئاسانی خۆی دەکاتە خاوەنی هێرشەکە، بەمەش بە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی و دنیای دەرەوە نیشان دەدات کە هێرشکردنە سەر خۆی و دۆستەکانی لە ناوچەکە بێ وەڵام نین و ئێمەش دۆستەکانیان بە ئامانج دەگرین

یەکێك لە پەیامەکانیتری ئێران ئەوەیە کە بە هێزەکانی هاوپەیمانان بڵێت بۆ پاراستن و ئارامی خۆتان و هێزەکانتان لە عێراق چاوتان لەسەر هەولێر نەبێت وەک پەناگەی ئارام، چونکە هەولێر بەشێکە لەو خاکەی کە دەسەڵاتی تەواومان بەسەریدا هەیە و وەك ناوچەکانیتری عێراق لە چوار چێوەی خاکی بەرەی مقاوەمەدایە.

لە لایەکیترەوە موشەکەکان هاوپێچن بە تۆڵەکردنەوە لە هاوپەیمانی(سەدر و حەلبوسی و پارتی) کە لەدوای کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەک بەرەی دژایەتی سیاسەتەکانی تاران ناوهێنراو بونە سەرئێشە بۆ پلانەکانی سیاسەتی تاران لە عێراق و هۆکاری پەرتکردنی ماڵی شیعی

لێکەوتەی ئەمەش بێدەنگکردن و کەنارخستنی تەیاری سەدری بوو لە هاوکیشەکان و تەشکیلەی حکومەت و دەرکردنی حەلبوسی بوو لە سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام حەلبوسی هەرزوو لەمە تێگەشت و سەردانێکی دوو ڕۆژەی بۆ ئێرانی کردو ئاڵای سپی هەڵکرد، ئەنجامی ئەم تەسلیمبونەی حەلبوسی ئەوەبوو کە حیزبەکەی لە بڕیاری هەڵوەشانەوە پاراست لە داداگای فیدراڵی! و مەلەفیتری بەرامبەر ناجوڵێنرێت تا بەدەردی تارق هاشمی نەبرێت کە هیچ کات وەک تارق هاشمی پێگەی بەهێز نیە لە ناو سوننەکان بەڵام بەبڕیارێك کۆتایی بە وێستگەی سیاسی هێنراو و بۆ دەرەوەی وڵات هەڵهات، بەم پلانانەش هیچ هێزێکی سوننەی کاریگەر لە عێراقدا نیە لەدەرەوەی سیاسەتی هێزە شیعیەکاندا بێت

هەر بۆیە هێڕشەکانی ئەم دواییە و ئەوانەی پێشتریش بۆسەر هەولێر سوچێکی ئەو پەیامی تۆڵەکردنەوەیەیان تێدایە، چونکە بەغداد بە ئەندازەی تاران بۆ ئێران گرنگە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە، هەر بۆیە ئێران دەیەوێت پێشوەختە جادەی دۆستەکانی تەخت بکات بۆ دوای هەڵبژاردن، تا ڕووبەڕووی ئەو گرفتانە نەبێتەوە کە پێشتر عیراقیان گەیاندە لێواری پێکدادان بەتایبەت لە نیوماڵی شیعە، بە نەیارەکانی داهاتوشی دەڵێت وەستانەوەو بونە کۆسپ لەبەردەم سیاسەتەکانی مندا باجی هەیە، تا بۆ جارێکتر کەس جورئەتی دروستکردنی هاوپەیمانی نەبێ لە بەرامبەر دۆستە هاوپەیمانەکانیدا کە جێبەجێکاری سیاسەتی تارانن لە عێراق

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP