دواین هەواڵ

حیزبی سەرەپارچە و سەرۆکی لاکوت

‌عوسمان گوڵپی

12/05/2023

هێزی سیاسی بە ئامانجی بەشداری سیاسی لە پێناو چاکەی گشتیدا دروست دەبێت یان دادەمەزرێت و هەموو هەوڵێک دەدات تالانیکەم ڕۆڵ و کاریگەری خۆی لە جوگرافیای دروستبونیدا بسەلمێنێت، بەڵام کاتێك هێزێکی سیاسی هیچ کاریگەریەکی نامێنێت بۆچی هەوڵی مانەوە و هەڵنەوەشانەوە دەدات؟ بۆچی سەرۆکەکەی بەردەوامی بە هەنگاوێکی شکستخواردوو دەدات؟ ئامانجی لە ناونیشانی حیزبی چیە، لە کاتێکدا نەلە دەوروبەر و نە لە نێو خەڵکدا شتێك نیە بەناوی ئەوەوە، کەچی هەمیشە وەك عاشقێکی مانەوەی ناونیشانی حیزبی دە مێنێتەوە بەبێ ئەوەی گوێ بەوە بدات کە جگەلە دانیشتن لەسەر سفرەی خەلکیتر وەك حیزبی سەرەپارچە لە کۆبونەوەیەکی لاوەکیدا! لەهیچ جێگایەکیتر وجودی نیە.

لە ڕاستیدا حیزب کە خاوەنی بیرێکی تایبەت نەبوو و هیچ بەرنامە و پرەنسیپێکی نەبوو، ئیدی دەبێتە تۆپ و هەر ڕۆژەی ژمارەیەك منداڵ لە لاکۆڵانێکدا یاری پێدەکەن، نەخۆی حساب بۆ قسەکانی خۆی دەکات و نەخەڵکیش، ئەمڕۆ لەدەرگای ئەو حیزبەدا کەوتووە کە دوێنێ دژی بوو، بەیانی لەسەر سفرەی ئەو بەرپرسە دادەنیشێ کە ئەمرۆ قسەی پێدەڵێت و چێشتی کێ دوو ئێسقان زیاتری تێدابێ لەوێ دادەنیشێ.

ئەم جۆرە حیزبە لە راستیدا بەشداری هەڵبژاردن ناکات چونکە ناتوانێت بەڵام جموجوڵی بەر لە هەڵبژاردنی ڕێك لەو تانجیە دەچێت بە ئامانجی گرتنی کەروێشكێك کلکی دەلەقێنێت، وەك ئەو قوماشەی خەیات پێی دەڵێت سەرەپارچە، چونکە هیچ بەرگێکی لێ دروست نابێت و لە سوچێکا فڕیی دەدەن کەی ئیشیان پێبوو بەکاری دەهێنن بەبێ ئەوەی نرخی لەسەر دابنرێت.
ئامانجی مانەوەی حیزبی سەرە پارچە و سەرۆکی لاکوت

کەسی یەکەمی حیزب باش دەزانێت کە ئەوەی ئەم هەیەتی حیزب نیە، بەڵکو ئامانجیتری هەیە لە مانەوە، بەڵام ئەم ئامانجانە نەبەدەوروبەر دەڵێت و نە دەیانوسێتەوە، چونکە ئەو ئامانجانە لە بنەمادا بێزراوی ڕای زۆرینەن و تەنها پەسەندی ژمارەیەك کەمی خەڵكن، هەر بۆیە بۆ داپۆشینی ئەم دوو ئامانجە سەرەکیەی کە باسیان دەکەین هەزاران قسەی گەورەی باقوبریقدار ڕیز دەکات و هیچ باکیشی بەوە نیە قسەکانی تا چەند لەگەڵ کرداریدا تەریب یان پێچەوانەن.

ئامانجی یەکەم/ کەسی یەکەمی حیزب بەدوای بژێوی باشتر و گەندەخۆری زیاتردایە، ئەمەش بەهۆی حیزب و ناوەکەیەوە باشتر دەست دەکەوێت و پێویست بەوە ناکات بەدوایدا ڕابکات، هەر بۆیە ئامانجی سەرەکی لای ئەم جۆرە کەسانە دەبێتە مانگانە چەند هەزار دۆلارێك و بەس، بۆ ئەمەش هەندێك جار پێویست دەکات بڕێکی کەمی بداتە ئەوانەی کورسیەکەیان بۆ گرتوە، ئیدی هیچ شتێك نامێنێ بەناوی سیاسەت و حیزبایەتی و موشارەکەی سیاسی چونکە جەنابی سەرۆك لاکوتی دەوێت و هەر ئەوەندەش بەسە

ئامانجی دووەم/ کۆکردنەوەی زانیاری و فرۆشتنەوەی، ئەم ئامانجە بۆ شەیتانەکانی سیاسەت و ئەوانەی کە هیچ مەبدەئوپرەنسیپێکی سیاسی و نیشتمانیان نیە گرنگترین ئامانجە، کە دەست لەگەڵ دەزگایەکی ئەمنی یان هەواڵگری تێکەڵ دەکەن لە بەرامبەر دەستکەوتی مادیدا حیزبەکەیان دەکەنە ئامرازێکی کۆکردنەوەی زانیاری و پاشان دەیانفرۆشنەوە بەبێ ئەوەی گوێ بەوە بدەن ئەم کارە نەلەگەڵ دین دێتەوە و نەلەگەڵ نیشتیمان و نەلەگەڵ ئەخلاقی سیاسیدا، چونکە ئەو باش دەزانێت ناونیشانی حیزبی گرنگە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە ڕاوی ژمارەیەك گەنج و خەڵکی ساویلکە بکات و بەکاریان بهێنێت، وە لە ئەگەری دروستبونی گرفتدا بۆی دیوە حیزبیەکەی نیشانی ڕای گشتی دەدات و تەواوی گرفتەکان بە حیزبەکەیدا هەڵدەواسێ و حیزبەکەی ناونیشانەکەی وەك پەردەیەك بەکار دەهێنێت بۆ داپۆشینی تەواوی هەنگاوەکانیتری کە هەندێکیان بەپێی یاسا قەدەغەن و کارکردنە بۆ وڵاتكیتر و هەندێکیتریشیان گەندە خۆرین.

هەر بۆیە ئەو کەسەی کە شکستدەخوات و هیچ پێگەیەکی نامێنێ لە رووی سیاسی و جەماوەریەوە و ئامادە نیە حیزبەکەی هەڵوەشێنێتەوە و دەستبەرداری ناونێشانە حیزبیەکەی ببێت، نە خەڵەفاوە و نە شێت بوە و نە ئینکار، بەڵکو ئەو زۆر باش کار لەسەر ئەو دوو ئامانجەی سەرەوە دەکات و بەسەرنجدانێکی کورت بۆت ڕوون دەبێتەوە ئەم سەرەپارچەیی و لاکوتیە چ سودێکی بۆ خۆی و مناڵەکانی هەبووە.

تێبینی/لە راستیدا لێکەوتەی سلبی ئەم جۆرە حیزب و سیاسیانە لەسەر کۆمەڵگە و ژینگەی حیزبی زۆر خراپە و دەکرێت بە ژێرپەنجەی کاری حیزبی ناوبهێنرێن و بۆ بابەتێکیتر



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP