هەرێم نیوز
رێکخراوی هەنگاو رایگەیاند، لە سنووری هەنگەژاڵی بانە پێکدادانێکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی پاسەوانی سنوور و گرووپێکی نەناسراو روویدا و لە ئاکامدا یەکێک لە هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا و دوانی دیکەش بریندار بوون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە،و کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی 5ی 2024 (، لە سنووری هەنگەژاڵی بانە پێکدادانێکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزێکی نەناسراو هاتووەتە ئاراوە و لە ئاکامدا یەکێک لە هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ناوی (فەرزین دلیان) خەڵکی کرماشان کوژراوە و دوانی دیکەش بریندار بوون.
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە دوای ئەو پێکدادانە چەکدارییە چەندین ئەمبوڵانس بۆ شوێنی تێکهەڵچوونەکە بەڕێکراون.
تاوەکو ئەم ساتە ، هیچ حیزب یان لایەنێک بەرپرسیارێتیی ئەو تێکهەڵچوونەی بە ئەستۆ نەگرتووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی جێگیر لەو خاڵە سنوورییە ئازارێکی زۆری کۆڵبەرانیان داوە و دەیان کۆڵبەر لەو سنوورە لە مەودایەکی نزیک و بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە کوژراون.