دواین هەواڵ

سەرکەوتنى دیپلۆماسى هەرێمى کوردستان

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

پێش 1 هەفتە

لە ماوەى چەند ساڵى رابردوودا ، جۆرها پیلانگێرى و چەک و سیناریۆ وگەمارۆدان لە دژى هەرێمى کوردستان لە پێناو گۆشەگیرکردنى سیاسى و دیپلۆماسى و پەراوێزخستنى ئەنجامدرا ، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسى کوردستان ، توانى زۆر لێهاتووانە و ژیرانە وەک کاراکتەرێکى بەهێزو نادەوڵەتى چ لە سەر ئاستى هەرێمایەتیی و چ ئاستى نێودەوڵەتیی توانی ئاستەنگ وکۆسپەکان تێکبشێنێت و ئەوەش بەهۆى ڕژدبوونى سەرکردایەتى سیاسى هەرێمى کوردستان بوو کە بەهەوڵ و تێکۆشان و سیاسەت و دیپلۆماسى کارا وهێزى نەرم ، گشت پیلانگێڕییەکانى پووچەڵکردەوە و ڕێرەوى ئایندەى هەرێمى کوردستان بەرەو ئاسۆیەکى باشتر وپێشکەوتووتر ئاڕاستەکرد ، بەشێوەیەک ، کە ئەمڕۆ دەبینن کە رۆژانە سەرۆک و سەرکردە و وەزیرانى دەرەوە وچەندین شاندى گەورەى وڵاتانى ناوچەکە و دەرەوە بە شێوەی فەرمى سەردانى ناوچەیەکى جیاواز و بیرکردنەوە و دیپلۆماسییەتێکى سەرکەوتووتر لە عێراق دەکەن ، ئەمەش وایکردووە کە کوردستان توانیوێتى وەک ئەکتەرێکى نادەوڵەتى چ لە سەر ئاستى نێودەوڵەتیی و ناوچەییدا رۆڵ و سەنگ و پێگەى متمانەپێکراوەى خۆى هەبێت .

لەگەڵ ئەوەى هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى دەستوورى مافى ئەوەیە هەیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەشدارى بکات ، ئەوەش ئاماژەیە بەوەى کە ئەمڕۆ هەرێمى کوردستان بە نوێنەرایەتی هەموو کورد سیاسەت و دیپلۆماسى دەکات ، چونکە قەوارەیەکى ددانپێدانراوى نێودەوڵەتییە و بە پێى دەستوورى هەمیشەیی عێراق مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت ، هەر ئەوەشە وایکردووە کە خاوە سەنگ پێگەى خۆى بێت  و لەلایەن وڵاتانى زڵهێزى دونیا و بەتایبەت ئەمەریکاو فەرەنسا و بریتانیاو  ئەڵمانیا وچین ورووسیا خاوەن پێگەى خۆى بێت .

بانگهێشت وسەردانە فەرمییەکان لە سەر ئاستى ناوچەیی بۆ هەولێرى پایتەخت  وپێچەوانەکەشى ئەنقەرە و تاران و وڵاتانى عەرەبى و ئەرووپایی و ئەمەریکا دەرخەرى ئەو راستیانەن کە چۆن سەرکردایەتیی سیاسى کوردستان توانیوێتى سەرکەوتووانە مامەڵە لەگەڵ هاوکێشەکانى ناوچەکە و رووداو پێشهاتەکانى دەوروبەرى بکات و نەکەوێتە نێو ململانێ و شەڕى زڵهێزان و جەمسەربەندییەکانەوە ، بەڵکو بەرگرى لە مافەرەواکانى گەلەکەى و قەوارەکەى بکات ، بە شێوەیەک ئەمڕۆ ئەو جۆرە دیپلۆماسییە کارایەى کوردستان بووەتە جێگەى سەرنج و بایەخى کۆمەڵگەى نێودەڵەتیی و لەهەمانکاتیشدا سیماى جوانى حکوومرانى هەرێمى کوردستان و مامەڵەکردنى لەگەڵ دوونیایی دەرەوە و دراوسێ و ناوچەکە پیشان دەدات .

بە هەڵوەستەکردن لە سەر سیاسەت و دیپلۆماسییەتى هەرێمى کوردستان ، بۆمان روون دەبێتەوە کە ، رۆژ بە رۆژ پێشکەوتن و پەرەسەندى زیاتر و بەرچاوتر بەدى دەکرێت لە رووى پەیوەندییە سیاسى و دیپلۆماسى و ئابوورییەکانیشەوە ئەوە ئاماژەیە بە بەرژوەندى هاوبەش لە نێوان وڵاتانى ناوچەکە و جیهان ، بەشێوەیەک ڕابردوویی بەرەو داهاتوویەکى گەشەسەندووتر و پێشکەوتوو جێهێشتووە .

دواى بڕینى هەموو ئەو هەوراز و نشێوانە ، ئەمڕۆش باش لەو راستییە گەیشتوون کە پێگەى هەرێمى کوردستان چەند گرنگ و پڕبایەخە،بەتایبەتى کە گەلى کورد ،وەک نەتەوەیەکى ڕەسەن و گەورە دواى دەیان ساڵە تا ئێستا بەهۆى بەرژەندى زلهێزان وچاوچنۆکى داگیرکەرانەوە تا ئێستا خاوەن دەوڵەتیی سەربەخۆیی خۆى نییە ، بەڵام بینیمان کە دواى دەیان ساڵ کاتێک گەلى کورد راپەڕینى کرد و ئینجا خاوەن قەوارە و حکوومرانى خۆى ئینجا توانى سیماى جوانى خۆى وەک نەتەوەیەکى ئاشتیخواز و پێشکەوتنخواز پیشانى هەموو ناوچەکە و جیهاندا ، هەر ئەوەش بوو کە ئەمڕۆ شوناس و ناوبانگى هەرێمى کوردستان لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەوروپا و هەموو دونیاش ئەمرۆ خوازیارن سەردانى هەرێمى کوردستان بکەن و ئاستى پەیوەندییەکانیان پتەوتر وبەهێزتر بکەن.

هەر ئەو دیپلۆماسى و سیاسەتە سەرکەوتووانەیە کە ، هەرێمى کوردستان لە سەر ئاستى ناوچەکە گرنگى پێبدرێت ، چونکە هەم قەوارەیەکى دیموکراسیخواز و هەمیش دیپلۆماسیەت و سیاسەت وپەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتانى هاوپەیمان و زڵهێزان پتەوە ، سەردانى سەرکردەى وڵاتانى ناوچەکە و بە پێچەوانەوە بانگهێشتى هەرێمى کوردستان و وەک قەوارەیەکى نیوە سەربەخۆ  بۆ کۆڕبەند و کۆنفرانسەکان ئاماژەیە بە سەرکەوتوویی دیپلۆماسى کوردستان .هەر ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییە سەرکەوتووانەیە کە وایکردووە کە هەرێمى کوردستان بە جیهانى دەرەوە بناسڕێت و لە سەر ئاستێکى بەرزیش پێشوازى لە سەرکردایەتیی سیاسى هەرێمى کوردستان بکرێت لە لایەن سەرۆک و سەرکردەکانى وڵاتانى ناوچەکە و جیهانەوە و هەرێمى کوردستانیش وەک ناوچەیەکى گرنگ وستراتیژى حسیابى بۆ بکرێت ، چونکە پێگەى سیاسى و ئابوورى و جوگرافى و سەربازى کوردستان گرنگ و بایەخدان بەتایبەتى کە گەلى کورد وهێزى پێشمەرگەى کوردستان رۆڵى گرنگ لە فەراهەمکردنى ئاسایش و سەقامگیرى ناوچەکە لە هەڕەشە و مەترسییەکان دەبینن ئەمەش جێگەى ستایشى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بۆ هەرێمى کوردستان بەدواوە هاتووە ، هەروەها بوونى ئەزموونێکى دیموکراسى و فیدراڵیی وەک هەرێمى کوردستان لە نێو پرۆسەى سیاسى عێراقدا وایکردووە کە زیاتر گرنگى و بایەخ بە هەرێمى کوردستان بدرێت و پشتیوانى لێبکرێت ، هەموو ئەمانە ئاماژەن بە سەرکەوتنى دیپلۆماسى کوردستان لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP