دواین هەواڵ

گرنگی جـیـۆپـۆــەتـيكی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران

‌ نەبەز بازیانی

پێش 1 هەفتە

پاش چەند ساڵێک لە جۆرێک لە چەقبەستوی و ململانێکی هەرێمی،هەرێمی کوردستان دەستی کردەوە بە فۆرمێکی نوێ لە جوڵەی دبلۆماسی ،ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەچێتە تاران ،تارانێک کە ڕاستەوخۆ کاریگەری سیاسی و ئاسایش و ئابوری بەسەر نەک هەرێمی کوردستان،بەڵکو زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستەوە هەیە. ناکرێت باس لە فەراهەمکردنی دەستەبەری ئاسایش و ئابوری بکەین و پێگەی ئێران خوێندنەوەی بۆ نەکەین،چونکە بەشێوەیەکی ئاسان باسی لێوە بکەین ،ڕێڕەوی تونێلی بەغداد،دەرگاکەی لەتارانە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 11 ساڵدا ئەمە پێنجەمین سەردانیەتی بۆ ئێران،کە دواین جار لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢١ دابووە،لەماوەی ڕابردوودا جۆرێک لە هەنگاوی نوێمان بینی لە نێچیرڤان بارزانی لەبەغداد،هەربۆیە ئەم سەردانە دوای گفتوگۆی بەرفراوان دێت لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق، لەو ماوەیەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیدگای خۆی بۆ قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکان دا خستەڕوو.لەلایەکی دیکەوە کاتی ئەم سەردانە جێگەی سەرنجە. ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لەسەردانی سەرۆک کۆماری تورکیا دێت بۆ بەغدا و هەولێر لە مانگی ڕابردوودا کە ئەنجامی دا ،بۆیە بەستنەوەی تاران و ئەنقەرەو بەغداد لە یەککاتدا ،جۆرێکە لە بەرەوپێشچونی پەرەسەندنی داینامیکی دیمەنی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان.

سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکی گرنگ دایە،ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە گۆڕانکاری گەورەدا تێدەپەڕێت،هەرێمی کوردستان پێگەی جوگرافیەکەی وای کردووە،چاوی لەسەر بێت،هەندێک ئاڵۆزی سیاسیش لە ڕابردوو وایکردووە تاران گومان لە هەرێمی کوردستان دروست بکات،ئەمانە بوونە هۆی کردنەوەی دەرگا بەڕووی ململانێکردنی هەرێم و تاکارگەشتە موشەک بارانکردنی هەولێر . ئەمە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان سنوورێکی هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە کە بە درێژایی ٦٠٠ کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە. ئەم نزیکییە ئاسانکاری دەکات بۆ بازرگانی و جووڵە لە ڕێگەی پێنج دەروازەی سنووری فەرمی و چەند دەروازەیەکی نافەرمی.ئەمە جگە لە مێژووە دورودێژە هاوبەشییەی لە نێوان هەردوولا هەیە لە پەیوەندی کلتوری و نەتەوەی و هاوکاری،هەمیشە بناغەیەک بوون بۆ دروستکردنی پەیوەندی دولایەنە، بەڵام ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییەکان و جیاوازییە سیاسییەکان تەحەددیات دروست دەکەن کە پێویستیان بە شیکاری و گفتوگۆی ورد هەیە.

هەرێمی کوردستان لە ڕووی جوگرافیاوە کەوتۆتە نێوان عێراق و سوریاو تورکیاو ئێرانەوە،ئێمە هیچ دەرچەیەکی ئاویمان نیە کە کاریگەری لەسەر بڕیارە گەورەکان هەیە ،وەک ئەوەی لە ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ ڕوبەڕومان بووەوەو سنورەکانمان لێداخرا،بۆیە نەبوونی پەیوەندی باش لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ،کاریگەرییەکی بەرچاوی ناوچەیییان هەیە، هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە. بۆ ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگیە پێویستی بە ڕەچاوکردنی وردی بەرژەوەندییەکانی ئەم گەلە دراوسێیانە هەیە، بە تایبەت ئێران کە دەسەڵاتێکی بەرچاوی لە ناوچەکەدا هەیە. بۆیە تێگەیشتنی نێچیرڤان بارزانی لەم هێڵە ستراتیژییەو بەتایبەت ئەم سەردانەی دەبزیتە هۆی گۆڕانکاری و دروستبوونی پەیوەندی بنیاتنەر لەگەڵ ئێران نەک ڕووبەڕووبوونەوە،هەرچی ئێرانیشە لەم قۆناغە باش تێگەشتووە لە ناوچەکە دۆستێکی باشتر لە کورد بۆئەو بوونی نیە تا پەیوەندیەکانی لەگەڵ پتەوتربکات، بەتایبەت پەیوەندیەک دەبێتە هۆی زیاتر پاراستنی ئاسایشی سنوری و برەودان بە پەیوەندی ئابوری، لە کاتێکدا ڕێژە هەناردەی ئابوری ئێران بۆ عێراق و کوردستان بە ڕێژەی لە ١٣٪دابەزینی بە خۆیەوە بینی یەوە .

هەرچیەک بێت سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران کاریگەری و گۆڕانکاری گەورەی بەدوای خۆی دا دەهێنێت، بەتایبەت لە پەیوندیەکانی نێوان هەرێم و عێراق و پارتە سیاسیەکانی نێو هەرێمی کوردستان ،کە چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنێت، پێدەچێت بە زووی کاریگەری کاریگەریەکەی دەرکەوێت و بەشێکی زۆر لە چەقبەستوی سیاسی و تەمی سەر هەرێمی کوردستان بڕەوێتەوە کە ساڵانێکە لە ناوخۆو دەرەوە فشارێکن بۆسەر بەرەوپێشچونی هەرێمی کوردستان.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP