دواین هەواڵ

با چاو لە دژمن بکەین

‌سەردەشت حەمەساڵح

08/01/2024

دانایی ئەوەیە سود ببینی لە بەرامبەر، هەمیشە بێهێزەکان دەبێ چاو لە بەهێزەکان بکەن و فێربن، لاوازییەکانیان کەم بکەنەوە، ناکرێ هەر بەلاوازی بمێنیتەوە؛ بەتایبەت ئەمە بۆ کورد زۆر گرنگە، کاتێک هیچ پشت و پەنایەکی نییە، دەی خۆ دەبێ لانیکەم پشت بەخۆی ببەستێ.

هیچ نەنگییەکی تێدا نییە چاو لەبەهێزەکان بکەیت، تەنانەت گەر دژمنیشت بن. لێرە نمویەک دێنمەوە:

لە ساڵی حەفتاکان قاتی ئیتاڵی لەتورکیا زۆر بایەخی پێدەدراو خەڵکی دەیانکڕی، بەو هۆیە پارەیەکی زۆری تورکیا دەچوە دەرەوەی وڵاتەکە، بۆیە حکومەت شاندێکی وەزارەتی بازرگانی ناردە ئیتاڵیاو لەگەڵ خاوەن کارگەکان گفتوگۆیان کردو وتیان ئێمە دەمانەوێ رێککەوتنتان لەگەڵ بکەین، ناکرێ ئەم هەموو پارەیە لە وڵاتەکەمان بڕواتە دەرەوە، بۆیە کارئاسانیتان بۆ دەکەین و لقی کارگەکانتان بهێننە تورکیا، بۆ ئەوەی هەلی کار لەوڵاتەکەمان دروست ببێ و لەپاڵ سودی ئێوە ئێمەش سود ببینین. ئەگەر ئەوەمان بۆ نەکەن باج لەسەر کاڵاکانتان هێندە زیاد دەکەین کە چیتر هاوڵاتی تورکی نەتوانن قاتی ئیتاڵی بکڕن و ئێوەش نەتوانن هەناردەی تورکیای بکەن. بەناچاری بەداوای تورکیا رازی بوون. تورکیاش ئەو هەلەی قۆستەوەو خەیاتەکانی توانیان فێری سەنعاتەکە ببن، هەتا وای لێهات کارگەی تورکی دروست بوون، بەجۆرێک ئێستا تورکیا لەهەناردەکردنی جل و بەرگدا بۆ وڵات زۆر پێشکەوتوە، تەنانەت زۆرێک لە وڵاتان بوون بە پۆشاک و کاڵای تورکی!. حکومەت دەبێ پلانی هەبێت بۆ پێگەیاندنی کاری ناوخۆیی هەتا دەگات بە هەناردە کردن.

دەوترێ “بەرمیلێک نەوت بە 100 سەد دۆلارەو بەرمیلێک زەیتی زەیتوونیش بە 1000 هەزار دۆلارە”. کەوایە زەوییەکانی ووڵات دابەش بکەن بەسەر گەنجانی بێکارو هاندانیان بدەن بۆ چاندنی زەیتوون لە هەموو شوێنێک، لە باخچەو کێڵگەو چیاکان و چاندنی ملیۆنان لەو درەختە پیرۆزە، بەو شێوەیە سەردەکەون بەسەر بەرهەمی نەوتدا.

کەوابوو ئێمەی کورد، تاکەی وەک رەجەب چاوەڕێین هەنجیرەکە لە درەختەکە بکەوێتە خوارەوە هەتا بیخۆین! ئەدی بۆ خۆمان دەستی بۆ نەبەین.
هەزاران نمونە هەن و ئێمە فێر نابین، هەتا فێریش نەبین هەر ژێردەستەو چاوەڕێی خێرین. قسەیەک هەیە دەڵێ، “گەر تورکیاو ئێران دەرگای سنورەکانیان لەسەر هەرێم دابخەن هیچمان نابێ و دەشوترێ لەبرسان دەمرین”.

ئەم قسەیە لە بێ ئومێدییەوە سەرچاوەی گرتوە، هۆکارەکەشی تەمەڵی و بیرنەکردنەوەی خۆمانە. هەرێمی کوردستان ناکرێ بەمجۆرە تەنها پشت بە نەوت و باج ببەستێ، دەبێ بەرهەم هێن بێت، هەلیش زۆرەو خاکیشی بەپیتە، توانای مرۆیی ئێجگار گەورەشی تێدایە، داخەکەم هەمووی هەر چاوەڕێیە!. بەداخەوە ئێمەی کورد هەمیشە بوین بە سود بۆ دژمنان و نەمانتوانیوە کەڵک لە خۆمان وەرگرین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP