ئەوەی شارەزاییلە سیاسەتی توركیادا هەبێت، دەزانێت رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا فاتیح ئاڵتایلی كێیە، ئەو دیداری لەگەڵ بەشێكی زۆر لە سەركردەكانی جیهان كردووە، یەكێك لەوانەش، سەرۆك مەسعوود بارزانییە.
لە بەنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا، بەناوی (تەكە تێك)، كە مێژوونووسی بەناوبانگی توركیا ئیلبەر ئۆڕتایلی داوەت كردبوو، نزیكەی نیو سعات لەسەر بارزانییەكان قسەیان كرد.
ئۆڕتایلی، بارزانی بە كەسێكی زیرەك لە ناوچەكە وەسف كرد، باسی لەوەش كرد، كاتێك سەردانی ئیستانبۆڵی كردووە، لە مۆزەخانەكەیدا چاوی پێی كەوتووە.
كاتێك هاتنە سەر، دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، فاتیح ئاڵتایلی، باسی لە دیدارێكی خۆی و بارزانی كرد لە پیرمام.
گوتی: ”بارزانی بانگی كرد بۆ لای خۆی، ئەو لە پەنجەرەی ژوورەكەیدا دەیڕوانییە دەرەوە، لەوێ پێی گوتم، باوكی رەحمەتیم (مەبەستی مەلا موستەفا) بوو، وەسیەتی بۆ كردووم و گوتوویەتی، كوڕم ئاڵای دەوڵەتی كوردستانت پێدەدەم، دەبێت دەوڵەتی كوردستان لەدوای من دابمەزرێت“
ئاڵتایڵی و ئۆڕتایلی، هەردووكیان ماوەی نیو سەعات لەسەر بارزانییەكان قسەیان كرد، پێیانوابوو، بارزانی سیاسییەكی زیرەكە و دەزانێت لەگەڵ لایەنەكاندا چۆن جوڵەی سیاسی دەكات، نموونەشیان بەوە هێنایەوە، كە لەگەڵ ئەمریكا و توركیا و ئەورووپادا پەیوەندی زۆر باشە و هەموو پەیوەندییەكانیشی بۆ بەرژەوەندی نەتەوەكەی بەكارهێناوە.
ئاڵتایلی باسی لەوەش كرد، بە بارزانیم گوتووە، تۆ مەبەستت ئەوەیە دەوڵەتی كوردستان لە كوێ دروست بكەیت؟ ئایە مەبەستت كوردستانی گەورەیە؟
بارزانی پێی گوتووە، كوردستانی گەورە و بوون بەدەوڵەت زەحمەتیی زۆری دەوێت، ئەوەی مەبەستمە، دروستكردنی دەوڵەتی كوردییە لە باشووری كوردستان.
ئەگەر رۆژانە سەیری میدیای توركیا بكەیت، بەردەوام باس لە هەوڵی بارزانی دەكەن بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، بەتایبەت توركە نەژادپەرستەكان زندەقیان لە بارزانی چووە و بەمەترسی بۆ سەر خاكی توركیا وەسفی دەكەن.
بەڵام كۆكن لەسەر ئەوەی، بارزانی سیاسییەكی راستگۆیە، تەنانەت ئیلبەر ئۆڕتایلیش هەر هەمان بۆچوونی هەبوو و گوتی، بارزانی سیاسییەكی راستگۆیە.