دواین هەواڵ

سەرکەوتن هەزاران باوکی هەیە، بەڵام شکەست یەتیمە

‌ژێهات کاوە

03/08/2023

لە شەستەکانی سەدەی رابردوو، لەوکاتەی کەنەدی سەرۆکی ئەمریکابوو، هاوکات بوو لەگەڵ کێشەی مووشەکە بالیستیەکانی کۆبا و بەدواهاتنی داگیرکاری کەنداوی بەڕازەکان. کەنەدی کۆنگرەییەکی رۆژنامەیی بەپەلەی سازدا بۆ راگەیاندنی ئەوەی کە سۆڤیەت مووشەکی بالیستیی لە کۆبا جێگیرکردووە.

لە درێژایی کۆنگرەکەدا کە گووتارەکەی دەخوێنێتەوە، ئاماژە بەوەش دەدات کە لەو کاتەی وڵات لە بڕیار و چاکسازیەکاندا سەرکەوتوو دەبێت، زۆربەی سیناتۆر و سیاسەتمەدار و پارتەکانی تر خۆیان دەکەن بە هاوپشکی ئەم سەرکەوتنە و دەبنە خاوەنی شانازی بەڵام کاتێک شتەکان باش ناچن بەڕێوە و لە هەندێ پرسدا حکومەت کورتهێنان و شکەست دەهێنێت، ئەوانەی هاوبەشی سەرکەوتن و هاوبڕیارەکانی پێشتربوون هیچ یەکێکیان دیار نامێنێت و شکست بەتەنها بۆ من و وەزیرەکانم دەمێنێتەوە و دەڵێت
" سەرکەوتن هەزاران باوکی هەیە، بەڵام شکەست یەتیمە!

لە رۆژگاری ئێستاشدا هەمان سیناریۆ و رووداوەکان چەندبارە دەبنەوە بەڵام بە فۆڕم و شێوازی جیاجیای کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی. ئەگەر ئەم ئەزموونەی کە باسی دەکەین بۆ هەرێمی کوردستانی بگوێزینەوە، دەبینین حکومەت هەمان دۆخی حکومەتەکەی کەنەدییان هەیە.

سەرەتا ئەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت حکومەتی ئێستاش وەکو هەموو حکومەتەکانی پێشتر چەندین کەم و کورتی و ئالنگاریی بەخۆیەوە بینیوە و هێشتان پرسە نێوخۆییەکانی وەکو داهاتی ناوخۆ و دۆسیەکانی گەندەڵی شەفافیەتیان نییە و کێشەی مووچەش هەر بەردەوامە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکیش دەسکەوتی هەبووە. لێرەش لە ئەگەری سەرکەوتنی هەر دۆسیە و تێپەڕاندنی هەر ئالنگاریەک،هەر پارت و لایەن و کەسایەتیێکی حیزبی بەشە گەورەکەی سەرکەوتنەکا بۆ هەوڵ و ماندووبوونی خۆی دەزانێت و بانگەشە دەکات و بە پێچەوانەوەش، کاتێکیش پرسەکان وەکو ئەوەی چاوەڕوانیان لێدەکرێت ناڕوون بەڕێوە و شکست دەهێنن، ئەم پارت و لایەن و کەسایەتیانەش پەنجەی تاوانبارکردنیان ئاراستەی حکومەت و وەزیرەکانی دەکەن و خۆیان لە بازنەی شکەستەکان وندەکەن بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی کە هەر خۆشیان بەشێکن لە شکست و کەم و کورتیەکان.

ئەوەی لە ئێستادا گرنگبێت، لەسەر ئاستی ناوخۆ ئەوەیە کە حکومەت بتوانێت کێشە ناوخۆییەکان تا باشترین ئاست چارەسەر بکات و پارتەکانی دەسەڵاتیش چیتر لە هەموو دەرەنجامەکان هاوبەشن ئینجا ئەم ئەنجامانە ئەرێنی بن یان نەرێنی. وە لەسەر ئاستی دەرەکیش لەسەریان پێویستە بە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خەڵک لەگەڵ حکومەتی ناوەندی مامەڵە بکەن و کێشە و پرسگرێکە نێوخۆییەکان تێکەڵ بە پرسە چارەنووسسازە دەرەکیەکان نەکەن چونکە سەرکەوتنی حکومەت سەرکەوتنی هاونیشتمانیانە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP