لە ئێستادا نەک تەنها تورکیا، بەڵکو تەواوی وڵاتانی دونیا چاویان لە رۆژی یەکشەممەیە بۆ بەڕێوەچوون و یەکلایی بوونەوەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا. لەگەڵ هەبوونی کێشەی ئابووری قووڵ و سیاسەتێکی دوولایەنەی ئەردۆگان و کێشەی کەمایەتیەکان و سنوورەکان، تورکیا سبەی بە سەرکەوتنی نەیارانی ئەردۆگان( کە هەر شەش پارتەکەی ئوپۆزیسیۆن دەگرێتەوە و کەمال کلچدارئوغلۆ بەربژێری سەرەکیانە بۆ سەرۆکایەتی) ئەوا پێ دەنێتە سەردەمێکی نوێوە و خورێکی تازە لەم وڵاتە هەڵدێت کە کاریگەریەکەی هەر لە کێشە ناوخۆییەکان تا سیاسەتی دەرەوەش پەنگدەداتەوە. وە بە دووبارە سەرکەوتنەوەی ئەردۆگان، ئیمپراتۆریەتەکەی تا پێنج ساڵی تر درێژەی دەبێت و ستراتیژی سیاسەتەکەی زیاتر رەگەکانی دادەکووتێت بۆ نێو سنوورە نێوخۆیی و دەرەکیەکانیش.
یاساکانی هەڵبژاردنی تورکیا لە ٢٠٢٣:
- هەڵبژاردن لە تورکیا هەر پێنج ساڵ جارێک دەکرێت.
- هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەڕلەمان لەهەمان کاتدا دەکرێت.
- بۆ خۆبەربژێرکردن بۆ سەرکایەتی، پێویستە پارتی کاندیدەکە لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانیی پێشوودا زیاتر لە 5 % دەنگەکانی بەدەست هێنابێت، یان کاندیدەکە پێویستە ١٠٠ هەزار ئیمزای پشتگیری کۆکردبێتەوە.
- هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی رێژەی لە 50% زیاتری دەنگەکان بەدەست بهێنێت، راستەوخۆ وەکو سەرۆکی نوێی تورکیا دەناسرێت بەڵام ئەگەر هیچ یەک لە کاندیدەکان ئەم رێژەیان بەدەست نەهێنا، ئەوکاتە دوو کاندیدی خاوەن زۆرترین دەنگ دەچنەوە کێبڕکێی هەڵبژاردن لە خۆلی دووەمی کە لە ٢٨ی مانگ ئەنجامدەدێت( ئەگەر پێویست بوو).
- هەڵبژاردنی پەڕلەمان هاوکاتە لەگەڵ هەلبژاردنی سەرۆکایەتی، واتە دەنگدەر دەتوانێت کاندیدی سەرۆکایەتی و کاندید و پارتی خۆی بۆ پەڕلەمان دیاریبکات.
- ژمارەی کورسیەکانی پەڕلەمانی ٦٠٠ کورسی ڕاستەوخۆن.
- پارتە بەژداربووەکان پێویستە رێژەی لە 7%ی دەنگەکان بەدەست بهێنن تاکو بتوانن رێژەی باراژ تێبپەرێنن و بەژداری پەڕلەمان بکەن.
- لە ئێستادا 64 ملیۆن کەس لە تورکیا(لە دەرەوە+ ناوەوە) مافی دەنگانیان هەیە.
شایەنی باسە پارتی کوردیی (HDP) لەبەر هەبوونی دۆسیە داخرانی لە دادگا لەژێر ناوی پارتی سەوزی چەپ بەژداری لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمان دەکات و هیچ بەربژێرکی نییە بۆ سەرۆکایەتی بەڵکو دەنگدەرانی پارتەکە بۆ سەرۆکایەتی کاندیدەکەیان کەمال کلچدارئوغلۆی پارتی جمهوری تورکیایە (CHP).
لە ئێستاداش وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا لەو باوەڕەدان بە نەمانی ئەردۆگان، پەیوەندیەکان لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکرێنەوە بەتایبەتی رزگاربوون لە ستراتیژی دوو لایەنەی ئەردۆگان کە خۆیان ئەندامی ناتۆن و هاوکات دۆستێکی ئابووری و سیاسیشن لەگەڵ رووسیا. هەرچی رووسیا و پۆتینن، لەبەرژەوەندی ئەوانە ئەگەر ئەردۆگان براوەی هەڵبژاردنەکان بێت و دوور نییە هەوڵی بۆ بدرێت! هەروەکو ئەو ڕۆلەی رووسیا هەیبوو لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتری ئەمریکا بۆ سەرکەوتنی تڕامپ.
جێگەی باسکردنە کە هەرێمی کوردستان و عێراقیش وەکو دوو هاوسنووری تورکیا،چاویان لەسەر ئەنجامی سندوقەکانی هەڵبژاردنە.ئەمەش بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هەموو پێشهاتەکان کە ئەگەر کلچدارئوغلۆ و ئوپۆزیسیۆن سەرکەوتووبن، ستراتیژ و سیاسەتێکی نوێ لەگەڵ تورکیا بەرجەستە بکەن یاخود بە سەرکەوتنەوەی ئەردۆگان، درێژە بە پەیوەندیەکانی پێشوو بدرێت.